هه‌واڵ

جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر

زێدپرێس

 

لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خوولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەریر.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوەیەکی تایبەت ڕایگەیاند، هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

لە ڕۆژانی چوارشەم و پێنجشەمی هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە دووجار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەمدا، کۆگای سووتەمەنی فڕۆکەخانەکە ئاگرت گرت، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبوو.

هەمان ڕۆژ، دژەتیرۆری کوردستان/پارتی ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەکە پێشتر وەک بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەکارهاتووە، بەڵام لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، چۆڵکراوە و هیچ هێزێکی تێدا نەماوە.

لەدوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماسەوە، هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیاتر بوون، گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بەردەوام بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەماوەی ڕابردوودا، چەند جارێک هێرشیکردووەتە سەر بنکەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە سووریا، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەکرێنە سەر بەرژەوەندیی یان بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...