سیاسیشرۆڤه‌

دادگای فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان!

ماوەیەکە دادگای فیدڕاڵی بڕیار لە دوای بڕیار دەرهەق بە هەرێمی کوردستان دەردەکات. ئایا دادگای فیدڕاڵی دژی هەرێمی کوردستانە و پیلانێکی سیاسی جێبەجێ دەکات یان بیانووی بەدەستەوە داوە؟

 

دەستوری عێراق ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و یاساییە کە بەدەنگی گەلانی عێراق بە گەلی کوردستانیشەوە پەسەند کراوە. بەپێی ئەو دەستورە سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراق ڕێکخراوە و لەو چوارچێوەیەشدا بەشی هەر زۆری مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر کراون.

بێگومان گەلی کوردستان مافی خۆیەتی لەوەش زیاتری هەبێت، بەڵام لە هەلومەرجەکانی نووسینەوە و پەسەندکردنی دەستور هەر ئەوندەمان پێهەڵکڕێندراوە. هەرچەندە مافە دانپیاندراوەکانیشمان نە کەم و نە بێبایەخن، بەڵام بەداخەوە هەموویان جێبەجێ نەکراون. بێگومان ئۆباڵی جێبەجێ نەکردنی زۆر لە ماددە و بڕگەکانی دەستور لەناویشیاندا ئەوانەی پەیوەندیان بە مافەکانی گەل و هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی فیدڕاڵی.

ئێمە هەمیشە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستور بەگشتی و ماددەی (١٤٠) بەتایبەتی دەکەین و مافی خۆشمانە هەر لەسەریان پێداگربین، بەڵام ئایا ئەستۆی هەرێم لە جێبەجێکردنی هەمان دەستور پاکە؟

بێگومان نا، کەچی لەوبارەیەوە خۆی مات دەکات!

لەبەر هەر هۆکارێک بووبێت، لەسەرەتاوە ئاڕاستەیەکی سیاسی بەهێز لە کوردستان بەبایەخەوە سەیری عێراق و دەستورەکەی نەکردووە، بۆیە پێدەچێت ئەو ئاڕاستەیە تەنیا ئەو ماددە و بڕگانەی خوێندبێتەوە کە مافەکانیان دەستەبەر کردوون و چاویشیان لە ئاستی ئەو ماددە و بڕگانەی کە ئەرکەکانیان دیاری کردوون نوقاندبێت!

ئاشکرایە هێشتا لە عێراق ئاڕاستەیەکی سیاسی شۆڤینی و بەهێزی دژە سیستەمی فیدڕاڵی هەیە، بۆیە دەبوو هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەستوردا پەرێزی خۆی زۆر پاک ڕاگرتبا، تاکو بیانوو بەدەست ئەوانەوە نەدات، کە لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەرفەت دەگەڕێن.

ئێمە دەزانین و دڵنیایین زۆر هێزی کاریگەر چاوەڕوانی دەرفەتن، ئەدی باشە هەرێم بۆچی بیانوو بەدەستەوە دەدات؟

دەپرسین:

– ئایا دادگای فیدڕاڵی ڕێگەی نەدا لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت؟

– ئایا دادگای فیدڕاڵی ڕێگری کردبوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان؟

– ئایا دادگای فیدڕاڵی رێگری کردبوو لە هەڵبژاردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم؟

– ئایا دادگای فیدڕاڵی بوو کۆتای پێکهاتەکانی بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی و دژی لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان بەکاردەهێنا؟

ئەوانە و دەیان هەڵە و کەموکوڕی تر، کە بوونەتە بیانووی دەستی هەم ئەو لایەنانەی کە بەڕاستی دەیانەوێ یاسا سەروەربێت و هەمیش ئەوانەی لە دژی هەرێمی کوردستان لە دەرفەت دەگەڕین. هەق نییە چیتر گلەیی لە کەس بکەین و بۆ بەختی خۆمان بگریێین، بەڵکو دەبێت گلەیی لە خۆمان بکەین و بەخۆماندا بچینەوە، تا بتوانین بەرگەی فشارەکان بگرین و هەرێمی کوردستانیش بپارێزین، دەنا ئەوانەی بیندران هەر لێڵی دەبن و هێشتا لۆلۆ ماوە.

ئارێز عەبدوڵا

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button