هه‌واڵ

ئەمریکا دەیەوێ کوردەکانی سووریا لەگەڵ ڕژێمی سووریا ڕێکبکەون

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پلانێکی هەیە بۆ ڕێککەوتنی کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕژێمی سووریا. هەرچەند مەزڵوم کۆبانێ سەرۆکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە “پلانێکی ڕزیو” ناوی دەبات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەلمۆنیتەر، ئەمریکا پلانێکی هەیە بۆ هاوپەیمانە کوردەکانی سووریا لە هەڵمەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی سووریا، ئەمەش بەشێکە لە پێداچوونەوەی نوێ بە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا.

ئێستا ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگیرکراون و شرۆڤەکاران دەڵێن، ئاماژەکان لە زیادبووندان کە ئەگەر نزیک نەبێت، ڕەنگە کشانەوەی ئەمریکا حەتمی بێت لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سەر بە ئێران و ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل.

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزی سووریای دیموکرات بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە، ئاگاداری پلانەکەی پنتاگۆن نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “یەکەمجارە ئەم هەواڵە دەبیستم. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، کە ڕەتیدەکاتەوە هەر جۆرە گفتوگۆیەکی مانادار لەگەڵ ئێمە بۆ ئایندەیەکی دیموکراسی بۆ هەموو وڵات بە کوردیشەوە لەبەرچاو بگرێت و دەوڵەتی سوپای عەرەبی سووریا کە بێتوانایە لە بەرگریکردن لە ناوچەکانی خۆی لە دژی داعش، چ جای خاکەکانی ئێمە” کۆبانێ وای گوت.

کۆبانێ دەڵێ “من سەرم سوڕماوە و ناتوانم لە ماناکانی پشت ئەم پلانە ڕزیوە تێبگەم.”

چارلز لیستەر، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا کە لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی کانوونی دووەم، یەک لەسەر سێی هێرشەکانی داعش لە سەرانسەری جیهان لە سووریا ڕوویانداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە گەورەترین بەڵگەیە کە تا ئێستا لەبەردەستماندایە کە داعش بە شێوەیەکی ڕێکخراو تواناکانی خۆی لە سووریا بنیادناوەتەوە، کە زۆربەیان لە خاکی ژێر دەستی ڕژێمدا ڕوودەدەن. ڕژێم بە تەواوی بێتوانا دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ داعش ئەگەر لەناکاو خۆی لە بەرپرسیارێتی ٢٠-٣٠٪ زیاتری وڵاتدا ببینێتەوە”. لیستەر زیاتر دەڵێ “ئەمە دیارییەکە بۆ داعش لەسەر نەخشەی جیهانی”.

لیستەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، یو ئێس ئەی ئاید و سی ئای ئەی پەیوەندییان پێوەکردووە سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا “بەو گریمانەیەی کە حەتمییە ئەگەر نزیک نەبێت”.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەردا دەردەکەوێت، پلانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی کوردەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لەژێر کاریگەری ئێراندایە، بەتایبەت کە ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە بەردەوامە لە گورزوەشاندن لە بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق بۆ ناچارکردنیان بە کشانەوە.

گوتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی دووشەم ڕایگەیاندووە، لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ١٥١ هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجامدراوە. زۆربەی هێرشەکان بە هاژەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و بەشێک لە هێرشەکان تێکشکێنراون. بەڵام درەنگانی ڕۆژی شەممە، میلیشیاکان بە چەندین هاژەکێکی دوورهاوێژ هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق، کە لە ڕیزی سەربازە عێراقی و ئەمریکییەکاندا برینداری لێ کەوتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...