هه‌واڵ

وەزارەتی پەروەردە: قبوڵ ناکەین

زێدپرێس

 

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاریی یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەگرنەبەر، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سوکایەتی و هەڕەشە لەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانە دەکەن، کە دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ماوەیەکە، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، هەڕەشە لەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانە دەکرێت، کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە دەوام کردووە.

وەزارەتەکە، هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی دەکات، لە دژی هەڕەشەکاران یان ئەوانەی تۆمەت و سوکایەتی بەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانە دەکەن، کە دەستیان بە دەوامکردن لە ناوەندەکانی خوێندن کردووەتەوە و دەشڵێ، ئەگەر دەرکەوت ئەوانەی هەڕەشە دەکەن، پلەی مامۆستایان هەیە، پلەکانیان لێوەردەگیرنەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

 

ماوەیەکە چەندین (ئەکاونت) و (پەیج) و (گرووپ) لە سۆشیال میدیا، کەوتوونەتە بێڕێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردۆتەوە، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانی لەو هەڕەشە و تەشهیرکردن و بێڕێزیکردنە ئاگادارکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، کە سکاڵای یاساییمان هەیە وەک وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە، چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت.

پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گرووپانە پلەی مامۆستایەتیان  هەبوو، ئەو پلەیەیان بە بڕیارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە. ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەش دڵنیا دەکەینەوە، وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران ڕووبەڕووی دادگاکان دەکرێنەوە، وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی ١٢ ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو.

هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات تووشی هەڕەشە و بێڕێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا،  دەتوانێت سکاڵا و دۆکیۆمێنتەکان بنێرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی و وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.

 

لە ڕێگای ناردنی نامەی فایبەر و وەتس ئەپی ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی:

07505103232

07505106262

سامان سیوەیلی

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە

١٤ی ١٠ی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...