هه‌واڵ

دەیان دۆنم ڕەز و دارستان و ١٦ پورەی هەنگ سووتان

زێدپرێس

لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ماوەت و هەڵشۆ، دەیان دۆنم دارستان، ڕەز و باخی هاووڵاتیان و ١٦ پورەی هەنگ سووتان.

ئەمڕۆ دووشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی (کانی بوکێ)ی سەر بە ماوەت، دوو دۆنم پووش و پاوان و دارستان و ڕەز و باخی هاووڵاتیان سووتان.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوەکە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتوونەتە شوێنەکە و لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەشدا، کارمەندێکی پۆلیسی دارستانی ماوەت بریندار بووە.

هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین بڵاوی کردەوە، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ئاب، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی بێگەڵاسی شارەدێی هەڵشۆ، ئاگادارکراونەتەوە و پاش گەیشتنی مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵشۆ، بەهاوکای هاووڵاتییانی ناوچەکە، لەماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێردا ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

بەهۆی ئاگرەکەوە، نزیکەی ٤٠ دۆنم لە داری سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتییان زیان پێگەیشتووە و ١٦ پورەی هەنگیش سووتاون.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوکە کراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ زانینی هۆکارەکەی، بەردەوامە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...