هه‌واڵ

یەکەم لێدوانی وەزیری دارایی هەرێم لە بەغداوە

زێدپرێس

 

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کەشێکی “زۆر دۆستانە”دا بووە و تێگەیشتنی هاوبەش هەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە کەشێکی زۆر دۆستانەدا، هەموو داتاکانی خۆمان پێشکەش کرد”.

گوتیشی “تاڕادەیەکی زۆر تێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان”.

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەش کرد “بەرپرسانی دارایی بەغدا هەڵوێستێکی دۆستانەیان هەبووە”.

پێوەست بە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە مووچەی مووچەخۆرانەوە هەیە، ئاوات شێخ جەناب گوتی “گفتوگمان لە چارەسەریی بەپێی یاسای بودجە یان جۆرێک لە چارەسەری دیکە پێوەست بە خەرجی فیعلی کردووە”.

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، سوپاسی شاندی دارایی عێراقی کرد “سوپاسی نەفەسدرێژییان لەگەڵ ئێمە، چونکە کۆبوونەوەکەمان نزیکەی ٤ سەعاتی خایاند”.

ئاوات شێخ جەناب کە سەرۆکایەتی شاندی حکوومەتی هەرێمی دەکرد، لەبارەی چارەسەری کردارییەوە، وەک بەرئەنجامی کۆبوونەوەکە، باسی لەوە کرد، کە لێژنەی دارایی ناتوانێت یاسا دەربکات یان بگۆڕێت، تەنیا دەتوانێت پێشنیاز بکات، لەو ڕوانگەیەشەوە گوتی “ڕێککەوتین پێشنیازەکانی خۆیان لە کۆبوونەوەی دیکەی هاوبەشدا بخەینەڕوو”.

لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەیش، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، هیچ گرفتێک بۆ ناردنی نییە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...