شەڕ و پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق ڕوویدا و قوربانی هەیە
زێدپرێس
سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سەربە فرقەی ١٤ی سوپای عێراق لە سنوری مەخمور ڕوویدا.
بەگوتەی سەرچاوەکە، شەڕەکە دوای ئەوە هاتووە، کە فەوجی مغاویری سەربە فرقەکەی سوپای عێراق، سەنگەریان لە چەند خاڵێکی پێشووی گەریلاکانی پەکەکەیان لە بەرزاییەکانی (بێژینگ بەسەر) دامەزراندووە و لە بەرانبەردا هێزەکانی پێشمەرگەیش لە بەرزاییەکانی هەمان ناوچەدا سەنگەری خۆیان قایم کردووە.
“ناوچەکە سنوری پێشمەرگەیە، بەڵام هێزەکەی سوپای عێراق گرفتیان دروستکردووە و مشتومڕ لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکەدا دروستبووە و دواتر بۆ شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ تەشەنەی سەندووە”، سەرچاوەکە وای گوت.
زیاتر گوتی “پێشمەرگەیەک شەهید بووە و ژمارەیەک لە سەربازانی عێراق کوژراون، هەروەها چەندین برینداریش لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەن”.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە فەرماندەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە بە پلەی فەرماندەی لیوا، فەرماندەیەکی فەوج بە پلەی موقەدەم و عەقیدێک کە ناوەکانیان لای زێدپرێس پارێزراوە، لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بریندارن و بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر گواستراونەتەوە.
زێدپرێس زانیاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە…