هه‌واڵ

وەستا ڕەسوڵ هەندێک نهێنی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات

زێدپرێس

 

وەستا ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی پێشووی هێزەکانی میحوەری چواری کەرکووکی هێزی پێشمەرگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند زانیاری و نهێنییەکی پێوەست بە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وەستا ڕەسوڵ، لە مەراسیمی تایبەت بە یادکردنەوەی شەهیدانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، بڕیاری بەرەنگاربوونەوە و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە ئاستێکی باڵای سیاسی درا و بڕیاری فەرماندەکانی پێشمەرگە نەبووە.

ئاشکرای کرد، پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بیریان کردووەتەوە، ئەگەر شەڕ بکرێت، پێشتر هێزی پێشمەرگە تازەخورماتوو بگرێت، “پلانیشمان بۆ داڕشت و گوتیان نەخێر، نابێت تەقەی یەکەم لە ئێمەوە بێت، بەڵکوو دەبێت تەقەی یەکەم لە دوژمنەوە بێت”.

ئەو دەڵێ “کاتێکیش تەقەی یەکەم لە دوژمنەوە کرا، شەڕێکی قورس ڕوویدا، مەگەر پێشمەرگەکان هەر خۆیان وەسفی بکەن چ ئاگرێکیان لەسەر بوو”.

وەستا ڕەسوڵ ئاماژەی دا، ، لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی ئەوکاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کورستان، زۆر بە ڕاشکاوی ئەو ڕاستییەیان بە سەرکردایەتی کورد گوتووە، کە پێشمەرگە بەرگەی شەڕەکە ناگرێت.

زیاتر دەڵێ “لە کۆبوونەوەکەدا من قسەم کرد و گوتم بەشی نیو سەعات تەقەمەنییمان هەیە و لە شەڕ دوورمان بخەنەوە، لە شەڕی عێراق لامانبدەن، ئەم هێزەی عێراق چەک و تەقەمەنی زۆری پێیە، تازە لە شەڕی داعش سەرکەوتوو بووە، هێزەکەی ئێمەش ماندووە و تەقەمەنی پێ نییە، ئەوان لە وەڵامدا گوتیان، عێراق هێرش ناکات و هەر گوشار دروست دەکات”.

بەرپرسی پێشووی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە، دەڵێ “سەرکردایەتی کورد نەزانێت عێراق دوای دوو ڕۆژی تر هێرش دەکات، ئیتر بۆ بێن یەخەی ئەو فەرماندە قوڕبەسەرانەی خوارەوە بگیرێت، کە بۆ ئەم شەڕە کرا؟!”.

دووپاتی کردەوە، “ئەم شەڕە بە ئەمر کراوە و هیچ کەس لە خۆیەوە شەڕی نەکردووە”.

باسی لەوەش کرد، چوار لیوایان کەوتوونەتە شەڕەوە، “ئەم لیوایانە تا توانییان شەڕیان کرد، هەموو فەرماندەکانیان لێرەن و یەک کەس پێیانی نەگوتووە پاشەکشە بکەن تا نەشکاون، کە شکان، بە منیان گوت شکاوین، لەوە زیاترمان پێ نەماوە و شەهیدمان کەوتووەتە ژێر دەبابەوە، زیاتر لەوە چیتان لێمان دەوێ، بەرگە ناگرین”.

زیاتر گوتی “یەکێک لە فەرماندەییەکیان کە لەلای پردە موعەلەقەکە بوون، دەیگوت بە چەکێک لێمان دەدەن، چەکێکی ئاسایی نییە، چەکێکی زۆر نائاساییە، پێنج سەد مەتر دەکات بە ئاگر”.

وەستا ڕەسوڵ ئاماژەیدا، “ئەم شەڕە شەڕی عێراق نەبوو بە تەنیا، بەڵکوو شەڕی عێراق و ئێران و تورکیاش بوو، سەرکردایەتی هەر سێ وڵاتەکە لەناو تازەخورماتووەوە تەحەکومیان بەسەر شەڕەکەوە دەکرد، هەر کەسێک دەڵێ وا نییە با بێت بە کامێرا پیشانی دەدەم بزانین هەر سێ سەرکردەکە لەوێ بوون یان نا”.

“منێکی پێشمەرگەی چوار ساڵ ماندووی شەڕی داعش، بەبێ ئیمکانیات دەکەیت بەگژ سێ دەوڵەتدا؟ ئێ تەبعەن سەرکەوتوو نابێت و تووشی ئەم شکستە دەبیت”، وەستا ڕەسوڵ گوتی.

ئاشکرایشی کرد “شەو کە هاوەنبارانیان دەکردین، یەک عەدەد هاوەن، یەک ئیعازی هاوەن جگە لە فارسی قسەیان نەکردووە. یەک وشەی عەرەبی تێدا نییە، ئەرێ جەیشی عێراقی عەرەبە یان فارسە؟! هەمووی بە فارسی بوو، ئەو دەنگەیش لای دلۆڤانی کاک کۆسرەت تا ئێستا پارێزراوە. بە فارسی دەڵێن لە فڵان نوقتە و فڵان شوێن بدە”.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەوە کرد، “دەوڵەتێکی داگیرکەری وەکوو عێراق تا دوا پلە سوپاکەی پڕکردبوو لە چەک و هێز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە نەبێت ئێمە دەستەوەستان ڕاوەستابین، بەڵکوو ٧٥ کەس لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کوژران و ئەو شەوە تەرمەکانیان بۆ ناو تازەخورماتوو گوسترانەوە. ئەوە نییە بگوترێ هێزەکانی ئێمە شەڕیان نەکرد و وەک هەندێک هێزی دی قوچاندیان، ئێمە لە شەڕ شکاین ئینجا گەڕاوینەتەوە”.

ئەمڕۆ دووشەم ١٦ی تشرینی یەکەم، شەش ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی “١٦ی ئۆکتۆبەر” تێپەڕ دەبێت، کە تیایدا سوپا و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button