سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

تراویلكەی هەڵبژاردن و چارەنووسی هەرێم

ئەو گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییەی دوای ڕووخانی بلۆكی ڕۆژهەڵات هاتەئارا و دەرفەتی دروستبوونی هەرێمێكی هێنایە ئارا، كە دەكرا بكرێتە بنەمایەك بۆ گۆڕانكاری زۆر گەورە و چارەنووسسئامێز لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان، لەقۆناغەكانی كۆتاییدایە، بۆیە چارەنووسی ئەو هەرێمەش بەو شێوەیەی ئێستا لەبەردەم مەترسییەكی جددیدایە. لەبەرئەوەی گۆڕانكارییەكان ڕێك پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیەن، كە لە نەوەدەكانەوە دەستیپێكردووە، ئەوەی جێگەی داخە بەناوی ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرگریكردن لەمافی خەڵك، چاوی بەشێكی زۆر گیراوە و بواری بینینی ئەو ڕاستییە سادەیەیان نەماوە، یاخود نایانەوێت بیبینن!

 

كورد لەماوەی سی و سێ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی پێگەی خۆی لە كۆی دیمەنە جیۆستراتیژییەكەدا بەوردی دیاریبكات و ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دابڕێژێت، بۆیە بوو بەكارتێكی چرووك و بە كێشە ناوخۆییەكانەوە خەریك كرا، ئەو دنیابینییە بە تەنیا هێزە باڵادەستەكانی هەرێمیان نەگرتەوە، دەتوانین بڵێین كۆی كۆمەڵگەی كوردی گرتەوە و دەنگێكی جیاواز نەبیسترا، ئەمە وایكرد لەژێر ڕۆشنایی ململانێیە بچووكەكانی ناوخۆوە سەیری مەسەلەی نەتەوەیەك بكرێت و ملشكاندنی یەكتر لەسەر حیسابی مەسەلە نەتەوەییەكان ببێتە ستراتیژی حزبەكان، بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، یاخود ئەوانەی چاویان لە پارچەیەك كێك بوو بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە كاریان دەكرد.

ئێمە ئێستا لەكۆتایی قۆناغێكداین، یاخود دەرفەتێكداین، كە گۆڕانی هاوسەنگی جیهانی و سیستەمی تاكجەمسەری بۆی دروستكردین، نەخشەكان خەریكە بەشێوەیەك دادەڕێژرێنەوە هەمدیس هیچ حیسابێكی بۆ كورد و مەسەلەی كورد تێدا نییە، كەچی وەك ئەوەی سوێندیان خواردبێت لەبەر لووتی خۆیان زیاتر نەبینن، بەردەوامن لەو ململانێیە منداڵكارانە و بەرژەوەندیخوازانەی، كە بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات، جگە لەمانەوەی خۆیان هیچ شتێكی تریان گەرەك نییە. سەیر لەوەدایە تاوەكو ئێستا لەو بڕوایەدان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانن هاوسەنگی هێز لەهەرێم بگۆڕن و لایەك ملی لاكەی تر بشكێنێت، بەبێ ئەوەی لەوە تێبگەن ئەو دابەشكارییەی هەرێم دابەشبوونێكی جیۆپۆلەتیكییە و پێویستی بە دنیابینییەكی قووڵتر هەیە، لەو ناوچە سەختانەی لەجیهاندا هەیە هیچ كاتێك هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام نادرێت و گرەوكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەك گرەوكردن لەسەر ئەسپێكی تۆپیو وایە، ئەمە سەرباری ئەوەی خودی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی لە دنیادا لە قۆناغەكانی چرووكبوون و بێبایەخبوون دایە، هەڵبژاردنەكانی  خودی ئەمریكا گەواهی لەسەر ئەم ڕاستییە دەدەن، گومان لەسەر دەرچوونی ترامپ و دواتر دەرنەچوونی باشترین بەڵگەن بۆ ئەم خوێندنەوەیە، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی ڕووسیاش، كە ئەمشەو سەركەوتنی پوتین ڕاگەیەندراو ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە، زیاتر گومانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست كردووە.

لە ڕاستیدا جیهانگەرایی و شۆڕشی گەیاندن درۆ و دەسەلە و تەشقەڵەكانی سیستەمی دیموكراسی و گەمەی سیستەمی سەرمایەداری خستە بەرچاوی هەمووان و بۆ هەمووانی ئاشكرا كرد، ئەگینا ئەوەی پێی دەگوترێت سندووقی دەنگدان لەبنەڕەتدا گەمەیەكی سەرمایەداری و هەوڵدان بووە بۆ سەپاندنی ئەو ئاڕاستەیەی خزمەت بەو سیستەمە دەكات، لەكاتێكدا ئەگەر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمەش بخوێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت، كە سەرمایەداری نەك خزمەتی بە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی نەكرد، كە وەك دروشمێك بەرزیكردەوە و وەك سۆفت پاوەرێك لە گەمە جیهانییەكەی خۆیدا بەكاریهێنا، بگرە جۆرێك لە بەكۆیلەكردنی كۆی كۆمەڵگەی بەرهەمهێنا، كە بەنوێترین و گشتگیرترین نمونەی كۆیلایەتی دادەندرێت لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.

بۆیە گەلانی زیندوو چارەنووسی خۆیان بەو میكانیزمە سادەیە نابەستنەوە، كە تەنیا ئامڕازێكی گەمەكردنی سیاسییە لە دووتوێی ستراتیژێكی گەورەدا، كە لەسەر بنەمای جیۆستراتیژیا و پێگە و بەرژەوەندی وڵات لەو بلۆكە جیۆستراتیژییەدا دیاریدەكەن.

مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵبژاردن و میكانیزمەكانی ئەو سیستەمە، لە شوێنێكی وەك هەرێمی كوردستان، جگە لەدوو توێژ زیاتر بەرهەم ناهێنێت، كەسانێك بەناوی پاراستن و كەسانێكی تریش بەناوی بەرگرییەوە بازرگانی بەو دروشمە قەبانەی دیموكراسی دەكەن، ئەگەر لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا و تەنانەت بەشیكی زۆر لە وڵاتە ئەوروپییەكان، كە تەمەنێكیان لەگەڵ ئەو سیستەمەدا هەیە و خۆیان بەرهەمهێنەری سیستەمەكەن، دۆخی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بێت، دەبێت لەكۆمەڵگەیەكی وەكوو كوردستان چۆن بێت، كە تاوەكو ئێستا بە پڕۆسەكە نامۆیە و كەلتووری دیموكراسی لە نزمترین ئاستیدایە و سەرباری ئەمەش ئەو ململانێیە هەرێمی و جیهانییەی لەسەر خاكی كوردستان دەگوزەرێت ئەو پڕۆسەی نەك هەر ئاستەنگتر كردووە، بگرە كردوویەتییە موستەحیل.

چاوەڕوانكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ، چاوەڕوانكردنی گۆدۆییانەیە، لەبەرئەوەی ئەو هەڵبژاردنە، بەگوێرەی ئەو دۆخە سیاسییەی ناوچەكەی پێیگەیشتووە، وا دێتە بەرچاو لە فریودان و خەریككردنی خەڵكی كوردستان بە گەمەیەكی قێزەونی ناوخۆییەوە زیاتر نەبێت، لەكاتێكدا ئەوان خەریكی داڕشتنەوەی ناوچەكە، یاخود دابەشكردنەوەی كوردستانن و دەیانەوێت دوا بزماری ژەنگاوی لە خەونی كوردی بدەن، وەك لە زۆر شوێنی تر ئاماژەمان پێكردووە، ئەو دابەشكردنە نوێیەی كوردستان، كە بەكرداری كاری تێدا دەكرێت و بەڕێوەیە و دەرئەنجامی قۆناغی شۆڕشی گەیاندنە، زۆر لەو دابەشكردنەی كوردستان مەترسیدارترە، كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی جوگرافی هاتە كایەوە و ماوەی زیاتر لە سەدەیەكە كورد بە دەستییەوە دەناڵێنێت.

ئەم دابەشكردنە نوێیە دابەشكردنێكە لەسەر بنەمای جوگرافیا و دیمۆگرافیای كوردستان، خەریكە مۆركی كوردبوون لە پانتاییەكی گەورەی جیۆپۆلەتیكی خاكی كوردستان دەسڕنەوە، واتە دەیانەوێت چارەسەری مەسەلەی كورد لەسەر بنەمای نەهێشتنی هەموو ئەو خاڵانە بكەن، كە كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەو پیلانە گەورەیە لە ڕێگەی ئەو هەڵبژاردنە و هیچ هەڵبژاردنێكەوە چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە هەموو ئاڕاستەكانیش زیاتر بەرەو ئەوە دەچن، كە ئەو هەڵبژاردنەش بە دەردی هەمواركردنەوەی بودجە بچێت، كە بڕیار بوو لە ساڵی نوێدا ئەنجام بدرێت و دواتریش لە ڕێگەی بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵییەوە ئەو هەمواركردنەوەیە لە تابووت نرا و پڕۆژەی هەمواركردنەوەش لە سندووقی سەرۆكایەتی وەزیراندا زیندانی كرا، ئەگەرێكی زۆر و بەهێزیش هەیە لە دواچركەدا هەڵبژاردنیش بە هەمان دەرد بچێت، ئەو ڕێكکەوتنەی ئەم دواییەی نێوان عێراق و توركیا، كە دیارە لە بنەڕەتدا ڕێكکەوتنی نێوان ئێران و توركیاشە و ئەو لەشكركێشییەی لەناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، هەمووی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لاوازتر دەكەن.

كەواتە لەجیاتی ئەوەی كورد، خۆی بەو یارییە قێزەونەوە خەریك بكات و دواچركەكانی ئەزموونەكەی خۆی بەوە بكوژێت، واباشترە ئەو ڕاستییە ببینێت، كە هەڵبژاردن وەك چۆن لە ڕابردوودا كێشەكانی نەك چارەسەر نەكرد، بەڵكو قووڵتریكردەوە، ئێستاش هەمان ڕۆڵ دەبینێت و كێشەكان نەك قووڵتر دەكاتەوە، بەڵكو ڕەنگە بەیەكدادانی سەربازیشی لێبكەوێتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێكی باش بۆ هێزە هەرێمییەكان بگونجێت، كە ئەو مێردەزمووكەی ناوی هەرێمی كوردستانە، بەیەكجاری لەگۆڕنێن، لەم دۆخەشدا، ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن ملی لاكەی تر بشكێنن، خۆیان دەبنە قوربانی یەكەم، لەبەرئەوەی هەمووان لەناو یەك كەشتینە، كە لە هەموو لایەكدا كونی تێدەكرێت، بەداخەوە بەشێكی زۆر لەو كونكردنانە لەلایەن هێزە كوردییەكان خۆیانەوەیە.

باشترین چارەسەر لەو دۆخەدا، بەستنی كۆنفراسێكی نەتەوەیی و هەوڵدانە بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكانی كوردی، نەك بەتەنیا لە باشووری كوردستان، بگرە لە هەموو كوردستان، چونكە پیلانەكە ئەگەرچی لەسەر خاكی باشوور، كە گرنگترین پارچەی جیۆپۆلەتیكی كوردستانە دەگوزەرێت، چارەنووسی هەموو كورد دیار دەكات، لەو دۆخە ئاڵۆزە دەبێت هێزە كوردییەکان كار لەو ئەو خاڵانە بكەن، كە لەسەری كۆكن، هەرچەندە كەمیش بێت، نەك لەو خاڵانەی جیاوازیان هەیە، ڕاستە ئەمە نەك هەر كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕە میدیایی و دەروونییەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، جێگەی گاڵتەجاڕی بەشێكی زۆر لەخەڵكی هەرێمیش دەبێت، بەڵام چارەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە و كورد گەر بیەوێت ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت، دەبێت بەناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بكات، كە هەیە و نەك لەگەڵ ئەوەی خۆی دەیەوێت، دانیشتنی هەموو هێزە كوردییەكان بەیەكەوە و دانانی ستراتیژێكی نیشتمانی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە، دەبێت زۆر كەس ناچار بكات، وەك كورد دەڵێت پێ لە جگەری خۆی بنێت و ملكەچی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمانەكەی بێت، ئەگینا ئەوان بەرپرسی یەكەم دەبن هەر شتێك بەسەر كورد دابێت، جا ئەو بەرپرسیارییەتییە بە هەر شێوەیەك بەسەریان دابەشبكرێت و هەریەكەی بڕی چەندی بەردەكەوێت، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بەرپرسیار دەبن بەرانبەر مێژوو بەر لەهەموو كەسیش خۆیان بە پلەی یەكەم دەبنە قوربانی ئەو دۆخە، بۆیە بەكارهێنانی كارتی دوا چركە، ڕەنگە چارەسەرێكی ئەفسووناوی نەبێت، بەڵام لەو دۆخەی دەگوزەرێت باشترین چارەسەرە و دەبێتە بنەمایەك بە لایەنی كەم بۆ ئایندەیەكی كەمێك ڕووناكتر.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button