هه‌واڵ

دەستپاکی دۆسیەیەکی گەندەڵی بەبڕی پێنج ملیار دینار ئاشکرا دەکات

دەستەی دەستپاکی عێراق، بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەیەکی گەندەڵی بە بڕی پێنج ملیار دینار، دەستگیرکردن سەرۆکی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی لە پارێزگای نەینەوا ڕادەگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤، دەستەی دەستپاکی عێراق دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی لە پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند، بە تۆمەتی زیادەڕۆییکردن لەسەر زەوی موڵکی دەوڵەت و بەنایاسایی فرۆشتنی بە هاووڵاتییان.

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی دەستە لە پارێزگای نەینەوا پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانەی بە بەڕێوەبەرایەتییەکە گەیشتوون سەبارەت بە سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتەجێکردنی هەرەوەزی حەمدانییە و ئەندامانی زێدەڕۆکار لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە دەوڵەت و فرۆشتنیان بە هاووڵاتییان.

ڕوونیکردنەوە، تیمەکە دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی دروستی زانیارییەکان، سەردانی شارۆچکەی حەمدانییە کرد و توانیان سەرۆکی کۆمەڵەکە و یەکێک لە ئەندامانی بە تۆمەتی زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە سامانی دەوڵەت دەستگیر بکەن، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەکانی کۆمەڵە و کۆپی تۆماری پارچە زەوییەکان.

لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تیمەکەدا دەرکەوتووە کە تۆمەتباران بە پێچەوانەوەی یاسا، زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوڵەتیان بە هاووڵاتییان فرۆشتووە و ئەو ڕووبەرە زەوییەی بەشێوەی پارچە پارچە دەستیان بە فرۆشتنی کردووە، ٥٧٢ دۆنم دەبێت و بەهاکەی بەنزیکەی پێنج ملیار دیناری عێراقی دەخەمڵێندرێت.

دەستەی دەستپاکی هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕاپۆرتی تایبەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆمەڵەکە و بەڵگەنامە و تۆماری زەوییەکان ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون و بڕیار لەسەر ڕاگرتنی تۆمەتباران دراوە بەگوێرەی بڕگەکانی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...