ههواڵ
ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازن و لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیش، هەناردەکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەست پێ دەکاتەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:
تیمەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانەگاز لە كێڵگەی كۆرمۆر سەرقاڵی چارەسەركردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی گازن، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو (٢٥)ی كانوونی دووەم بەهۆی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كێڵگەكە ئاگر كەوتەوە. خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانێكی ماددی لێكەوتەوە. بەم هۆیەشەوە لە كاتژمێر (١٠)ی دوێنێ شەوەوە هەناردەكردنی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 2800 میگاوات کارەبا ڕاگیراوە و زیانی گەورەی بە هاووڵاتییانی كوردستان گەیاندووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە بەرهەمهێنانی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دەستپێدەكاتەوە.
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤