ژینگه‌هه‌واڵ
ئاراستەکان

لە کوردستان زیاتر لە ٢٨ هەزار بیری ئاو بە نایاسایی هەڵکەندراون

زێدپرێس

 

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٢٨ هەزار و ٤١٠ بیری ئاو بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هەبوونی مۆڵەت هەڵکەندراون و زۆرینەی هەرە زۆریشیان لە پارێزگای سلێمانین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتایەکی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ٢٦ هەزار و ٨١٨ بیری ئاو بەشێوەیەکی یاسایی و بە مۆڵەت هەڵکەندراون. لەپاڵ ٢٨ هەزار و ٤١٠ بیری ئاو کە بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هەبوونی مۆڵەت هەڵکەندراون.

بیرەکانی ئاو، بۆ چەند مەبەستێکی پیشەسازی، کشتوکاڵی و ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنرێن؛ ١٠ هەزار و ٢٧٥ بیری ئاو کە لە پارێزگای هەولێر؛ ١٠ هەزار و ٩٩ بیری ئاو لە پارێزگای سلێمانی؛ ٤ هەزار و ٥٠٦ بیری ئاو لە پارێزگای دهۆک؛ هەزار و ٩٣٨ بیری ئاویش لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەڵکەندراون.

زۆرینەی بیرەکانی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بەکاردەهێندرێن، کە ١٢ هەزار و ٦٦ بیری ئاو لەخۆدەگرێت، لە پلەی دووەمدا بۆ مەبەستی خواردنەوە، کە ١٠ هەزار و ٦٢٥ بیر و لە پلەی سێیەمیشدا پیشەسازی دێت، کە ٤ هەزار و ٢٧ بیر بۆ ئەو مەبەستە هەڵکەندراون.

هەرچی پەیوەندی بە بیرە نایاسایی و بێمۆڵەتەکانەوە هەیە، لەکۆی ٢٨ هەزار و ٤١٠ بیری نایاسایی؛ ٢٠ هەزار و ٤١٠ بیر لە پارێزگای سلێمانی؛ ٦ هەزار بیر لە پارێزگای هەولێر، هەزار و ٥٠٠ بیر لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ٥٠٠ بیری نایاساییش لە سنوری پارێزگای دهۆک هەڵکەندراون.

ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم، ژمارەی بیرەکانی ئاوی تا کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەخۆگرتووە. ژمارەی بیرەکانی ئاو بە هەردوو جۆری بیری یاسایی و نایاسایی لە هەرێمی کوردستاندا، تا ئەو ڕێککەوتە، گەیشتووەتە ٥٥ هەزار و ٢٢٨ بیری ئاو.

ئەو ژمارە زۆرەی بیری ئاو، لەکاتێکدا دێت، کە لە هەرێمی کوردستاندا تا دێت ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیاتر و خێراتر دادەبەزێت، لەکاتێکدا پێشتر زێدپرێس لە بەدواداچوونێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، قوڵایی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر بۆ ٧٠٠ مەتر دابەزیوە. دابەزینەکە لەماوەی ٢٠ ساڵدا، ٥٠٠ مەتر بووە.

بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بەو ئاستە بەرفرەوانە، لەکاتێکدا دێت، کە هەرێمی کوردستان چەندین سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی، لە شێوەی چەم و زێ و ڕووبارەکاندا هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست سوودیان لێوەربگیرێت و پشت بە ئاوی ژێرزەوی بەستراوە، ئەوەش هۆکار بووە لە دابەزینی زۆر و خێرای ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستاندا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...