هه‌واڵ

هەشت بڕیار لەبارەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە ڕاگەیەنران

زێدپرێس

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی تایبەت بە ڕاییکردنی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوە کرد، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین هەنگاویان هەڵگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێکخراوەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری کاری ڕێکخراوەیی لە کوردستاندا.

یەکێک لە بڕیارە ئاماژەپێکراوەکان، پێوەستە بە چالاکییەکانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەمەڕ پرسی جێندەر، کە فەرمانگە بە چالاکییەکانی پەیوەست بە “ئافرەت و پیاو” ئاماژەی بۆ کردووە و دەڵێت، دەبێت چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان لەوڕووەوە، هاوتا بێت لەگەڵ دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەش، لەکاتێکدایە، کە ئەو هەنگاوە، وەک سنووردارکردنی کار و چالاکی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە پرسەکانی جێندەردا، لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و نەتوندیش ڕووبەڕووی ڕەخنە کراوەتەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و هەوڵەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕێکخراوەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەیی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان چەند کێشەیەکی ڕێکخراوەکانی چارەسەرکردووە و چەندین ئاسانکاری ئەنجامداوە کە لێرەدا بەپێی نووسراوی فەرمی دەیانخەینەڕوو:

 

١- بەدەستهێنانی گشتاندن لە لایەن بانکی ناوەندی عێراق و لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو بانکەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە لە کاتی پێشکەشکردنی خزتمەتگوزاری بانکییەکان پابەند بن بە داوانەکردنی بڕوانامەی تۆماری دامەزراندن لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکمومییەکانی بەغدا بۆ ڕێکخراوە تۆمارکراوەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان. ئەویش دوابەدوای نووسراوی فەرمانگەکەمان ژمارە (١٢٠٧) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٧/٢٦.

 

٢- هەڵگرتنی مەرجی داواکردنی گرێبەستی بەخشەر لەکارتی دەرکردن/نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری بۆ ڕێکخراو بیانییەکان و پێشکەشکردنی پشتگریی وڵاتی بەخشەر لەشوێنی، بەپێی نوسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٣٠) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٢.

 

٣- ئاراستەکردنی نووسراوێک بە ژمارە (١٧٨٨) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٧/١٨ بۆ وەزارەتی دارایی ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و ڕوونکردنەوەی بابەتی بەخشینی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە باج بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١.

 

٤- ئاسانکاریکردن لەکاتی داواکاری نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری، بەجۆرێک ئەگەر هاتوو ڕێکخراو پێداویستییەکانی تایبەت بە دەرکردن/نوێکردنەوەی بڕیاری کارگێری تەواو نەبوو، فەرمانگە بڕیارێکی کارگێری کاتی بۆ ماوە (٣٠) رۆژ بە ڕێکخراوەکە دەدات بۆ ئەوەی کارەکانی ڕایی بکات و لەو ماوەیەش پێداویستییەکانی بڕیاری کارگێری بە تەواوی ئامادە بکات، بەپێی نوسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٧٧) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٣.

 

٥- هەموارکردنی ڕێنمایی ژمارە (٨ لە ساڵی ٢٠٢٣) سەبارەت بە پێشکەشکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بۆ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کارنەکردن بە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم و پێنجەم) ئەویش لە ڕێگەی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە(٣٤٠٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/١٣ و دوابەدوای نووسراوی فەرمانگەکەمان بە ژمارە (١٨٨٨) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٧.

 

٦- دوابەدوای چارەسەرکردنی کێشەی باجی ڕێکخراوەکان لەلایەن فەرمانگەکەمان لەڕێگەی بڕیاری ژمارە (٥٠٥) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٣/٢٨ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی باجی ڕێکخراوەکان و جێبەجێکردنی لە زۆربەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وە بەهۆی بوونی سکاڵا لە لایەن هەندێک ڕێکخراوەوە سەبارەت بە پابەندنەبوونی بەشێک لە فەرمانگەکانی باج لە هەندێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی باج لە ڕێکخراوەکان، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی دیوان کردووە بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی ئەم کێشەیە و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١.

 

٧- داوانەکردنی لیستی ناوی بەشداربووانی چالاکی ڕێکخراوەکان وەکو مەرجی پێشوەختە بۆ پێدانی ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی چالاکی، بەپێی نووسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٧٦) لە ڕێککەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٢.

 

٨- لەکاتی ئەنجامدانی چالاکی ڕێکخراوەکان دەبێت چالاکییەکانیان (بەتایبەتی چالاکییەکانی پەیوەست بە مافی ئافرەت و پیاو) هاوتا بێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەرکارەکانی هەرێم و لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان بگونجێت بەپێی نوسراوی فەرمانگە ژمارە (٢١٥٦) لە ڕێککەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٣ و نوسراوی ژمارە (٢١٧٥) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٢ .

 

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان لەپێناو ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ئامانجانە بەدی بهێنن کە لەپێناویاندا دامەزراون و خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگە پێشکەش بکەن، بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشکەوتوو و بەردەوام.

 

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان

٢٣ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...