هه‌واڵ

سەرۆکایەتی هەرێم داوا لە عێراق دەکات بەپەلە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات

 

زێدپرێس

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بەتوندی ئیدانەی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و داوایش لە حکوومەتی عێراق دەکات به‌په‌له‌ ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات بۆ ده‌رخستنى ڕاستییه‌كان و پاراستنی سنورەکانی کوردستان.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:

 

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى‌ ئه‌و هێرشه‌ دوژمنكارییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران شه‌وى ڕابردوو به‌ مووشه‌كى دوورهاوێژ كردیه‌ سه‌ر هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتى شه‌هید و بریندار بوون. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌كه‌ین، هاوسۆز و هاوخه‌میانین و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

به‌رده‌وامیى به‌ئامانجگرتنى هه‌رێمى كوردستان و شه‌هیدكردنى هاووڵاتییان، تاوانكارییه‌كى بێ پاساو و دژ به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دراوسێیه‌تى و به‌ها مرۆیییه‌كانه‌‌، هه‌روه‌ها پێشێلكردنێكى زه‌قى سه‌روه‌رى و ئارامى و سه‌قامگیریى عێراقه. هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز بۆ هیچ لایه‌نێك سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بووه‌ و نابێت.

به‌هانه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ هێرشه‌كه‌ به‌ ته‌واوى بێ بنه‌ما و دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌، بۆیه‌ داوا له‌ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق ده‌كه‌ین به‌په‌له‌ ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات بۆ ده‌رخستنى ڕاستییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌ركى خۆى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بگه‌یه‌نێت و ڕێ له‌و هێرشانه‌ بگیرێت.

 

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان

2024/1/16

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...