هه‌واڵ

پارتی: ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران ئاکامی هەبوو

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕەوتی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاکامی هەبووە و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ تورکیا ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەرگرتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤، كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حزبەکە، کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا هاتووە، کە ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاکامی هەبووە و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ تورکیا ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەرگرتووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەوڵەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەگشتیی بۆ چارەسەریی کۆی کێشەکان بەردەوامە و، “دوای ئەوەی چارەسەریی کێشەکانی کە لە هەڵوێستی ڕاگەیاندراوماندا باس کراون بکرێن و، ڕێککارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکی گەل پەسند، هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین”.

 

دەقی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی:

 

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ یەک شەممە 26ـی ئایاری 2024 له‌ سەڵاحەددین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان و بەرپرسی لقەکان، كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

 

دوای ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد، کۆبوونەوە کە لە ڕۆژێکی پیرۆز و مێژوویی ئەنجامدرا، بە پیرۆزبایی 26ی گوڵان، سی و هەشتەمین ساڵیادی هەڵگریسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو شۆڕشەی کە ویست و پیلانی دوژمنانی کوردستانی کردە خەونێکی بەدی نەهاتوو، دەستی پێکرد.

 

دواتر چەند پرسێکی هەنوكەیی و گرنگ و پێویست خرانە بەر باس و گفتوگۆ و، ئه‌و بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:

 

تەوەری یەكەم: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر:

پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، کە هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە و ماوەیەک ساردی و لێکتێنەگەیشتن بە پەیوەندییەکانمانەوە دیاربوو، سەرەڕای ئەوەی کە پەیوەندییەکانمان پێشینەیەکی دێرین و باشی هەبووە و، دوای پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ ئاسیاییکردنەوەی پەیوەندییەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا، ڕەوتی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوە ئاکامی هەبوو، هیوادارین بە ئاراستەی ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن پەیوەندییەکانمان بگەڕێنەوە ئاستی ئاسایی.

 

پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری تورکیا بە هەوڵی هەردوولا و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنی بەرامبەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکان، ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەرگرتووە و، هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیایش، بەرێز ئەردۆگان بۆ کوردستان، تەکانێکی ئەرێنی و باشی دایە پەیوەندییەکانمان.

 

پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان و دەوڵەتانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە ئاستێکی باشدایە و، کۆبوونەوە و سەردانی شاندی وڵاتان و سەردانی شاندەکانمان لە هاتن و چوونی بەردەوام و ئاستێکی باشدان، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان پەرەیان پێبدرێت و جموجۆڵی دیبلۆماسی بەهێزتربکەین.

 

پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەشێوەیەکی گشتیی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی تێگەیشتنی باشیان لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی دامودەزگاکانی هەرێم لە بەشداریی و  دابینکردنی سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە و، دروستکردنی پەیوەندی باش و هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی لایەنەکان هەیە، کە هەمیشە هەرێمی کوردستان فاکتەری ڕەواندنەوەی گرژیەکانە و بەشێکی گرنگیش بووە لە دژایەتی تیرۆر و توندوتیژی.

 

کۆبوونەوە هەوڵ و کۆششەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند بەئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و، پاڵپشتی هەنگاوەکانیان دەکات، هەروەها جەخت لەوەکرایەوە کە ڕێگا نەدرێت هیچ هەڕەشەیەک لە هەرێمە هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی و ئەمنیەتی وڵاتانی دراوسێ.

 

تەوەری دووەم/ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق:

دەستووری هەمیشەیی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق ڕێوشوێنی پەیوەندییەکانی ڕێکخستووە و بەگوێرەی ماددە و بڕگەکانی، شێوازی بەڕێوەچوونی ئیدارە و مامەڵەی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردووە، هەروەکو دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون، لەلایەکی دیکەوە بۆ زیاتر هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن، ژمارەیەک ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریمان لە چوارچێوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت ئەنجامداوە.

 

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داواکاربووین و داواکارین بۆ چارەسەری کێشەکان پەنا بەرینە بەر دەستوور و ڕێککەوتنەکان و، هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بەردەوام بن، هەروەها پشتوانی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی خۆڕاگری کوردستان.

 

تەوەری سێیەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

هەروەکو  پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابووین بۆ ئەوەی پەنا نەبەینە بەر هیچ ڕێککارێکی دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگا لەم هەوڵە یاسایی و ئاساییەی پارتیمان گیرا، بۆیەش دوابەدوای ڕووداوەکان و بڕیارە جیاجیاکان لەسەر ژمارەیەک بابەتی سیاسی و ئیداری و دارایی و، جێبەجێنەکردنی دەستوور و لەبەرچاونەگرتنی مافی پێکهاتەکان و هەندێ ڕێککاری نادروست سەبارەت بە هەڵبژاردن، هەڵوێستی خۆمان ڕاگەیاند، ئێستاش هەوڵەکانمان لەگەڵ لایەنەکان بەگشتیی بۆ چارەسەریی کۆی کێشەکان بەردەوامە و، دوای ئەوەی چارەسەریی کێشەکانی کە لە هەڵوێستی ڕاگەیاندراوماندا باس کراون بکرێن و، ڕێککارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکی گەل پەسند، هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.

 

تەوەری چوارەم/ ناوخۆی کوردستان:

بەگوێرەی بڕیاری کۆنگرە و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک، پارتیمان دەرگای گفتوگۆکردن و زەمینەسازی زیاتر و لێکحاڵیبوون کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دابێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردەوە، بە ئامانجی ئەوەی هەموو لایەک بەیەکەوە بەرگری لە بەرژەوەندیی و دەستکەوتەکانیی خەڵکی کوردستان بکەین، لە ئێستا و داهاتوویشدا هەر ئەوە سیاسەت و بەرنامەی پارتیمان دەبێت.

 

تەوەری پێنجەم/ ڕاگەیاندن:

بە باوەڕی پارتیمان، ڕاگەیاندن جگە لە هێشتنەوەی هاووڵاتیان لەئاستی ڕووداوەکان، پێویستە ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی بگێڕێت لە دروستکردنی ئاراستەی یەکترقبووڵکردن و مرۆڤدۆستی و پابەندبوون بە بەها و ئاکاری پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی، هەروەها سایکۆلۆژیای هاووڵاتیان لەبەرچاوبگرێت و نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دروست نەکات و، ڕەچاوی ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە خێرا و زۆرانە بکات کە لە جیهان و ناوچەکەدا لە ئارادان، دەبێ ڕاگەیاندن و ڕوشنبیری لەو ئاستەدابن کە بە بابەتی لابەلا و بچوک سەرقاڵ نەکرێن، هەروەکو کۆبوونەوە جەختی لەوەکردەوە کە ڕاگەیاندنی پارتیمان وەکو هەمیشە لە ئاستی مێژوو و گەورەیی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دابێت.

 

تەوەری شەشەم/ ناوخۆی پارتیمان:

لەم تەوەرەدا، کۆبوونەوە تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی ڕێکخستن و پەیکەری ڕێکخراوەیی و ئۆرگانەکانی پارتیمانی کرد و، لەم چوارچێوەیەدا پێشنیار و ڕای بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان و لقەکان خرانە بەرباس و گەنگەشەکردن و، بڕیاردرا بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی 14، کۆنفرانسی ناوخۆیی لە ئاستی تەواوی ئۆرگانەکانی پارتیمان ئەنجامبدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...