هه‌واڵ

یەکێتی هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بایکۆتی مامۆستایان دەدات

زێدپرێس

 

یەکێتیی نیشتمانی لە ڕێگەی مەڵبەند و ڕێکخستنەکانییەوە هەوڵی کۆتاییهێنان بە بایکۆت و مانگرتنەکانی مامۆستایان دەدات و لە چەند کۆبوونەوەیەکدا بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت بایکۆت بشکێنرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەست زێدپرێس کەوتوون، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی بەرپرسی مەڵبەند و ڕێکخستنە حزبییەکانەوە، بڕیاریداوە کۆتایی بە بایکۆتی دەوام لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و پەروەردەکانی دیکە بهێنرێت و دەست بە خوێندن بکرێتەوە.

سەرچاوەکانی زێدپرێس ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەرپرسانی مەڵبەند و ڕێکخستنەکانی یەکێتی، لە سنوری چەندین پەروەردەدا، لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی پەروەردە کۆبوونەتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون، کە بڕیاری یەکێتی ئەوەیە کە دەبێت لە گەرمیانەوە تا کۆیە بایکۆت بشکێنرێت و دەست بە خوێندن بکرێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و هەر ئەمڕۆ شەممە، ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بەرپرسی مەڵبەندی کۆیەی یەکێتی، لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای کۆیە، کۆبوونەتەوە و بڕیاری حزبەکەی لەوڕووەوە بە بەڕێوەبەرانی پەروەردە ڕاگەیاندووە.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ڕێکخستنەکانی یەکێتی و بەڕێوەبەرانی پەروەردەکان بە مامۆستایانی ناڕازی گەیشتووە و هەر ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سنوری کۆیە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یاداشتنامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی “دەسەڵات” دەکەن، لە پێناو شکاندنی بایکۆتدا و دەڵێ “لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سنوری بایکۆت لەنێو بارەگا حزبییەکان کۆبوونەوە بە بەڕێوەبەرەکان کراوە و لەم نێوەندەشدا لەشاری کۆیە لەبری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، لەنێو مەڵبەندی چواردەی کۆیە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەران ئەنجامدراوە و فشار خراوەتە سەر بەڕێوەبەرەکان بۆ شکاندنی بایکۆت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە بەناوی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی کۆیە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، ئەوان وەک “مامۆستایانی مافخوراو بەهیچ شێوەیەک ناچینە ژێرباری هیچ جۆرە فشارێک” و دووپات لە بەردەوامبوونی بایکۆت تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەنەوە و بڕیاریشیانداوە بەیانی یەکشەم، ٧ی کانوونی دووەم، لە بەردەم پەروەردەی کۆیە گردببنەوە و پێداگیری لەسەر بەردەوامیدان بە بایکۆت لەماوەی وەرزی دووەمی خوێندن بکەنەوە.

هەوڵی ڕێکخستنەکانی یەکێتی بۆ کۆتاییهێنان بە بایکۆت لەکاتێکدایە، کە بەپێی زانیارییەکانی زێدپرێس، بڕیارە سبەی یەکشەم نووسراوی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی دەوام لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و پەروەردەی کۆیە بکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەگەیەنرێت بۆ دامەزراندنی بەگرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ، کە یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژە لەو دەڤەرەدا و هاوکات بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی مامۆستانیش لە نووسراوەکەدا ڕادەگەیەنرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...