هه‌واڵ

شاندی حکوومەتی هەرێم داوای قەرزی زیاتر لە بەغدا دەکات

زێدپرێس

 

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای پێدانی سێ گوژمەی دیکەی ٧٠٠ ملیار دینار قەرزیان کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن شاندی هەرێمەوە، داوا لە سوودانی کراوە، جگە لەو ٧٠٠ ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک کۆتا گوژمەی ڕەزامەندی لەسەردراو، بۆ مووچەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی مووچەخۆران بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، حکوومەتی عێراق سێ گوژمەی دیکەی ٧٠٠ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، ئەو خۆی دەسەڵاتی پێدانی قەرزەکەی نییە، بەڵام داواکارییەکە دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر پێدانی قەرز بە هەرێم دا.

پێشتر، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیاری مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەهەمان شێوە ڕایگەیاندبوو، وەک سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی پێدانی قەرزی بە هەرێمی کوردستان نییە و بڕیارەکە دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەربکرێت.

لەماوەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو نامەی فەرمی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە یەکەمیان پێوەستە بە داواکاری بەردەوامبوون لەسەر تەرخانکردنی قەرزەکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دووەمیان هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، بەجۆرێک کە ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە یاساکەدا هەڵبگیرێن.

مەریوان قەرەنی کە بۆ هەردوو بابەتەکە پرسیاری لە سوودانی کردبوو، ڕایگەیاند، سوودانی گوتوویەتی، ئەو دەسەڵاتی ناردن و پێدانی قەرزی بە هەرێم نییە و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و هەرکات یاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەموارکرایەوە، حکوومەتی عێراق پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...