هه‌واڵ

هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە مامۆستایانی سلێمانی دەکات دەست بە دەوام بکەنەوە

زێدپرێس

 

پارێزگاری سلێمانی داوا لە مامۆستایانی سنورەکە دەکات، دەست بە دەوامکردن بکەنەوە و بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە پەیامێکدا، داوا لە مامۆستایان دەکات، دەست بە دەوام بکەنەوە و “هۆڵەکانی خوێندن گەرم بکەنەوە”. ئەو، باس لەوە دەکات، کە نابێت پڕۆسەی خوێندن و گرفتەکانی مامۆستایان، تێکەڵ بە دۆسیەی هەڵبژاردنەکان و ململانێی سیاسی بکرێت.

پارێزگاری سلێمانی، بەتوندی ڕەخنەیش لە خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەگرێت و دەڵێ، خەرجنەکردنی مووچە و مافە داراییەکانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواوکردنی پڕۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە.

 

دەقی پەیامەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی:

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێزان مامۆستایانی خۆشەویست

هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەموو سات و کات و سەردەم و قۆناغێکی ژیانی هەر یەکەمان و میللەتەکەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفا و ئەمەکداریی هەموومانە.

 

مافی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مووچەخۆرانی تریش؛ مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەریەکەمانە و، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپئیدارەدانی وڵات و دارایی و زامننەکردنی یاساییانە و ئاساییانەی مووچە و بودجە؛ لە هەردوو حکوومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناکرێت.

 

پشتیوانەکانتان لە هەموو فەرمانگا خزمەتگوزاریی و ئارامیی و کارگێڕیی و یاساییەکاندا؛ لە پێناوی چاکەی گشتیی و پاراستنی تەندروستیی و ئاسایش و ئارامیی و ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و شارەوانیی و …تاددا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت؛ بەردەوامن.

 

سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار؛ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆکاندا؛ چاویان لە دەستپێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، مووچە و ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، ئەوەی قەرەبوو ناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبکات.

 

کاری ئێوەی بەڕێز و پیرۆز؛ کارێکی پەیامدارانەی پێغەمبەرانەیە، بەهادارتر و بەرپرسانەترە لە هەر شتێک و هەر دۆخێک، چۆن هەموومان داوا لە حکوومەتی ئیتحادیی دەکەین کە مووچە و بودجە تيکەڵی دۆسییە و ململانێ سیاسییەکان نەکات، بە هەمان شێوەش داواکارم کە ڕێگا نەدەن داوا و مافی ڕەوای مامۆستایان و مووچەخۆران تێکەڵ بە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرژەوەندیی تایبەتیی هیچ حزبێک و هیچ کەسێک؛ بکرێت.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣وە مووچە لە عێراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە دە ملیۆن کەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتوون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیامداریی پێش هەر دەستکەوتێکی ترە.

 

بەهەوڵی زانایانە و جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردە و فێرکردن و کەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەموو عێراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق وتی: مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت.

 

بۆیە بە ناوی هەموو خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوە و پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە، تەنیا لە پێناوی نەوەکانمانداو هیچی تر.

 

داوا لە حکوومەتی ئیتحادیی دەکەم کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و مووچە و بودجەی هاووڵاتییان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، بەردەوام بوونی حکوومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەکردنی مووچە و مافە داراییەکانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواوکردنی پڕۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە، کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە.

 

داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرانبەر هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتیی و بەرانبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و مووچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات.

 

داوا لە مامۆستایانی خۆشەویست دەکەم بەبەردەوامبوون لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و مافی هەمووان، بە بڕیار و ئیرادەی کەسیی خۆیان؛ پڕۆسەی خوێندن؛ ببوژێننەوە.

 

گۆرانی مەزن، دەڵێت:

((ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان

یەک سوڵتانیان پێ ئەگەیان،

ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد

دانیشێ و بە ڕاوێژی ورد

ڕێگای پێگەیاندن دانێ،

بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ! )).

 

ئەحمەدی خانی مەزنیش دەردەکانی کورد، بە:

(نەخوێندەواریی، هەژاریی، دووبەرەکیی)، باس دەکات، سەرچاوەی هەمووشیان بۆ نەخوێندەواریی دەگەڕێنێتەوە.

 

نا بۆ نەخوێندەواریی، نا بۆ ڕاگرتنی خوێندن..

 

دڵسۆزتان

هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری خزمەتکاری سلێمانی

١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...