هه‌واڵ

غەززە؛ پەیامی سێ دیلی ئیسڕائیلی بڵاوکرایەوە

زێدپرێس

 

حەماس پەیامی سێ ئافرەتی ئیسڕائیلی بڵاوکردەوە، کە لە هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمەوە، بە بارمتە گیراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بزووتنەوەی حەماس لەڕێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، پەیامێکی ڤیدیۆیی سێ دیلی ئیسڕائیلی بڵاوکردەوە، کە هەر سێیان ئافرەتن و لە هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بە بارمتە گیراون و بۆ غەززە گواستراونەتەوە.

ئەو ئافرەتە دیلەی قسە دەکات، پەیامەکەی ئاڕاستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کردووە و دەڵێ، ئەوان ٢٣ ڕۆژە لە دیلێتیی حەماسدان و داوای لێ دەکات، ئاگربەست ڕابگەیەنێت و بارمتەکان ئازاد بکەن.

ژنە دیلەکە، ڕوو لە ناتانیاهۆ و حکوومەتی ئیسڕائیل، بە توڕەیی و دەنگێکی بەرزەوە، دەڵێ: “ئێمە بەدەست شکستی سیاسی و ئەمنی و سەربازی ئێوەوە دەناڵێنین، بەهۆی ئەو “شکست”ەی ئێوە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا هۆکاری بوون”.

ژنە دیلەکە، ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک دەستگیرکراون، هیچ سەربازێک لە شوێنەکە نەبووە و کەسیش بە پیریانەوە نەچووە و دواجاریش بەرگرییان لێنەکردوون و زیاتر دەڵێ “ئێمە هاوڵاتی بێتاوان و بێدەسەڵاتین، هاووڵاتییەک کە باج دەدەین بە دەوڵەتی ئیسڕائیل”.

هەروەها دەڵێ “ئێوە دەمانکوژن، دەتەوێت هەموومان بکوژن، دەتەوێت سوپا بمانکوژێت، بەس نییە هەمووان سەربڕن، بەس نییە بۆ ئێوە کە هاووڵاتی ئیسڕائیلی کوژراون، ئێستا ئازادمان بکەن، هاووڵاتی و دیلەکانیان (واتە فەڵەستینییەکان) ئازاد بکەن. ئێمە شایەنی ئەوەن بگەڕێینەوە بۆ لای خێزانەکانمان”.

بەرپرسانی ئیسڕائیل، هەبوونی ٢٣٠ بارمتەی ئیسڕائیلییان ڕاگەیاندووە، کە لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، دوای بەدیلگیرانیان بۆ کەرتی غەززە گواستراونەتەوە.

گرووپە چەکدارەکانی غەززە، بارمتەکان وەک کارتێکی گوشار لەسەر ئیسڕائیل بەکاردێنن، لەپێناو ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی سەر غەززە و هەروەها لە بەرانبەر ئازادکردنی دیلەکانیان لای دەوڵەتی ئیسڕائیل.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...