هه‌واڵ

فەرماندەیەکی پێشمەرگە شەهید بوو

زێدپرێس

 

موقەدەم پوشۆ خالید جێگری فەرماندەی فەوجی ١ی لیوای ١٨ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای برینداربوونی لە شەڕەکەی قەرەچوغ و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی ١ی لیوای ١٨ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە شەڕەکەی چیای قەرەچوغ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە.

یەکشەمی ڕابردوو، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوغ ڕوویدا، لەکاتێکدا هێزێکی سوپای عێراق، چوونە شوێنی چەند سەنگەرێکی چۆڵکراوی گەریلاکانی پەکەکە، لە سنوری هێزەکانی پێشمەرگەدا.

ڕۆژی دوای شەڕەکە، سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم، شەڕ و پێکدادانەکەی بە “ڕووداوێکی ناخۆش” پێناسە کرد و پابەندبوونیشی بە “کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی” دووپات کردەوە لە پێناو “چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام، کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت”.

وەزارەتی پێشمەرگە، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی ڕاگەیێندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیاند، “بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە ڕووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە”دا.

بەشەهیدبوونی موقەدەم پوشۆ خالید، ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگە لەو شەڕ و پێکدادانەدا، بۆ چوار شەهید بەرزبوویەوە، لەناویاندا هاوڕێ جەوهەر پێشمەرگە لە لیوای ١٨ی پیادە، کە ڕاستەوخۆ لە ڕۆژی شەڕەکەدا شەهیدبوو، هەروەها، عەقید کاکە جەوهەر قەهار فەرماندەی فەوجی ١ی لیوای ١٨ی پیادە و عەقید شەهید ساڵح زراری فەرماندەی لیوای ١٨ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای برینداربوونیان لە شەڕەکەدا و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، بەهیوای سەختی برینەکانیانەوە شەهیدبوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...