ههواڵ
لەمەودوا ڕەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا بە دینار وەردەگیرێت
زێدپرێس
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەمەودوا ڕەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکان، لە جیاتی دۆلار، بە دراوی دینار وەردەگیرێت و هەر لایەنێکیش پێیەوە پابەند نەبێ، سزا دەدرێت.
لە نووسراوێکدا بە بڕیارى ژمارە ٢٢٧ى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ گشتێندراوە، هاتووە: “پشتبەست بە حکومەکانی ماددەى هەشتەم، لە یاساى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ى ساڵی ١٩٩٢ى هەموارکراو، لەسەر پێشنیارى وەزیرى دارایی و ئابووری، بڕیاردرا وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و ڕەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراقی بێت.”
ئەوەش هاتووە: “سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن. لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.”