هه‌واڵ

فراکسیۆنی یەکێتی سکاڵا لەسەر وەزارەتی تەندروستی و پزیشکی داد تۆمار دەکات

زێدپرێس

 

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی داواکاری گشتی سکاڵایەکیان دژی وەزارەتی تەندروستی عێراق و پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا تۆمار کرد، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پشکنینی DNA  بۆ ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو بکات، کە ماوەی چوار ساڵە لە پزیشکی دادوەری بەغدا هێشتراونەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کاروان یاروەیس بڕیادەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە بەغدا، لەگەڵ دادوەر نەجم عەبدوڵا ئەحمەد سەرۆکی داواکاری گشتی کۆبوونەتەوە و نووسراوێکی فەرمیان ڕادەست کردووە و سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا.

ڕوونیکردنەوە، تۆمارکردنی سکاڵاکە، بۆ جێبەجێنەکردنی مادەی (٦) بڕگەی (٥) لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی (٢٠١٥) دەگەڕێتەوە، کە تایبەتە بە پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا سکاڵاکە تایبەتە بە ئەنجامنەدانی پشکنینی DNA بۆ (١٧١) ڕووفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان، کە ماوەی ٤ ساڵە لە پزیشکی دادوەری بەغدان.

بەگوتەی یاروەیس، سەرۆکی داواکاری گشتی بڕیاریداوە دۆسیە بۆ داواکارییەکە بکرێتەوە و لە هەمان ڕۆژیشدا نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کردووە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

ماوەی ٤ ساڵە، ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراوی گەرمیان لە سەر ڕەفەکانی پزیشکی دادوەری بەغدا هێشتراونەتەوە و تا ئێستا پشکنینی DNA بۆ ڕووفاتەکان نەکراوە و بەو هۆیەوە ڕووفاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان نەگێڕدراونەتەوە.

نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ پشکنینی ڕووفاتەکان و گێڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.

ماوەی ڕابردوو، یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، بەتوندی ڕەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی عێراق گرت، لە بەرانبەر کەمتەرخەمیان لە پشکنینی ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراوەکەی گەرمیان و مەترسی ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کە پێشنیازێک لە بەغدا هەیە، بۆ جارێکی دیکە بەخاکسپاردنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان لە گۆڕستانێکی بەغدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...