هه‌واڵ

سوپای عێراق دەیەوێت دووبارە سەربازگەی تۆپزاوا دروست بکاتەوە

زێدپرێس

 

ژمارەیەک لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، نیگەرانی لە هەوڵەکانی سوپا و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ دووبارە دروستکردنەوەی سەربازگەی تۆپزاوا دەردەبڕن و داوا دەکەن سەربازگەکە، بکرێتە مۆنۆمێنت نەک دووبارە بە سەربازگەکردنەوەی.

 

نزیکەی ٥٠ لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید لە کوردستان، لە یاداشتنامەیەکدا، کە ئاڕاستەی وەزیرە کوردەکانی بەغدا و ڕای گشتیان کردووە، ڕایانگەیاندووە “بەرپرسیارێتی مێژوویی پاراستنی سەربازگەی تۆپزاوە، لە ئەستۆی وەزیرانی کوردە لە حکوومەتی عێراق”.

ئەوان، لە یاداشتنامەکەدا دەڵێن “وەک دەزانن، سەربازگەی تۆبزاوە، هێمای دەڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشیست بووە و هەر شوێن و جێگەیەکی ئەو سەربازگەیە، چیرۆکێکی تراژیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دڕەندەیە دەگێڕێتەوە، کە بەرانبەر بە گەلی کورد لە تاوانی ئەنفالدا ئەنجامدرا”.

سەربازگەی تۆپزاوای سنووری کەرکووک، بە یەکەمین وێستگەی ئەنفال و بەتایبەت ئەنفالکراوانی گەرمیان دادەنرێت، ئەنفالکراوان یەکەمجار لەو سەربازگەیەدا کۆکرانەوە و دەستبەسەرکران و پاشان گواسترانەوە بیابانەکانی عێراق و لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا زیندەبەچاڵ کران.

ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید ئاماژە بەوە دەکەن، دەبوو هەر لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، سەربازگەی تۆپزاوە بکرایە بە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی جینۆساید و تەواوی دۆکۆمێنت و بەڵگەکانی تاوانی ئەنفالی تێیدا بخرایەتەڕوو، “بەڵام بەداخەوە بەهۆی بێباکی و کەمتەرخەمی حکومڕانانی کورد، ئەو شوێنە گرنگە پەراوێزخرا”.

هەر لە هەمان یاداشتنامەدا، باس لەوە دەکەن، “ئێستایش، مخابن، ماوەی سێ ساڵە، وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق، چاوی تەماعی بڕیووەتە سەر (سەربازگەی تۆپزاوە) و بەبێ ڕەچاوکردنی باری دەروونی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوان، دەیەوێت جارێکی ئەو شوێنە بکاتەوە سەربازگە و سوپای تێیدا جێگیری بکات”. بەپێی یاداشتنامەکە، جاری یەکەم لە مانگی ١٠ی ساڵی (٢٠٢١) و جاری دووەم، ماوەی دوو هەفتەیە ئەم پرسە، لەلایەن سوپای عێراق سەریهەڵداوەتەوە.

ڕوونی دەکەنەوە، دوایین پێشهات، کە زانراوە، بڕیاری دووبارە بە سەربازگاکردنەوەی (سەربازگەی تۆپزاوە)، وەک بڕیار ڕاگیراوە، نەک هەڵوەشێندرابێتەوە، “ئەمەش چارەسەری بنەڕەتی نییە و جۆرێکە لە چارەسەری ئازارشکێن (مسکنات)، چونکە جاری پێشوو لە ساڵی (٢٠٢١) بڕیارەکە ڕاگیرا و هەڵنەوەشێنرایەوە و دەرئەنجام لەم ماوەدا، جارێکی ئەو پرسە هاتە ئاراوە”.

لە بەشێکی دیکەی یاداشتنامەکەدا هاتووە، پاساوی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق، ئەوەیە کە زەوییەکانی سەربازگەکە موڵکی وەزارتی ناوبراون، لە کاتێکدا ئەو زەوییانە موڵکی جووتیارانی کوردن و لە ساڵی هەشتاکان بە بڕیاری (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش)ی هەڵوەشاوەی ڕژێمی بەعس و دوور لە هەموو بنەمایەکی یاسایی، بە زۆر خاوەندارێتی زەوییەکان لە جووتیارانی کورد سەندراونەتەوە و کراون بە موڵکی دەوڵەت و دواتریش سەربازگەکەی لەسەر بنیادنراوە.

وەک ئاماژەیان بۆ کردووە، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق لە دووبارە بە سەربازگەکردنەوەی (سەربازگەی تۆپزاوە)، دوو پێشێلکارییی زەقی یاسایی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت:

 

یەکەم: پێشیلکردنێکی ئاشکرای بڕیاری ژمارە (٣٠) ساڵی (٢٠١٢)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە تایبەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) و ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەندارێتی زەوییەکانیش بۆ جووتیارانی خاوەن ڕەسەن دەگەڕێتەوە.

 

دووەم: پێشێلکارییەکی زەقی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی ئەنفالە، کە تێیدا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی قوربانیانی دەرکردووە و پاراستنی ئەو سەربازگەیەش لە چوارچێوەی ئەو قەرەبووە مەعنەوییەدا دێت، کە یادەوەرییەکانی تاوانی ئەنفالی هەڵگرتووە.

 

لەو ڕوانگەیەوە، ئەو چالاکی مەدەنی، نووسەر، ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان کە ئیمزای یاداشتنامەکەیان کردووە، “بەرپرسیارێتی مێژوویی پاراستنی سەربازگەی تۆپزاوە وەک یادەوەرییەکی تاڵی تاوانی ئەنفال، دەخەینە ئەستۆی ئێوەی وەزیرانی کورد لە ناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق” و داوا دەکەن:

 

یەکەم: پرسی سەربازگەی تۆپزاوە لە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوروژێنرێت و بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەنجوومەنەکەی بۆ دەرکرێت، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو شوێنە نەکرێتەوە سەربازگە.

 

دووەم: ئەم یاداشتەی ئێمە وەک چالاکوانان و نووسەران و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بخرێتە بەردەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە ئامانجی بە مۆنۆمێنتکردنی سەربازگەی تۆپزاوە، بە جۆرێک بکرێتە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بێت تەنیا بە تاوانی ئەنفال.

 

سێیەم: ئەنجوومەنی وەزیران، قەربووی مادی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانی سەربازگەی تۆپزاوە بکات.

 

لە کۆتاییدا دەڵێن “پرسی سەربازگەی تۆپزاوە پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لەم پرسەدا دەتانخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی میژوویی بەرانبەر بە ڕۆحی قوربانیانی ئەنفالکراوان و کەسوکارییان”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...