هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، قسەکانی بەڕێوەبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی میری، “درۆیەكی شاخدارە و ناپاكییەكی گەورەیە لە خەڵك و حكوومەتی هەرێم”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، بەتوندی وەڵامی قسەکانی بەڕێوەبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی میری دەداتەوە، کە لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوە کردبوو، داهاتی باجەکانی هەرێم ٨٠٠ ملیار دینار بووە، بەڵام تەنیا ٢٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا خراوەتەڕوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونکردنەوەکەدا، ئەم لێدوانە بە “درۆی شاخدار و ناپاکی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێم” لەقەڵەم دەدات و ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەڕێوەبەری پێشووی باجەکان و خانووبەرەی میری، پێشتر کێشەی هەبووە و لە دەستەی دەستپاکی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوەتەوە.

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگیی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و لە ڕێگەی لێژنەی دیوانی چاودێریی دارایی، هەموو داتا و ژمارە ڕاستەقینەکانی داهات و باجی ناوخۆی ئاشکرا کردووە و ئەو پرسە کۆتایی هاتووە.

بەڵام بەداخەوە لە ڕێكکەوتنی ١٢ی ١٢ی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باجەكان و خانووبەرەی میری، بۆ یەكێك لە میدیاكان گوتویەتی «گوایە ٨٠٠ ملیار دینار داهاتی باج كۆ كراوەتەوە، بەڵام تەنیا ٢٢٠ ملیار دینار بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی خراوەتە ڕوو». ئەمە درۆیەكی شاخدارە و ناپاكییەكی گەورەیە لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ناوبراو خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کراوە.

لە بەرنامەی کارنامەی كابینەی نۆیەم، ئەنجامدانی چاكسازی و شەفافییەت بووە لە سێكتەری باجدا، لەم چاكسازییانەشدا پشكی شێر بەر كۆمپانیا گەورەكان كەوتووە و هەموو ژمارەکانیش بە ڕوونی خراونەتە بەرچاو.

وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی، ئامانجێکی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە پرسی ڕوونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی لە زیانی خەڵکدا بەرەو خراپی بڕۆن. بەم هۆیەوە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەکار بگرینە بەر.

یەکێک لە بنەماکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە چاکسازی لە بواری باج، لەم ڕووەوەش زۆرترین چاکسازی لە بواری باجدا کراوە و بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...