هه‌واڵ

وەزارەتی پێشمەرگە: مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاومان دەبێت

زێدپرێس

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە دەکات و دەڵێ هێزی پێشمەرگە مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دووشەم، ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ هێرشە درۆنییەکەی سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوری پیرمام-هەولێر بڵاوکردەوە. وەزارەتەکە بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات، کە شەوی ٣٠/٣١ی کانوونی یەکەم لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە و بۆ ڕۆژی دواتر گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ “سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، زامنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکوومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین، کە هاوكار و پاڵپشتمان بن بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسانە، کە دەبێتە هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی”.

داوایشی کردووە، “هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەنرێن”.

زیاتر دەڵێ “دووپاتیشی دەکەینەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...