هه‌واڵ

حزبی شیوعی داوای بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژاڤا دەکات

زێدپرێس

 

حزبی شیوعی کوردستان لە زاری گوتەبێژەکەیەوە، سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سوبحی مەهدی گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەستدریژییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان لە ڕۆژئاوا، کە زیانی زۆری بە خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکانی وەک وێستگەی کارەبا و ئاو و چاپخانە گەیاندووە، ڕایگەیاند، “ئەو کارەی دەوڵەتی تورکیا شەڕفرۆشتنێکی بێ بنەمایە، بەرانبەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، کە بە خوێنی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی بەدەست هاتوون و سوورن لەسەر بەردەوامی و گەشەپێدانی وەک مافێکی ڕەوای هەر میللەتێک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا”.

گوتەبێژەکەی حزبی شیوعی ئاماژەیدا، “لە ڕابردوودا شێوازی جۆراوجۆری زەبروزەنگ بەکارهات، لە کوشتن و خاک سووتاندن و کیمیابارانکردن و ئەنفالکردن، بەڵام گیانی بەرەنگاری و هەستانەوەی  لای تیکۆشەران بەهێزتر کرد”.

لەو ڕوانگەیەشەوە، دەڵێ “هەر بۆیە پێویستە نەیارانی گەلی کوردستان بەگشتی و دەوڵەتی تورکیا بەتایبەتی، ئەو ڕاستییە بزانن ئاگر و ئاسن و پێشێلکارییەکان، کۆتایی بەو خەبات و بەرخۆدانە ناهێنێت و ڕێگای سەردەمییانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ڕێگای دانوستان و داننانە بە مافە ڕەواکانی ئەم گەلە و کۆتایی هێنانە بە کاری سەربازی و پێشێلکارییەکان”.

سوبحی مەهدی زیاتر گوتی “حزبی شیوعی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەمکارە دڕندانانە، داوا لە کۆمەڵگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لەبەرانبەر ئەو پێشیلکارییانە بێدەنگ نەبن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...