هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: دەبێت لە پارەکە هات یان نەهات نەجاتمان بێت

زێدپرێس

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت ڕێککەوتنی ڕیشەیی لە نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت و “لە پارەکە هات یان نەهات نەجاتمان بێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەم ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە میدیاکانی ڕاگەیاند، هیوادارم چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچە بدۆزینەوە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا کێشەیەک بەناوی کێشەی مووچە نەمێنێت.

زیاتر هیوای خواست هەمواری یاسای بودجە پەسند بکرێت و ڕێککەوتنی گشتگیر لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بکرێت.

گوتیشی بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە گەشبینە: “شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدایە و خۆی لە خۆیدا گرنگە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و تا ئێستا کۆبوونەوەکان باشن”.

زیاتر دەڵێ “شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا هەوڵ دەدەن یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و چارەسەرێکی یەکجاریی بۆ کێشەی مووچە بدۆزرێتەوە، دەبێت کۆتایی بەوە بهێنین، ئەمە بە پینە ناکرێت، هەر جارێک دەچین پینەیەکی دەکەین، ئایا ٧٠٠ ملیارەکە هات یان نەهات، دەبێت لەم دڵەڕاوکێیە نەجاتمان بێت و لە ساڵی ٢٠٢٤ باسی مووچە نەکەینەوە”.

لەبارەی بایکۆتکردنی دەوامی قوتابخانەکان و کێشەی مامۆستایانی ناڕازیشەوە، ئاماژەی بەوە کرد، کە تێگەیشتنیان بۆ ناڕەزایەتی مامۆستایان هەیە و مافی خۆیانە داوای مافەکانیان بکەن. هەروەها، ئاماژەی بە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کرد و جەختی کردەوە کە بڕیارەکە بەشێک لە داواکارییەکانی مامۆستایان لەخۆدەگرێت و هیوایشی خواست بڕیارەکە ببێتە مایەی ئەوەی دەرگای خوێندگەکان بکرێنەوە.

لەبارەی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی “نابێت بفەوتێت و هەموو هەوڵێک دەدەین نەفەوتێت، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەو مووچانە بفەوتێت”.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، هەڵوەستەی لەسەر پرسی کەرکووک کرد و لە وەڵامی میدیاکاراندا گوتی “دوای هەڵبژاردنەکان، پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە و یەک هەڵوێست و یەک بەرنامەمان هەبێت بۆ ئەوەی چیتر نەهێڵین ستەم لە خەڵکی کەرکووک بکرێت”.

لەمەڕ پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش، ڕایگەیاند، یەکێتی مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، بەهۆی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی هێناوە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی “هەموو کات سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان چ لە ناو عێراقەوە بێت چ لە دەرەوەی عێراقەوە بێت، ئەو هێرشانە هیچ سوودێک ناگەیەنن و تەنیا ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکەن و لەو ڕوانگەیەوە بە هەموو لایەک دەڵێین کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...