هه‌واڵ

بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەتروش دەستیپێکردەوە

زێدپرێس- محەمەد عەبدوڵا

 

کۆمپانیای شامەرانی کەنەدی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەتروش لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستیپێکردۆتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەپێی بەیاننامەکە، کۆمپانیای سەرکار لەو کێڵگەیە، کە مەبەستی تاقە گلۆباڵی ئیماراتییە، لە ٧ی تشرینی دووەمەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردۆتەوە.

شامەران و تاقە هاوبەشی یەکترن لەو کێڵگەیەدا.

هەروەها دەڵێت، ئێستا نەوتی بەرهەمهاتوو بە پاڵاوگەیەکی ناوخۆیی دەفرۆشن و لەڕێگەی بۆڕییەوە بۆی دەنێرن بەهۆی سەختی ڕێگەکە بۆ گواستنەوەی بە تەنکەر.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بە بڕی بەرهەم لە ئێستا و نرخی هەر بەرمیلێك نەداوە.

هاوکات ئاماژەی بە بەرهەمی کێڵگەی سەرسەنگ داوە، کە کۆمپانیاکە لەوێشدا پشکی هەیە.

بەیاننامەکە دەڵێت لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بڕی ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتی سەرسەنگ وەکوو پشکی خۆی دەستکەوتووە.

باسی لەوە کردووە، بەرهەمی کیڵگەکە لەو سێ مانگەدا ڕۆژانە ٢٧ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بووە و هەر بەرمیلێك بە ٣٩ دۆلار و ٤١ سەنت فرۆشراوە.

کۆمپانیای ئەمریکی ئێچ کەی ئێن (HKN) کۆمپانیای سەرکارە لەو کێڵگەیەدا و ئێستا خەریکی زیادکردنی بەرهەمن کە لەڕێگەی تانکەر بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێت.

سەرچاوەیەك کە ئاگاداری کاری کۆمپانیا نەوتییەکانە لە کوردستان بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، کە دوای ئاڵۆزبوونی ناوچەکە و دواکەوتنی پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە، کۆمپانیاکان دەستیان بە فرۆشتنی نەوت کردووە بە نرخێکی هەرزان بە بازرگانە ناوخۆییەکان، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێك:

 

١. کۆمپانیاکان دەیانەوێت سەرچاوەیەکی داراییان هەبێت ئەگەر شتێکی کەمیش بێت بۆ بەڕێوەبردن و تێپەڕکردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی هەیە.

٢. هەرچەندە ئێستا نرخی فرۆشیان نزمە بە بەراورد بە نرخی جیهانی، هێشتا کۆمپانیاکان دەتوانن قازانج بکەن ئەگەر بەرهەم و فرۆشیان زیاد بکەن.

٣. لە ڕووی جیۆلۆجییەوە، ڕاگرتنی یەکجاری بەرهەمهێنان زیان بە کێڵگەکان دەگەیەنێت و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەئاسانی ناتوانن بگەنەوە ئاستی توانایی تەواوەتی بەرهەمهێنانیان ئەگەر لە ئێستاوە خۆیان ئامادە نەکەن و بڕیك بەرهەم نەهێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...