هه‌واڵ

وەزیری دارایی: سێجار ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێممان بۆ بەغدا پشتڕاست کردووەتەوە

زێدپرێس

 

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، توانیویانە بۆ سێیەم جار داتا و ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکوومەتی عێراق پشتڕاست بکەنەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بە ڕاپۆرتێکی وردو پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لە میانەی پێشوازی و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هات، کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت سەردانیان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە شاندێکی کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردووە، کە پێکهاتبوون لە ئان مەسون بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و مایکل لومبەرادو پاشکۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە عێراق.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ، لە دیدارەکەدا، تیشک خراوەتە سەر دوا سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئامادەبوونیان لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو بارەیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند توانیویانە بۆ سێیەم جار داتا و ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکوومەتی عێراق پشتڕاست بکەنەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بە ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری کونسڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمداوە بۆ نیشاندانی نیەتپاکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.

ئاوات جەناب نوری ڕایگەیاند “وەک وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.

وەزیری دارایی، باسی لە پڕۆژەی (هەژماری من) کردووە و گوتوویەتی، (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ چاکسازی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و لەقۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە و لەو ڕووەیشەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکاریەک لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا “پرسی هاندان و پشتیوانی کۆمپانیا بیانییەکان و دابینکردنی شایستەکانیان و بابەتی ڕێکخستنەوەی بانکەکان و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە بە بایەخەوە گفتوگۆی لە سەر کرا و جەخت لە پشتیوانی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کرایەوە”، ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...