هه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران: دابینکردنی مووچە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵە

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرێت و هەروەها، بۆ مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی بەهەمان شێوە، دەڵێ بەپێی دەستوری عێراق بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمدا، دوایین پێشھاتەکانی ھەردوو دۆسیەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

“دووپاتیان کردەوە کە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاڕاستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەبەرانبەریشدا ھەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و ھەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و ھەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی ٢٠٢٤ ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان لەکاتی خۆی وەربگرن، کە ئێستا بەداخەوە بەھۆی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم درووست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرێت”.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە ھاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە ھەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانییش بێت لە ھەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا ھەیە.

لە کۆتاییدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیازێکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و ھەروەھا ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە(٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

“ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەکانی پەسەند کرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە ھەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیی ھەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکوومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵە”، لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...