هه‌واڵ
ئاراستەکان

لانیکەم ٦٣ کورد لە هێرشەکانی سەر غەززە گیانیان لەدەستداوە

زێدپرێس

 

لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا لانیکەم ٦٣ هاووڵاتی لە نەتەوەی کورد کوژراون، کە سەدان ساڵە بنەماڵەکانیان لەو ناوچەیە دەژین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس و پاڵپشت بە لیستی ئەو کەسانەی لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانیکەم ٦٣ لە کوژراوەکان بە نەتەوە کوردن و هێشتا بە ناسنامەی (کورد، ئەلکورد، ئەلکوردی و کوردییە) دەناسرێنەوە و ناوی کورد وەک ناسنامەی بنەماڵەییان ماوەتەوە.

لیستەکە، دوێنێ ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە و بەکۆی گشتی ناوی ٦ هەزار و ٧٥٣ قوربانی لەخۆگرتووە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، لەسەروەختی ڕزگارکردنی قودس لەلایەن سەڵاحەددینی ئەیووبی، ژمارەیەک کەسایەتی و بنەماڵەی کورد کە لەگەڵ لەشکرەکەی سەڵاحەددینی ئەیووبی چوونەتە قودس و فەڵەستینەوە، دواجار لەوێ نیشتەجێبوون و نەگەڕاونەتەوە.

نەوەکانی ئەو بنەماڵە کوردانە، تا ئێستا زۆریان هەر بە ناسنامەی کورد، کوردی و کوردییە دەناسرێنەوە و بەگشتی ناوی کورد وەک ناسنامەی بنەماڵەیی بەکاردەهێنن.

هەرچەند دەگوترێت، بنەماڵەی ئەیووبی بە هەمان شێوە بە ڕەچەڵەک کوردن و ئەوانیش بەسەر چەندین ناسناودا دابەش دەبن، بەڵام لەم بەدواداگەڕانەی زێدپرێسدا، تەنیا ئەو کەسانە دەستنیشانکراون، کە ڕاستەوخۆ ناسناوی کورد، کوردی و کوردییە لەسەر ناسنامەکانیان هاتووە.

لە بەدواداچوونەکەی زێدپرێسدا دەرکەوتووە، ٥٠ کەس ناسناوی (ئەلکورد) و ٢ کەس ناسنامەی ئەلکوردی و ١٠ لە قوربانییەکانی دیکە ناسنامەی (ئەلکوردییە)یان هەڵگرتووە و یەکێکیشیان ناسناوی کورد. بەو جۆرەیش زۆرینەی قوربانییەکان هەڵگری ناسناوی (ئەلکورد)ن.

 

تەمەن و ڕەگەزی قوربانییەکان

تەمەنی قوربانییەکان جیاوازن، بچووکترینیان لە تەمەنی یەک ساڵییەوە دەستپێدەکات و گەورەترینیان تەمەنی ٧٣ ساڵە.

دوو لە قوربانییەکان تەمەنیان یەک ساڵە، بەناوەکانی جولیا فەوزی سەعید ئەلکورد و ماریا ئەحمەد سەڵاح کوردییە، کە هەردووکیان لە ڕەگەزی مێینەن.

لەکۆی قوربانییەکاندا، ٢٧یان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە؛ لەناویاندا ١١ لە کوژراوەکان لە خوار تەمەنی ١٠ ساڵییەوەن و ١٦یان لە تەمەنی ١١ تا ١٧ ساڵیدان. ١٩ قوربانی دیکە لە تەمەنی ١٨ تا ٣٥ ساڵیدان، بەو جۆرەیش زۆرینەی قوربانییەکان لە ڕیزەکانی منداڵان، هەرزەکاران و گەنجانن. تەنیا ١٣ قوربانی تەمەنیان لەسەرووی ٤٠ ساڵەوەیە.

لەڕووی ڕەگەزی قوربانییەکانەوە، لەکۆی ٦٢ قوربانی، ٣٤ لە قوربانییەکان لە ڕەگەزی نێرینە و ٢٩یان لە ڕەگەزی مێینەن. بەگشتی ١٣ لە مێینەکان لە تەمەنی ١٤ ساڵ بەخوارەوەن، ٦ لەوانە تەمەنیان لە نێوان ساڵێک تا ٥ ساڵە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...