کەنەکە داوای بەشداری بەجۆش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات
زێدپرێس
لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی کوردستانییانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کردووە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەڵێ، ده‌كرێت به‌شداری به جۆش و خرۆشی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا وه‌رچه‌رخانێكی نوێ درووست بكات و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پیلان و به‌رنامه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش بێت.
هەر لە پەیامەدا هاتووە، كورد وه‌ك گه‌لێكی سته‌ملێكراوی قوربانیی، پێویستە بە هەموو توانایەوە به‌شداری هه‌ڵبژاردن بێت و به به‌شداریکردن و دەنگدان سزای ئه‌وانه‌ش بدات كه سیاسه‌تی په‌رتكردنی گه‌ل به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ڵبه‌ت په‌رتكردن جۆرێكه له هه‌نگاوی بانگكردنی ئه‌وانی تر بۆ زاڵبوون به سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتدا، ئه‌وه‌ش ده‌چێته خانه‌ی لادان و ترازان له ڕیزی نه‌ته‌وه‌یی و پێكه‌وه‌یی.
دەقی پەیامەکە:
په‌یامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بۆ كوردستانییانی كه‌ركووك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان
کوردستانیانی هه‌موو ئه‌و شار و شارۆچكانه‌ی به درێژای دەیان ساڵ ڕووبەڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاگواستن و ئاوارەکردن و كوشتوبڕ بوونه‌ته‌وه. ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەردەوام لەهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانتاندا بووە. ئه‌مڕۆ ئێوە له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌دان، تاقیكردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی شوناس و پاراستنی ئه‌و ناسنامه كوردستانییه فره‌ڕەنگ و هه‌مه‌چه‌شنه‌ی ئه‌و ناوچانه، كه جگه له كورد گەل و پێكهاته‌ی دیكه‌ش کە لە دێرزەمانەوە لەوێ نیشتەجێن و پێكه‌وه هاوبه‌شانه ده‌ژین، چوون بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌شداریكردن له‌و پڕۆسه گرنگه‌دا، به تایبه‌ت بۆ كورد ئه‌ركێكی ئاكاری و هۆشیارییەکی گرنگە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیرۆكی سته‌مكارییه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه كه هێشتا له سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستانه‌ی ئه‌ویتر كارده‌كات كه نه‌ته‌وه‌كان ده‌بێت سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست بن، ئه‌م جۆره له كاركردن، په‌یوه‌ندیی نێوان پێکهاتە ڕەسەکانی ئه‌م ناوچانه تێکدەدات و له به‌رده‌م شه‌ڕ و نائارامیدا ده‌هێڵێته‌وه، بۆیه به‌شداریكردنی ئه‌رێنییانه و چڕ وێنه‌ی نێو چوارچێوه‌كان به‌و جۆره ڕاست ده‌كاته‌وه كه كه‌س خۆی له‌وی تر به گه‌وره‌تر نه‌زانێت و پێی وانه‌بێت ئه‌و خاوه‌نه و ئه‌وانی دیكه میوانن.
هه‌ڵبژاردن دوور له ده‌ستوه‌ردان، دوور لەهه‌وڵی ئاستەنگکردنی ئازادی خه‌ڵك و ململانێی نادروست و لاسارانه، گیانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه قوڵتر ده‌كات و په‌یوه‌ندی گه‌لان به یه‌كه‌وه تۆكمه‌تر ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ش كه ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیش كه هه‌میشه ڕۆڵی نه‌رێنی گێڕاوه له نێوان گه‌لان و پێكهاته‌كانی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری به ته‌واوه‌تی کەم بكرێته‌وه و زه‌مینه بڕه‌خسێت كه نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان له ڕێی ده‌نگدانی ئازادانه‌وه نوێنه‌ره‌كانی خۆیان هه‌ڵبژێرن، هه‌ردوو ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی، وه‌ك دوو لەمپەر، ڕێگرن له‌وه‌ی ئه‌و ناوچه ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن سامانه زۆر و زه‌وه‌نده‌ی نه‌وت و گاز و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و شارستانیه‌ت، ئاشتی و ئارامیی و پێشكه‌وتن به خۆیانه‌وه ببینن. دەستوەردانە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان وەک ئێران و تورکیا و ئەوانی دیکە، هەمیشە هۆکاری لێکترازان و بێمتمانەیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و دەوروبەری بووە. بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا کە بووە بە کاراکتەرێکی سەرەکیی دەستوەردان لە دۆخی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان.
ئه‌مڕۆ له هه‌ر كات زیاتر قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراسیه‌تی ناوخۆیی له كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری ده‌بێته هۆکارێکی گرنگ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و برینانه‌ی ڕابردوو كراونه‌ته جه‌سته‌ی په‌یوه‌ندیی دیرۆكی نێوان مرۆڤه‌كان، ساڕ‌ێژ بكرێت و ئیدی به هیچ هۆیه‌ك بیر له په‌راوێزخستن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر نه‌كرێته‌وه. ئه‌وه‌ش کاتێک ده‌بێت كه به‌شداری ئه‌رێنییانه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ك ده‌رفه‌تێك بقۆزرێته‌وه بۆ نیشاندانی خواستی گواستنه‌وه له دۆخێكه‌وه بۆ دۆخێكی باشتر، بێگومان ئه‌م كاره پێویستی به‌وه‌یه لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان و ئه‌و حزبانه‌ی له كێبڕكێدان بۆ به ده‌ستهێنانی كورسی، بیریان نه‌چێت ئه‌ركی هه‌ره گرنگی ئه‌وان لێبورده‌یی و دووركه‌وتنه‌وه له بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و لە فه‌رمانی ده‌ره‌كییە. به‌و شێوه‌یه‌ی كه هیوا به خه‌ڵك ببه‌خشن نه‌ك شكۆی خه‌ڵك له ڕێگه‌ی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ركردنیانه‌وه بشكێنن.
هەر لەسەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە و لە سەردەمی هەموو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی، هه‌میشه هه‌وڵدراوه برین و درز و كه‌لێن بخرێته نێوان نه‌ته‌وه و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه. هه‌ندێك ڕووداو كه ڕوویانداوه چاره‌سه‌ركردنیان زۆر ئاسان بووه، به‌ڵام له ڕێگه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاویان له سامان و نه‌وتی ئه‌م ناوچه‌یه بڕیوه، كێشه‌كان گه‌وره كراونه‌ته‌وه و كراون به گرێكوێره و وێنای ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌ك نیشاندراوه كه وه‌ك به‌رمیله بارووته و ده‌ست بۆ بردنی ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش گۆبه‌نی گه‌وره‌ی به دوادادێت. نه‌یارانی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان هیچ كات نه‌یانهێشتوه كه‌ركووكییه‌كان بپه‌ڕژێنه سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ده‌كرێت به‌شداری به جۆش و خرۆشی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا وه‌رچه‌رخانێكی نوێ دروست بكات و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پیلان و به‌رنامه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش بێت، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو شارەی دێرینەی کوردستان، شاری پێکەوەژیانی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانە. لەبەرئەوە ئێمه وه‌ك كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان جگه له‌وه‌ی ڕووی قسه‌مان له هه‌موو پێكهاته‌كانە بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی بیر له ئاینده‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه، ڕووی قسه‌ی سه‌ره‌كیمان له كورده، كورد وه‌ك گه‌لێكی سته‌ملێكراوی قوربانیی، پێویستە بە هەموو توانایەوە به‌شداری هه‌ڵبژاردن بێت و به به‌شداریکردن و دەنگدان سزای ئه‌وانه‌ش بدات كه سیاسه‌تی په‌رتكردنی گه‌ل به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ڵبه‌ت په‌رتكردن جۆرێكه له هه‌نگاوی بانگكردنی ئه‌وانی تر بۆ زاڵبوون به سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتدا، ئه‌وه‌ش ده‌چێته خانه‌ی لادان و ترازان له ڕیزی نه‌ته‌وه‌یی و پێكه‌وه‌یی.
كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان وێڕای بانگه‌واز له به‌شداری ئازایانه و خاوه‌ندارانه له هه‌ڵبژاردن، پڕۆسه‌كه‌ش به ده‌رچه‌یه‌كی گرنگ ده‌بینێت بۆ ده‌رچوون له دۆخی چه‌قبه‌ستوو، كه ماوه‌ی هه‌ژده ساڵه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له كه‌ركووك به‌ڕێوه نه‌چووه و له ئاكامی گۆڕانكارییه‌كانی دوای ١٦ی ١٠ی ٢٠١٧ش نادادی و پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی جۆراوجۆر به ئامانجی شێواندنی په‌یوه‌ندی پێکهاتەکان و سه‌ندنه‌وه‌ی پۆست به پله‌ی یه‌كه‌م له گه‌لی كورد. وای كردووه له هه‌ندێک باردا مرۆڤ هه‌ست به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەقڵیەتی شۆڤێنییانه بكات، كه ئه‌مه‌ش به‌لای كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردستان “كه‌نه‌كه”وە تاوانێكی مه‌زنه.
لەکۆتاییدا هیوادارین هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد، دیموکرات و شەفافدا بەڕێوە بچێت و لە ئاکامیشدا قۆناغێکی نوێی پێکەوەژیانی ئەرێنی بۆ هەموو خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان لەگەڵ خۆی بێنێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك ن ك
٢٠٢٣.١٢.١١ برۆکسل