ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

ئێکسۆن مۆبیل عێراق جێدێڵێت

زێدپرێس

 

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، سەرکار لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا، بە تەواوەتی لە عێراق کشایەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرتی نەوت و گازی عێراق بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوتی ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی کشانەوەی تەواوەتی لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا یەکلابووەتەوە و کۆتایی بە کارەکانی لە عێراق هێناوە.

نامەکە بۆ ئەو کۆمپانیایانە ڕەوانەکراوە، کە پێشتر وەک بەڵێندەری لاوەکی کاریان بۆ ئێکسۆن مۆبیل کردووە؛ بەگشتی کۆمپانیا ئەمریکاییەکانن.

ئێکسۆن مۆبیل، گەورە کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی، سەرکاربوو لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا و خاوەنداریەتی ٣٢.٧٪ی پشکەکانی کێڵگە نەوتییەکەی دەکرد. لەپاڵ پێترۆچاینا کە بە هەمان شێوە ڕێژەی ٣٢.٧٪ی پشکەکانی کێڵگەکە نەوتییەکەی هەیە و دوای دەرچوونی ئێکسۆن مۆبیل، کۆمپانیا چینییەکە (پێترۆچاینا) وەک سەرکاری کێڵگە نەوتییەکە دەستبەکاردەبێت.

“بە دەرچوونی ئێکسۆن مۆبیل، زەمینەی تەواو بۆ جێگیربوونی کۆمپانیا چینییەکان لە کەرتی نەوتی عێراق دەڕەخسێت”، سەرچاوەکە گوتی.

هۆکارەکە ئەوەیە، ئیتر پێترۆچاینا دەبێت بە سەرکاری قوڕنەی ڕۆژئاوا، یەکێک لە زەبەلاحترین کێڵگەکانی نەوت لە جیهاندا.

زێدپرێس لە سەرچاوەیەکی تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە زانیویەتی، کە هەر لەم هەفتەیەدا، ڕێوڕەسمی ڕادەستکردن و دەستبەکاربوونی کۆمپانیای پێترۆچاینا وەک سەرکار لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەدەچێت.

ناکۆکییەکانی ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای نەوتی بەسڕە (BOC) لە کێڵگەی قوڕنەی ڕۆژئاوا، لەمێژینەن، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردن.

لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئێکسۆن مۆبیل خەریکی کشانەوە بوو لەو کێڵگە نەوتییەدا، لەکاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەند نەبوو.

لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەدەستهێناوە، بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل و بانگەشەی “ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە”ی کرد، لەسەر ئەو بنەمایەی کە چارەسەری ئەو ناکۆکییە لەمێژینەیە دەکات، لە گرێبەستی ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە هەن.

ساڵانێک بوو، ئێکسۆن مۆبیل، دەستی بە دانوستان بۆ فرۆشتنی پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا کردبوو، کۆمپانیاکە لە ٢٠٢١یشەوە، فرۆشتنی ڕێژەی ٣٢٪ی پشکەکانی لە ناوچەی گەڕان و پشکنینی بەعشیقە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە دواجار دی ئێن ئۆی نەرویجی، کڕینەوەی پشکەکەی ڕاگەیاند و دواتریش (٢٠٢٢) لە کێڵگەی پیرمام لە سنوری پارێزگای هەولێر کشایەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکەی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسڕەوە ڕاگەیاندووە. پێشتر میدیاکان باسیان لەوە کردووە، ئێکسۆن مۆبیل داوای ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری لە بەرانبەر پشکەکەی کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٠دا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل گرێبەستی کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا-١ی بەدەستهێنا. ساڵی ٢٠١٣، پشکی بە پێترۆچاینا و پێرتامینا فرۆشتووە. هاوبەشەکانی دیکەی کێڵگەکە لە، ئیتۆچۆی ژاپۆنی (١٩.٦٪)، پێرتامینا (١٠٪) و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراقی (٥٪) پێکدێن.

بە دەرچوونی ئێکسۆن مۆبیل لە عێراق، کۆمپانیاکانی بی پی، شێڵ و تۆتاڵ دوا کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتن، کە لە کەرتی نەوت و گازی عێراق چالاک ماونەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...