هه‌واڵ

وەزارەتی کارەبا: هەناردەی گاز دەست پێ بکاتەوە لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەست پێ بکاتەوە، وەزارەتی کارەبا لە کەمتر لە 24 کاتژمێر بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی تەکنیکییەوە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بکرێتەوە و لەو ڕوانگەیەشەوە گوتی: “ئەگەر هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەست پێ بکاتەوە، وەزارەتی کارەبا لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەکاتەوە”.

ئەو لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، دوای ئەوە دێت، کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان وەستا و بەو جۆرەیش نزیکەی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە کورتی دا.

ئومێد ئەحمەد، گوتیشی: “بە هەوڵ و ڕێنمایی و پاڵپشتیی وەزیری کارەبا توانرا لەکاتی هێرشە درۆنییەکە سیستەمی کارەبا لە کوژانەوەی گشتی بپارێزرێت و، وێستگە و بگۆڕەکانی کارەبا لە سووتان و تێکچوون بپارێزرێن”.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد، کە “هاوکار بوون لە بەردانەوەی ئاو لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان و کارپێکردنی یەکەکانی کارۆئاوی”، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی وەستاندنی ئەو وێستگانەی کارەبا کە بە گازی سروشتی کار دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...