هه‌واڵ

ڕێبەر ئەحمەد: هیچ نەماوە بەغدا داوای بکات

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بەوەی لە حکوومەتی هەرێمەوە، هەر داتا و زانیارییەکی پێویست بۆ حکوومەتی عێراق خراوەتەڕوو، دەڵێ، هیچ نەماوە بەغدا داوای بکات.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە میانەی بەشداریکردن لە کردنەوەی نۆیه‌مین پیشانگای ئوتۆمبێل و پارچەی یەدەگ و جوانکاری ئوتۆمبێل لە هەولێر و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەمەڕ هاتنی شاندێکی دیوانی چاودێری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، هەموو هاوکارییەک لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەکرێت و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وەک پێشوو، هەر هاوکاری و کارئاسانییەکیان پێشکەش دەکات.

ڕێبەر ئەحمەد، وەک ئاماژەیەک بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتا و زانیارییە پێویستییەکانی بۆ حکوومەتی عێراق خستووەتەڕوو، گوتی: “هیچ نەماوە کە ئەوان داوای بکەن، هەر پرسیارێکیان هەبێت، وەک پێشوو هاوکارییان دەکەین”.

وەزیری ناوخۆ، لەبارەی بڕیارەکەی ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی، “هێشتا ئێمە و خەڵکیش بەدروستی تێنەگەیشتوون ئەو بڕیارەی دادگەی فیدڕاڵی چۆنە و چۆن جێبەجێ دەکرێت”.

زیاتر گوتی: “پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی بەغدا بە لێکتێگەیشتنێک بگەن کە هەم لەگەڵ دەستور و یاساکان بگونجێت و هەم ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، وەک هەرێمێکی دەستوری کە بەخوێنی شەهیدان دروستبووە”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button