حزبی شیوعی داوای بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژاڤا دەکات
زێدپرێس
سوبحی مەهدی گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەستدریژییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان لە ڕۆژئاوا، کە زیانی زۆری بە خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک وێستگەی کارەبا و ئاو و چاپخانە گەیاندووە، ڕایگەیاند، “ئەو کارەی دەوڵەتی تورکیا شەڕفرۆشتنێکی بێ بنەمایە، بەرانبەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، کە بە خوێنی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی بەدەست هاتوون و سوورن لەسەر بەردەوامی و گەشەپێدانی وەک مافێکی ڕەوای هەر میللەتێک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا”.
گوتەبێژەکەی حزبی شیوعی ئاماژەیدا، “لە ڕابردوودا شێوازی جۆراوجۆری زەبروزەنگ بەکارهات، لە کوشتن و خاک سووتاندن و کیمیابارانکردن و ئەنفالکردن، بەڵام گیانی بەرەنگاری و هەستانەوەی لای تیکۆشەران بەهێزتر کرد”.
لەو ڕوانگەیەشەوە، دەڵێ “هەر بۆیە پێویستە نەیارانی گەلی کوردستان بەگشتی و دەوڵەتی تورکیا بەتایبەتی، ئەو ڕاستییە بزانن ئاگر و ئاسن و پێشێلکارییەکان، کۆتایی بەو خەبات و بەرخۆدانە ناهێنێت و ڕێگای سەردەمییانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ڕێگای دانوستان و داننانە بە مافە ڕەواکانی ئەم گەلە و کۆتایی هێنانە بە کاری سەربازی و پێشێلکارییەکان”.
سوبحی مەهدی زیاتر گوتی “حزبی شیوعی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەمکارە دڕندانانە، داوا لە کۆمەڵگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لەبەرانبەر ئەو پێشیلکارییانە بێدەنگ نەبن”.