هه‌واڵ
ئاراستەکان

حکوومەتی هەرێم: ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسیی سپەیس جێبەجێ دەکرێت

زێدپرێس

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسیی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکە “بۆ ڕێکخستنەوەی کاری میدیاییە تاکوو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و میدیای نوێ بگونجێت”. ئەوەش لەکاتێکدا دێت، کە هەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆر لەئاست میدیاکان و شارەزایانی میدیایی درووستبوو و پێداگیرییان لەسەر ئەوە دەکرد، ڕێنماییەکە چەندین ماددە و بڕگەی لەخۆگرتووە، کە دژ بە بنەماکانی ئازادی دەربڕین و ئازادی کاری میدیاییە لە هەرێمی کوردستاندا و چەندین سزای قورس و پابەندکەری لەمەڕ میدیاکاران و دامەزراوە میدیاییەکان لەخۆگرتووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان، ١٢٧ کەناڵی ناوخۆیی، ٣٠ کەناڵی ئاسمانی، ١٧٦ ڕادیۆ، ١٢١ ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ٩٨٨ ڕۆژنامە و گۆڤار “مۆڵەت”یان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە.

شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ڕاگەیاندووە: “لە هەرێمی كوردستان، یاسای ژمارە (٣٥)ی كاری ڕۆژنامەگەری وەكوو یاسایەكی بێوێنە لە پێدانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی هەیە و كاری پێ دەكرێت. ڕێنماییەكیش بۆ میدیای بینراو و بیستراو هەیە، كە ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٣یە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە”.

زیاتر دەڵێ “لەگەڵ هاتنەكایەی میدیای ئەلیكترۆنی، ئەو بوارەش لەو یاسا و ڕێنماییانەدا ڕێكخراوەتەوە. تا هەم ئازادیی پارێزراو بێت و هەم مافی میدیایی پارێزراو بێت. ئەوەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. پاش دەركردنی چەند بڕیارێكی حكومەت ئەم ڕێنماییە جێبەجێ دەكرێت. حكومەت تەنیا لە ڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەكات و داوای پابەندبوون دەكات، نەك پێشێلكردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.”

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، باس لەوەش دەکات کە “میدیای ئەلیكترۆنی پێویستە خۆیان تۆمار بكەن، چونكە لەگەڵ میدیا تێكەڵ بووە. چونكە زۆرجار لە كێشەی یاساییدا پێویستە ئەو لایەنە ناسراو بێت و زانیاری لەسەری هەبێت. تاكوو بۆ دادگاكان ئەو زانیارییانە دابین بكرێت، بەڵام گەر تۆمارنەكرابن، دادگا وەكوو دەزگای نایاسایی سەیریان دەكات. بۆیە ئەو میدیایانە گەر خۆیان تۆمار بكەن، دەتوانن كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بكەن و ئازادانەتریش كار بكەن. بۆیە ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنەوەی كاری میدیایین نەك سانسۆركردنیان؛ بەڵام دەبێت هەموو میدیایەك ناسراو بێت و تۆمار بێت.”

لەلایەکی دیکەوە، ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی پرسی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم گوتوویەتی: “ئازادیی ڕۆژنامەوانی چەند ڕەهەندێكی هەیە. ئەو بونیاتە یاساییەی لە كوردستان هەیە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی توانیویەتی ئەو بوارە ڕێك بخات و پڕەنسیپە گشتییەكانی دیاری بكات. یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان تا ڕاددەیەكی باش ئازادیی ڕۆژنامەوانیی پیشەیی دابین كردووە. لێرەدا مەبەستمان ڕۆژنامەنووسێكی پیشەییە نەك بۆ ئەوانەی پیشەیی نین و دەیانەوێت لە یاساكان سوودمەند بن، بوونی ئەو هەموو سەكۆ و ئامرازە میدیاییە لە كوردستان بەڵگەی باشی ئازادیی ڕۆژنامەوانییە؛ بەڵام هێشتا پێویستیی بە ڕێكخستن و ڕیفۆرم هەیە.”

لەبارەی ژمارەی ئەندامانی سەندیكاوە دەڵێ: “لە هەرێمی كوردستان ئەندامی كارا و بەشدار و مەشقكاری سەندیكا هەن، ژمارەی ئەندامانی كارا زیاترە لە ٨ هەزار ئەندام، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە و بەهۆی زۆریی ڕێژەی میدیاكانەوەیە.”

لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان، حەمەئەمین گوتی: “هەڵسەنگاندنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لەسەر بنەمای دەزگا بێلایەنەكان دەكرێت نەك لەسەر بنەمای بۆچوونی حزبی و موزایەدەی سیاسی و مەبەستی تایبەت. ڕێكخراوە پسپۆڕەكان و ناوەندە ئەكادیمییەكان دەتوانن ئەو هەڵسەنگاندنە بە پێی داتا و پسپۆڕیی خۆیان بكەن. بەڵام زۆرجار میدیا كراوەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی، ئەوەش بۆ دڵسۆزی بۆ میدیا نییە، بەڵكوو پڕۆژەی سیاسیین.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...