هه‌واڵ

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق: وەک کردەوەیەکی دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا دەکەین

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، ڕایدەگەیەنێت، وەک کردەوەیەکی دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە بەرانبەر هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە جورف ئەلنەسەر و ئەلقایم، ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئەندامانی سوپا و حەشدی شەعبی، بە زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق لەقەڵەم دا.

یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵا گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لەکاتێکدا لێگەیشتنەکان لەمەڕ ڕۆڵ و ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق هەنگاوی ئەرێنییان ناوە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی داهاتوو، ئەم کردەوانە ئاستەنگ لەبەردەم هەنگاوە ئەرێنییەکان دادەنێن و زیان بە ڕێککەوتنەکان و تەوەرەکانی هاوکاری هاوبەشی ئەمنی دەگەیەنن.

یەحیا ڕەسوڵ زیاتر دەڵێ، ئەم کارە قبوڵ نەکراوە و بە ئاشکرا سەروەری عێراق پێشێل دەکات و زیاتر لەوەش وەک کردەوەیەکی شەڕانگێزانە و ناڕەوا دژ بە خاک و سەروەری عێراق لێکدانەوەی بۆ کردووە.

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەمان ڕاگەیەندراودا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ئەستۆ بگرێت، هەروەها ڕێگری لە هەموو سەرپێچییەک بکات کە بە ڕاستیی مەترسی لەسەر سەقامگیری و سەروەری عێراق دروست دەکات، “لە کاتێکدا وەک کردەوەی دوژمنکارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەکەین”، یەحیا ڕەسوڵ وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...