پەیامێك لە عوسمانی حاجی مەحموودەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، عوسمانی حاجی مەحموود، پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی کوردستانییانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و داوای کرد لە ١٨ی ئەم مانگەدا، بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن و دەنگ بدەن، چونكە بەشداریكردن و دەنگدان سەنگی كورد لەو ناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات.
عوسمانی حاجی مەحموود، هەر لە پەیامەکەیدا، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە “پرسی نیشتمان و نەتەوەییمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە” و لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ “پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بە پرسە سیاسی و حزبییەكان نەكرێن”.
دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، كوردانی دانیشتوی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان
هەمووتان دەزانن کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی مێژوویی نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانییە، بەگرنگی و گیانی نەتەوەییەوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێست وەربگرین، لە هەوڵدان و خەباتکردن بەردەوامبین بۆ یەكلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە.
بۆیە سەرەڕای بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا وکەموکورتییەکانی تر، سەرەڕای بوونی هەر تێڕوانین و ڕەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە، داواکارم لە هەموو کوردستانییانی ئەو ناوچانە، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن، چونكە بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەو ناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات.
بۆیە بۆ هەمووان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەییمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بە پرسە سیاسی و حزبییەكان نەكرێن و بوون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە تەمەنی هێز و لایەنە سیاسییەکانیش کاتی و کورتن.
عوسمانی حاجی مەحموود
١٤/١٢/٢٠٢٣