سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

کاتێک حاشیەی “میر” لەبەردەم میر قسە ناکەن!

ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە سێ ئەڵقەدا لە ژمارەکانی (١٦٥٣٥) و (١٦٥٣٦) و (١٦٥٣٧)، دیمانەیەکی (یاسر عەبد ڕەببە)ی سەرکردەی کاریگەری فەڵەستین و یاریدەدەر و کەسایەتییەکی نزیک لە یاسر عەرەفاتی سەرۆکی پێشووی (بزووتنەوەی فەتح)ی بڵاوکردۆتەوە.

 

ئەم چاوپێکەوتنە لە خوێندنەوەی یەکەمدا ئەو ئینتیباعە دەداتە خوێنەر، کە لە ئاستی یەکەم ھەڵسەنگاندنێکە بۆ دۆخێک کە فەڵەستین دووچاری بووە لە دوای ھێرشەکانی حەماس لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، ئەو جەنگە ماڵوێرانییەی بە دوای خۆیدا ھێنای، لە ئاستی دووەمیش بەراوردکارییەکە لە نێوان ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئەمڕۆ، بەڵام بە چڕکردنەوەی سەرنج لە سەر ناوەڕۆکی ئەوەی ئەم کەسایەتییە باسی دەکات، تێدگەین کە لەزۆر شوێن بابەتەکان گەورەتر و ھەستیارترە لەم دوو ئاستە، لە خوێندنەوەی تەواوی چاوپێکەوتنەکە دیسان بابەتی “بیرەوەری سیاسی” نەک تەنیا وەکوو کلیلێک لە ئیمکاناتی ساغکردنەوەی مێژوو، بەڵکو وەکوو “دەرفەتە لەدەستچووەکان”ی ئەو ڕووداوانەی کە دەکرا بەر لە کارەساتی گەورە بگرن جێگەی بە دواچوونی گرنگن.

من لەم نووسینەدا وەکوو ئەزموونی سیاسەت و وانەکانی لام گرنگ بوو تیشک بخەمە سەر یەک گێڕانەوەی زۆر گرنگی ئەم کەسایەتییە لەسەر کۆبوونەوەیەک کە خۆی تێدا ئامادە بووە شان بەشانی یاسر عەرەفات و سەدام حوسێن و تاریق عەزیز لە ئان و ساتی داگیرکردنی کوێت. لەم بەشە لە بیرەوەرییەکان ڕۆژنامەنووسەکەی (الشرق الاوسط) پرسیار دەکات:

– تۆ لەگەڵ عەرەفات بوویت کاتێک دوای لەشکرکێشی کوێت زیاتر لە جارێک لەگەڵ سەدام حوسێن کۆبووەوە. ھەڵوێستی عەرەفات چی بوو؟

یاسر لە وەڵامدا دەڵێت: “ڕاستگۆیانە بە ڕوونی داوای لێکرد و تکای لێکرد کە بکشێتەوە. لە خانوو یان ڤێلایەکی سادە بوو کە کۆبوونەوەیەک لە باخچەی ئەلزەورا کرا کە باخچەیەکی سەرەکییە لە بەغدا، چاومان بە سەدام کەوت. یاسر عەرەفات بە تەنیا بوو، منیش بانگهێشت کرابووم بۆ کۆبوونەوەکە. لەوێ ئەبو عەمار (عەرەفات) لەگەڵ سەدام کراوە بوو، و پێی گوت:

“کە ترسی ئەوەی ھەیە عێراق تووشی کارەسات بێت”. سەدام ھەوڵی ئەوەی دەدا قەناعەتی پێبکات کە ھەموو ئەمانە لە پێناو فەڵەستیندایە. “ئەبو عەمار” ئەو ڕستە بەناوبانگەی بەکارھێناوە کە زیاتر لە جارێک دووبارەی کردووەتەوە: پەنجا ساڵ لەمەوبەر بە نەکبەدا /نسکۆ تێپەڕین، ھەروەھا دەتوانین پەنجا ساڵ چاوەڕێ بکەین تا پرسی فەڵەستین یەکلایی ببێتەوە. بەڵام نامانەوێت کارەساتێکی تر، نسکۆیەکی تر بەسەر عێراقدا بێت. ئێمە نەکبەیەکی ترمان ناوێت بە ناوی نەکبەی عێراق. من شایەتحاڵی ئەمەم کە ھەمان قسەی دووبارە کردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە مەلیک حوسێن و عەلی سالم ئەلبەیز تێیدا ئامادەبوون کە وەکوو نوێنەری یەمەنی یەکگرتووی دەکرد. یاسر عەرەفات لەم دیدارەدا گوتی: من نسکۆیەکی ترم ناوێت بە ناوی نسکۆی عێراق.

دوای ئەوەی کۆبوونەوەکەمان لە پارکی ئەلزەورا تەواو کرد، سەدام پێی گوت: ئارام بگرە ئەبو عەمار. “من حسابم بۆ ھەموو شتێک کرد.” ئێمە تێنەگەیشتین ئەو شتانە چی بوون کە حیسابی بۆ کردبوو!، سەدام دەستی عەرەفاتی گرت و لەبەر دەرگای ڤێلاکە وەستاین، کات شەو بوو لەھەیوانی ماڵەکە کە ڕوناکایی شاری بەغدا دیاربوو، لەوێ سەدام بە عەرەفاتی گوت: من لێرەوە چراکانی قودس دەبینم  ھەروەک چۆن ئێستا لە پێشمەوە چراکانی بەغدا دەبینم. مەبەستی ئازادکردنی قودس بوو.

لە دیدارەکەی پێشوودا کە چوارلایەنە بوو، یەمەن و ئوردن و ئێمە و عێراق تێیدا ئامادەبووین، “ئەبو عەمار” ھەمان ئەم قسانەی باس کردبوو، ئەو کەسەی وەڵامی “ئەبو عەمار”ی دایەوە تاریق عەزیز بوو بە عەرەفاتی گوتبوو: ئەبو عەمار ئێمە دەمانەوێت فەڵەستینتان بۆ ئازاد بکەین و قودس بگەڕێنینەوە بۆتان، و ئێوەش ڕەتی دەکەنەوە؟ ئایا ئەمە مەعقولە؟ ئێمە دەمانەوێت ھەموو قورسایی عێراق دابنێین و عێراق بخەینە مەترسییەوە تا قودس بەدەست دەھێنینەوە، ئێوەش ڕەتی دەکەنەوە، ئایا ئەمە مانای ھەیە؟

سەعدوون حەمادیش بەھەمان ڕێچکە و ڕستە کۆتایی بەقسەکانی خۆی ھێنا. کۆبوونەوەکە دواخراو و داوا لە وەزیرانی دەرەوە کرا لەگەڵ تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی یەمەنی یەکگرتوو و وەزیری دەرەوەی ئوردن مەروان ئەلقاسم بچن و بەیاننامەی کۆتایی دابڕێژن. من لەئاستی وەزیری دەرەوەی فەڵەستین حیسابم بۆ کرا، چونکە کەسی تر لەگەڵ یاسر عەرەفات نەبوو. باڵیۆزی فەڵەستینی ئەو کاتەش عەبدوڵڵا حورانیش لەگەڵمان بوو.

کاتێک لە کۆبوونەوەکە چووینە دەرەوە، تاریق عەزیز دەستی گرتم و ناسیاویمان زۆر بەھێزبوو، پێی گوتم:

“تکایە وا لە ئەبو عەمار بکە ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە قودس و سەبارەت بە عێراق و نەکبە گوتی، دووبارەی بکاتەوە! ئێمە نسکۆیەکمان ناوێت بە ناوی نسکۆی عێراق”.

سەرم سوڕما لەم داواکارییە، چونکە یەکەم کەس کە لە کۆبوونەوەکە وەڵامیی نەرێنی عەرەفاتی دایەوە تاریق عەزیز خۆی بوو!

تاریق عەزیز بە باشی مەترسی لەشکرکێشییەکەی دەزانی، بەڵام ناچار بوو بە لە ئامادەیی سەدام لە کۆبوونەوەکە بەرپەرچ و وەڵامی عەرەفات بداتەوە. سەرم سوڕما، تاریق عەزیز جارێکی تر جەختی لێم کردەوە کە بە عەرەفات بڵێم قسەکانی دووبارە بکاتەوە، منیش پێم گوت: باشە. گەڕامەوە و بینیم سەرۆکەکان بە تەنها کۆبوونەتەوە و یاسر عەرەفاتیش لەگەڵیان بوو، من داوای مۆڵەتم لە عەرەفات کرد و چرپاندم بە گوێیدا پێم گوت: تاریق عەزیز دەڵێت، با ھەمان  قسە بۆ سەرۆک سەدام دووبارە بکاتەوە کە نامانەوێت کارەساتێکی نوێ بەناوی کارەساتی عێراق دروست ببێت. دەبێت ڕێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە.

عەرەفات پێی گوتم: کێ؟ پێم گوت: تاریق عەزیز پێت دەڵێت ھەمان قسە دووبارە بکەرەوە.

یوتی: دڵنیایت؟ گوتم: بەڵێ دوو خولەک پێش ئێستا پێی گوتم. داوام لێکرد ھەمان قسە دووجار دووبارە بکاتەوە. عەرەفات ساتێک بیری کردەوە و پاشان پێی گوتم: باشە باش. من ھاتمە دەرەوە و ئیتر نازانم عەرەفات لە کۆبوونەوەکە دووبارەی کردووەتەوە یان نا، کاروبارەکان بەو شێوەیە دەڕۆیشت بەڕێوە!”.

ئەمەی سەرەوە ئەو بەشە تایبەتە بوو لە بیرەوەرییەکان کە من لە عەرەبیەوە وەرمگێڕاوە و لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر شیکردنەوەی. بەشێک لە تراژیدیای سیاسەت و ئەزموونەکانی مێژوو ئەوەیە کاتێک سیستەمی دەسەڵات لەسەر ھەرەمێکی تۆلیتاری دادەمەزرێت، گەورەترین قوفڵی “بێدەنگی” و مەرایی و دووڕوویی ئەو لەشکرە لە حاشیە و ڕاوێژکاران دەگرێتەوە کە خۆدەپارێزن لە توڕەبوونی میر، جا نرخەکەی ھەرچییەک بێت چەشنی گەل و وڵات و نیشتمان بێت گەڕاندنەوەی مێژوو بۆ دواوە بێت ھتد.

سیستەمی تۆلیتار ڕەنگە بۆ کاتی بێکۆتایی دیاریکراو درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، بەڵام بە ئەزموونی مێژوو دەرکەوتووە، کە چەکی سەرەکی ئەم جۆرە لە سیستەم “سەپاندنی بێدەنگی” چەندە سوودی لێ دەبینێت لە قۆناغی جیاوازدا ھەر ئاواش لەبارودۆخی جیاوازدا دەبێتە “ھۆکارێکی یارمەتیدەری ڕمانی ھەمان سیستەم”، چونکە ھەر شتێک کە “میر” دەیبیستێتەوە بریتییە لە ئیکۆ و سەدای قسەکانی خۆی، بەڵام بە تۆن و ئاواز و دەنگی جیاوازی حاشیە.

لەم گێڕانەوەیەدا تاریق عەزیز تەنیا باجی ئەوە نادات، کە دەنگی لۆژیکی خۆی ناتوانێت بدرکێنێت بە ھۆی ئەو سیستەمەی خۆیشی ڕۆڵی ھەبووە لە دروستکردنی، بەڵکو لە ڕووی مێژوییەوە ھەموو عێراقیش باجی ئەوە دەدات، کە ھیچ کەسێک لە حاشیەی دەوری سەدام قسەیەکی عەقڵانی ناکات تا ئومێدی بەرگرتن بە جەنگێکی ماڵوێرانکەر بگرێت.

لە کورتیدا؛ عەزەمەتخوازی لە توێژی سیاسەتدا تەنیا ئافاتێکی کەسایەتی نییە کە سیما ھەرە باڵاکانی بریتییە لە نەرجسیەت و غروری، بەڵکو ھەلومەرجی دروستکردنی سیستەمێکی تۆکمەی تۆتالیتارین کاتێک  ئیمکاناتێکی بێسنووری ئابووری و ئایدیۆلۆژیای تاک ڕەهەندی دەخرێتە سەری. یەکێک لە یاساکانی دیالیکتیک بریتییە لە (یاسای نفی النفی) کە ئەگەر زۆر خەستی بکەینەوە ئەوەیە کە ھیچ شتێک لە گەردوون و ژیاندا، یان لە بیرکردنەوەدا بە بەردەوامی نامێنێتەوە، پەرەسەندن سەرەڕای ھەر تەگەرەیەک بەبێ وەستان بەردەوامە، تەنانەت ئەگەر لە ئان و ساتی دیاریکراویشدا ئاماژەکانی ھەستپێکراو نەبن، ململانێ و کارلێککردن ھەڵگری خاسیەتەکانی نەفیکردنی دۆخی پێشوون، تەنانەت ئەگەر لەسەرەتادا ئارەزوومەندانە لەوێ بووبێت، ھیچ ژیرییەک لە “بێدەنگییەک” نییە کە وەک ڕۆژی ڕوون ئاکامە خراپەکانی دیاربن، بەڵام ئەزموونی مێژوو بە دەنگێکی نێگەتیڤ پێمان دەڵێت: ئەو ئاسۆیە بە چی بگاتە حاشیەی میر، کاتێک حاشیەی میر زۆر لە میر مەغروورترن!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button