هه‌واڵ

مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەدەنەوە

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە داوای شکاندنی بایکۆت لە مامۆستایان دەکات، ڕەتی دەکەنەوە بایکۆت بشكێنن و ڕایدەگەیەنن ئەوان بە ڕاوێژ و پرسکردن بە هیچ کەس و لایەنێک بایکۆتیان نەکردووە، تا بە خواست و ویستی ئەویش بیشکێنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی:

 

وەڵامێک بۆ بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژی ٢٢/١/٢٠٢٤

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێکی گەورە و کاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار مانگ و نیو لە بایکۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێکی تەواوی خوێندن و لەسەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە پەراوێز و کۆتا خاڵی کۆبوونەوەکەیاندا، زۆر بە لاستیکیی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێک و بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی (بایکۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێکی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە مامۆستایان ئەکەن کە بایکۆت بشکێنن!

کۆبوونەوە و داواکارییەکانی ناو کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە کەسی دووەمی ئەو حیزبە جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستانە و بە فیعلییش سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی زۆنەکەیانە، ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی ڕابردوودا جگە لە کۆمەڵێک لێدوان، هیچ هەنگاوێکی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە لە قەڵەمڕەوییەکەیاندا، کە لایەنی کەم ئەیتوانی بە جێبەجێکردنی چەند خاڵێک لە پێنج خاڵی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، مامۆستایانیان دڵخۆش بکردایە و ئومێدێکی بۆ شکاندنی بایکۆت دروست کردبا !

یەکێتیی ئەتوانێت خەڵکی تر چەواشە بکات، بەڵام مامۆستایان کە وانەی (هۆشیاریی) بە کۆمەڵگا ئەڵێنەوە، بەرچاویان ڕوونە کە یەکێتیی خۆی بەشێکە لە کێشەکان و هەر بۆ خۆیشیان ئەتوانن بەشێک بن لە چارەسەر.

یەکێتیی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە زۆنەکەدا و لە کۆی هەرێمیش وەک پارتیی بەرپرسیارە و ناتوانێت خەڵک بەلاڕێدا ببات و وەک ئۆپۆزسیۆن لەلایەک موخاتەبەمان بکات و لەلایەکیترەوە مەڵبەند و کۆمیتەکانی و بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەمان بۆ بخاتەگەڕ تا ناچار بە دەوامکردنمان بکات!

لە بەلاغەکەدا ناوی سەرۆکی یەکێتیی(بافڵ تاڵەبانیی) هاتووە کە داکۆکیکار بووبێت لە مافەکانمان، ئەو بەڕێزە بە هەندێ جووڵە و لێدوان، بڕوایەکی لای خەڵک دروستکرد کە ببێت بە سەرەتایەکی ئەوتۆ کە ئومێد بگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵگاکەمان، بەڵام دیسان ئەویش جگە لە دیاردەیەکی میدیایی، چی دیکەی لێ شین  نەبوو !

ئێمە لەوان ئەپرسین؛ باس لە هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی دەکرێت لە بەغدا، ئایا هەوڵەکانی چیبوون و ئەنجامەکانی چی بوو؟!

بە پێچەوانەوە، ئێستا بڕوایەک لەناو خەڵکدا هەیە، کە یەکێتیی پێنج مانگە پرسی (بایکۆتی مامۆستایان)ی بۆ دوو مەبەست ڕاگرتووە و فشارێکی ئەوتۆی لە مامۆستایان نەکردووە تا بایکۆت بشکێنن :

یەکەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی ڕادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات.

دووەم: وەک فشارێک و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەست بهێنن!

ئێستاش کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوکە و پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە فشار و چاوسوورکردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و کۆمەڵێک دەسەواژەی چەواشەکارانە، پرسەکە بێنێتەوە گۆڕێ!

 

ئێمەش بە خەڵکی کوردستان ئەڵێین :

١- بە ڕاوێژ و پرسکردن بە هیچ کەس و لایەنێک بایکۆتمان نەکردووە، تا بە خواست و ویستی ئەویش بیشکێنین!

٢- بایکۆت پرسێکی سیاسیی نییە تا بە کۆبوونەوەی سیاسیی و سەرکردایەتی هیچ حیزبێک بشکێت!

بۆ یەکێتییش وا باش بوو کە لەبری کۆبوونەوەی خۆی، فشاری لە (قوباد تاڵەبانیی) کردبا تا ببێتە فریادڕەسی (خوێندنی ئەم ساڵی خوێندکاری هەژار و نەداران) بەوەی کە ئەگەر (مەسرور بارزانیی) و پارتیی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ نەکات، ئەوا لە کابینە وزارییەکەی ئەکشێنەوە، نەک وەک ئۆپۆزسیۆن و تەنێکی نامۆ بە جەستەی حکومەت چەواشەکاریی بکەن!

٣- داخوازییەکانمان ڕوونن، ئێستاش نەچووە و بچێت، ئەتوانن دڵی شکاوی مووچەخۆران بە دەست بێنن و لە هەمان کاتدا دڵی خوێندکاران و کەسوکاریشیان خۆش بکەن.

 

بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ئەبن و بەبێ ئەنجام کۆتایی نایەت..

دروود بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و وانەبێژان..

سەربەرزیی بۆ خەڵکی بەهەڵوێستی چین و توێژەکانی دیکە..

( ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ) ٢٣ / ١ / ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...