هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست و یه‌كڕیز باین دۆخه‌كه‌ به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دەکات، “به‌ گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتمانی و به‌ لێكگه‌یشتن، ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن” و ڕایدەگەیەنێت “ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست و یه‌كڕیز باین، دۆخه‌كه‌ به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت”.

 

ئەو گوتانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیامێکدا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، ڕایگەیاند.

سەرۆکی هەرێم لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێ: “ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕین، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، به‌ گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتمانی و به‌ لێكگه‌یشتن، ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن تا بتوانین پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و ئاڵنگارییه‌كان ببینه‌وه‌ و فیدڕاڵی و قه‌واره‌ی سیاسی و ماف و ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان بپارێزین”. دووپاتی دەکاتەوە: “هه‌مووان له‌ هه‌مان كه‌شتیداین و ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست و یه‌كڕیز باین، دۆخه‌كه‌ به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە: ” گه‌لی كوردستان هه‌رگیز واز له‌ ئازادی و مافه‌كانی ناهێنێت. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی تا نكۆڵی له‌ كورد و كوردستان بكرێت و مافه‌كانی پێشێل بكرێت، عێراق خۆشی و سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

نه‌ورۆز، جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردی، به‌ گه‌رمی له‌ خێزان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، له‌ هه‌ر كوردێك و هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ هه‌ركوێ بن‌، پیرۆز ده‌كه‌م. هیوای ساڵێكی تازه‌ی پڕ له‌ خۆشی و ته‌ندروستیی باش، ئارامی و ئاسووده‌یی و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕین، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، به‌ گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتمانی و به‌ لێكگه‌یشتن، ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن تا بتوانین پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و ئاڵنگارییه‌كان ببینه‌وه‌ و فیدڕاڵی و قه‌واره‌ی سیاسی و ماف و ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان بپارێزین. هه‌مووان له‌ هه‌مان كه‌شتیداین و ئه‌گه‌ر هاوهه‌ڵوێست و یه‌كڕیز باین، دۆخه‌كه‌ به‌ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت.

گه‌لی كوردستان هه‌رگیز واز له‌ ئازادی و مافه‌كانی ناهێنێت. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی تا نكۆڵی له‌ كورد و كوردستان بكرێت و مافه‌كانی پێشێل بكرێت، عێراق خۆشی و سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت. با هه‌موومان له‌ عێراق له‌ هه‌ڵه‌كانمانه‌وه‌ فێر ببین. جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور و فیدراڵی و ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان، ده‌ستیده‌ستیكردن به‌ شایسته‌كان و هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، جگه‌ له‌ زیان هیچ سوودێكی بۆ عێراق نابێت.

له‌م جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌دا جه‌خت له‌ بڕوا و سیاسه‌تی نه‌گۆڕمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت. خوازیاری په‌یوه‌ندیی باش و دۆستانه‌ و دراوسێیه‌تیی باشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا پیرۆزبایی له‌و گه‌لانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن و ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

سوپاسی تێگه‌یشتن و گیانی به‌رپرسیاریه‌تی و خۆڕاگریی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م. له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری باری ژیان و گوزه‌رانیانین. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌، كاری له‌پێشینه‌ی هه‌موومان له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌. دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ختیانه‌ش تێده‌په‌ڕن و ده‌بنه‌ ڕابردوو. به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ژیان و داهاتوویه‌كی باشتر هه‌نگاو ده‌نێین و كوردستان بۆ هه‌میشه‌ وڵاتی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و فره‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.

 

نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌تان پیرۆز.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...