سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

پزیشکیان و چارەنووسی گەمەی ڕیفۆرمخواز-موحافیزەکار لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا

پێش چەند ساڵێک لەمەوپێش پزیشکیانم لە کۆنفراسێک لە شاری مەهاباد بینی. کە ئەوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو. بابەتی من لە کۆنفراسەکەدا تایبەت بوو بە  (بایەخی بەعەقڵانی بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان لە وڵاتی فرەکەلتووردا)، کە قسەکردن بوو لەسەر واقیعی فرەنەتەوەیی و مەزهەبی  ئێراندا. ناوەڕۆکەکەشی ڕەخنەگرتن بوو لەوەی کە تاوەکوو ئێستا ئێران تەنها بە ڕووکەش دانی بە جیاوازییەکاندا ناوە و سیستەم ڕێگە نادات پێکهاتەکان خۆیان بەو جۆرەی دەخوازن و هەن، گوزارشت لە خۆیان بکەن و نوێنەرانی خۆیان بکەن و پەیوەندییان بە ئەوی دی و ناوەندەوە دیاری بکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوایی، سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە گوتیان بابەتەکەت جێگەی سەرنجی دکتۆر پزیشکیان بووە و داوای لێ کردووین بۆی وەربگێڕینە سەر فارسی. لەو کاتەدا پێم خۆش بوو کەسانێك لەناو نیزامدا هەبن لانی کەم گوێ لەم جۆرە قسانە بگرن و جێگەی بایەخیان بێت، گەرچی ڕەقی و ئاڵۆزییەکانی نیزام بەجۆرێکن ئاسان نییە بەو ئاسانییە ڕێگا بە گۆڕانکارییەکی قووڵی وا بدەن، کە بتوانێت بۆ ئاستی وەڵامدانەوە بەم جۆرە خواستانە بکرێتەوە و خۆی ڕیفۆرم بکات.

 

ئێستا، برادەرەکەمان لە چوارچێوەی میکانیزم و ڕێگەپێدراوەکانی نیزامدا بووە بە سەرۆککۆمار. وێناشی وا کراوە کە نوێنەرایەتی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز دەکات. لە کاتێکدا لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەشدا، بیرکردنەوەیەک زاڵ بووبوو، کە گەمەی ڕیفۆرمخواز و محافیزکار لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆتایی پێهاتووە. تەوژمی ڕیفۆرمخوازیش لە سۆنگەی شکستپێهێنانی لە بەدیهێنانی ئەرکە مێژووییەکانیدا، بووە بە بەشێک لە مێژووی فکری و سیاسی ئێران و چیدی وەک بژاردەیەک بۆ ئومێد پێوەبەستنەوەی هاووڵاتییان و کۆمەڵ لێی ناڕوانرێت.

 

هەر ئەوەش هۆکاریکی گرنگی کەمیی بەشداریی دەنگدەران بوو لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا.

 

لێرەشدا پرسیار ئەوەیە، داخۆ بردنەوەی پزیشکیان بەرهەمی تەگبیری خاوەندارانی ڕاستەقینەی نیزامە، بەمەبەستی دووبارە بووژاندنەوەی گەمەکە بە قازانجی سوودوەرگرتن لە کات و سنووردانان بۆ نائومێدی خەڵك و لە دەستنەدانی ڕەوایەتی  جەماوەریی، یاخود تەکتیکێکی خوودی ڕیفۆرمخوازەکانە بۆ دووبارە هاتنەوە سەر شانۆی دەسەڵات و خۆسەلماندنەوە و ڕازینەبوون بە مانەوە لە پەراوێزدا، یاخود هەر لە بنەڕەتەوە پزیشکیان سوودی لە ناونیشانی ڕیفۆرمخوازی و ڕەمزییەت و کەلەپوور و مێژووەکەی وەرگرتووە، دەنا خۆی هێندەی پراگماتیکی مامناوەندە، بەواتای وشە ڕیفۆرمخواز نییە، با هەڵگری هەندێک توخم و هەناسەی ڕیفۆرمخوازانەش بێت.

 

بەم واتایەش، هێندەی لە هێڵی ڕەفسەنجانی و ڕوحانیەوە نزیکە لە بیرکردنەوەی خاتەمییەوە نزیک نییە. یاخوود لەکاتێکدا هەڵگری هەندێک ڕەگەزی بیرکردنەوەی ڕیفۆرمخوازانەیە، لە هەمان کاتدا بۆ ئەم قۆناغە ئاماژەشە بە تێپەڕاندنی دووانەی ڕیفۆرمخواز و موحافیزەکار، لانیکەم لە فۆڕمە پێشووەکەیدا؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و ڕەوایەتیش لە تەمومژاوی دیمەنە سیاسییە ناوخۆییەکە و تێکەڵبوونی دیدگا و کارتەکان و ناسکی دۆخە هەرێمایەتی و نیشتمانییەکە وەردەگرێت.

 

بەڵام، ئەوە شاراوە نییە کاتێک پزیشکیان، بەپێچەوانەی هەندێک ڕەمزی تری ڕیفۆرمخوازیی، دەتوانێت بە فلتەرەکانی نیزامدا تێدەپەڕێت و خۆپاڵاوتنی قوبوڵ دەکرێت، ئەوە دەردەخات کەسیەتییەکە لە چوارچێوە گشتییەکەدا قبووڵکراوی نیزامە وێنایەکی بۆ کراوە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بەرژەوەندی و میکانیزماکانیدا هەیە و سەریەشەی گەورەی بۆ دروست ناکات و پەی بەو پەراوێزەش دەبات کە خودی نیزام دەیخاتە بەردەستی بۆ ئەوەی جیاوازییەکانی تیادا پیادەبکات و بشچنە خزمەتییەوە. خۆ ئەگەر هەمووشی ڕاستەوخۆ نەچووە خزمەتی نیزامەوە، ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆکاری دووبارە ڕەونەقدانەوە و جۆشدانەوە بە ڕەوتی موحافیزەکاری و خۆبیناکردنەوە و توندوتۆڵکردنەوەی ڕیزەکانیان.

 

هەڵبەت هەر لەم چوارچێوەشدا دەبێت گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بووە، حساب بۆ ئەوە بکرێت، کە ڕەنگە قبووڵکردنەکە لەو سۆنگەوە بووبێت کەسێتییەکی بەهێز نییە، توانای گەرمکردنی هەڵبژاردنەکانی هەیە، بەڵام ناتوانێت دەربچێت و هەڵبژاردنەکە بباتەوە. هەرچۆنێک بێت پێم وایە لانیکەم ئەم بەشە لەو بۆچوونە ڕاستە کە هێشتا زووە جاڕی مەرگی گەمەی ڕیفۆرمخوازی و موحافیزەکاری لە دەروونی نیزامدا بدرێت، گەرچی بەو فۆڕم و ئاڕاستەی  پێشووتر کۆمەڵگە چاوەڕوانی لێ دەکرد تا ڕادەیەک کەم ڕەنگ بووە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتیش کۆتایی پێنەهاتووە، هێشتا سەرچاوەیەکی دینامیکییەتی سیاسی و هیوابەخشینەوەی کاتی و چاوەڕوانی کەمترکردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانە. پێشم وایە خاوەنداری نیزامیش پێی وایە ڕیفۆرمخوازەکان لاواز بوون بەڵام هێشتا نەمردوون.

 

دەشکرێت لە هەندێک دەرفەتدا فشار دروست بکەن یاخود ئامانجدارانە بانگهێشت بکرێنەوە و لە سنوورێکدا دەرگەیان بە ڕوویاندا بکرێتەوە و بخرێنە خزمەت درێژەدانی نیزام بەژیانی خۆیان. خۆ ئەگەر لە تەوژمێکی بەهێزی ڕیفۆرمخوازی هاوشێوەی جاران بترسن کە بزووتنەوەی سەوزی لێکەوتەوە، کە داوای ڕیفۆرم لە بونیادی نیزامدا بکات، بوونی تەوژمێکی لەژێر کۆنتڕۆڵبووی لەو جۆرە بەباش دەبینن، چونکە جێگرەوەی ئەو نەمانی دینامیکییەتی سیاسی، قووڵبوونەوەی نائومێدی، ڕەقبوونی بنبەستی سیاسی و مەترسی شۆڕش و تەقینەوەیە. ڕەنگە ئەو بەشە لە ڕێبەرانی تەوژمی ڕیفۆرمخوازی نەریتی، کە تاوەکوو ئێستاش گرەو لەسەر درێژەدان بە ململانێ و کاری سیاسی لەچوارچێوەی جەبرەکانی نیزامدا دەکەن، جگە لە نەبینین هیچ جێگرەوەیەکی تر یاخود بەباش نەبینینی، وابیربکەنەوە کە درێژەدان بەم گەمەیە سەرەنجام بونیادە ڕەقەکانی نیزام و پێگە و بناغەی تەوژمی بەرانبەر لەق بکات، بەتایبەتیش کە دیارنەمانی ڕێبەری ئێستای شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ دەبێت. ئەمە جگە لەوەی بەرەی موحافیزەکاریش پتەویی و یەکگرتوویی جارانی نەماوە. کەڵەکەبوونی کێشەکانیش لەسایەی سیاسەتەکانیدا ناچار بە کۆمەڵێک سازشی دەکات.

 

هەرچۆنێك بێت، بوونی پزیشکیان و پشتیوانی بەشێک لە سەرکردەکانی ڕیفۆرمخواز لێی، لەسایەی بوونی ڕێبەری شۆڕش و زۆرینەی پەرلەمانیی موحافیزەکار و دەسەڵاتی داوەریدا، چاوەڕێدەکرێت لەم قۆناغە پڕ لە ئاڵنگارییەدا، هەوڵبدرێت بکرێتە هێمای یەکگرتوویی ناوخۆیی و خۆڕێکخستنەوەی ناوخۆیی نیزام بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکێکی وێناکراو بە ڕیفۆرمخواز، دەبێتە هێمای پێ نانە ناو قۆناغی دووای دووانەیی ڕیفۆرمخواز و موحافیزەکار بەشێوەی ڕابردوو. سەرنجیش دەدرێت دڵخۆشی و دەنگدانی بەشێک لە هاووڵاتییانی ئێران بە پزیشکیان و ئومێدەواربوونیان لەوەی لەڕووی ئابووری و ژیان و گوزەرانەوە شتێکیان بۆ بکات، لەسۆنگەی دابەشبوونە کۆنەکە و هەڵوێستگرتنە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانیدا نییە، بەڵکو لەو بڕوایەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پزیشکیان قبووڵکراوی نیزام خۆیەتی و هێناویەتی یارمەتی بدات و بەوەش ڕێگەی لێناگرێت، چونکە بە بەشێک لەخۆی دەزانێت، هەموو ئەوەش ڕەنگ و کارتەکان لە پەیوەندی بەگەمەی ڕیفۆرمخواز و موحافیزەکار تێکەڵ بەیەک دەکات و پێویستمان بە هەندێک کات هەیە بۆ زیاتر دەرکەوتنی پێناسە و ناولێنان و خۆوێناکردن و تەوژمە نوێکان لەژێر فشاری دۆخە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکەدا.

ئەبوبەکر کاروانی

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button