ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیەندرا
زێدپرێس
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران:
بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکوومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارییهتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەناو هەمواری یاسای بودجەی گشتیى فیدڕاڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/10، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایى و ئابوورى و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایە ڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵ و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاریى پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفی و نەوت و داهات و خەرجییە نەوتی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرانبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکوومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارییهتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەناو هەمواری یاسای بودجەی گشتیى فیدڕاڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆکوەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگه و شەقام و شوێنە گشتییەکان وەک موڵکی گشتی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندیى گشتیى هاووڵاتییان بگەیەنێت بەگوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لەناو یاسای پاراستنی ڕێگه گشتییەکان هاتوون. لە هەمان کاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت. لەم ڕووەوە ئەنجوومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد موڵکی گشتی و ڕێگه و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندیى گشتیی هاووڵاتییانە.