لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٤٢٢ کەس فەرمانی گرتنیان هەیە و دەستگیر نەکراون
زێدپرێس
لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەزار و ٤٢٢ تۆمەتباری داواکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە لەلایەن دادگاکانەوە فەرمانی گرتنیان هەیە و بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستانم ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە پێکهێنراوە، کە لەلایەن داداگاکانەوە داواکراون و هێشتا دەستگیرنەکراون.
لیوا تاریق ئەحمەد، کە هاوکات سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەشە، ئاشکرای کرد، تا پێش پێکهێنانی ژوورەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی فەرمانی گرتنیان هەبووە و دەستگیرنەکراون، پێنج هەزار و ٩٢٠ داواکراو بووە، کە ماوەی چەندین ساڵ فەرمانی گرتنیان هەبووە. بەڵام ئێستا، لەو ژمارەیە، تەنیا هەزار و ٤٢٢ تۆمەتبار ماون دەستگیر بکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش، زۆرینەی داواکراوە دەستگیرنەکراوەکان لە سنوری چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و هەولێرن، بەم شێوەیە:
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ٥٨٢ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی: ٦٦١ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی پارێزگای دهۆک: تەنیا ١٣ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە: تەنیا ١٣ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی سۆران: تەنیا ٥٠ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی گەرمیان: تەنیا ٤٣ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی زاخۆ: تەنیا ٩ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
پۆلیسی ئاکرێ: تەنیا ٤ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو
هەرچەند، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ئەو داواکراوانەی فەرمانی گرتنیان هەیە، هەزار و ٤٢٢ تۆمەتباری دەستگیرنەکراون، بەڵام ئەو ئامارانەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا و بەگوێرەی پارێزگا و ئیدارەکان خستییەڕوو، بەسەریەکەوە دەکاتە هەزار و ٣٧٥ تۆمەتباری دەستگیرنەکراو و بەو شێوەیەش وا دەردەکەوێت، هەڵەیەک لە ژمارەکان بەگوێرەی ناوچەکان هەبێت.