سیاسی
ئاراستەکان

پەرلەمانی کوردستان ٤٠٦ یاسای دەرکردووە و تەنیا ٢٣ یاسا وەک خۆیان جێبەجێکراون

زێدپرێس

 

پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنیدا، ٤٠٦ یاسای دەرکردووە، بەڵام تەنیا ٢٣ یاسایان وەک خۆیان جێبەجێکراون. پەرلەمان کە هەشت جار تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە، تەنیا جارێک لە مێژووی خۆیدا سەرۆکوەزیران و دوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتکردووە. هەر لەو ماوەیەشدا کە دەبوو ٣٠ یاسای بودجە دەربکات، تەنیا ١٣ یاسای بودجەی پەسندکردووە.

ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، دوایین ڕاپۆرتی خۆی بەناونیشانی “دۆخی سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستاندا”، بۆ تێگەیشتن و خستنەڕووی ئەو یاسایانە تەرخانکردووە، کە پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنیدا (١٩٩٢-٢٠٢٢) دەریکردوون؛ هەروەها دەستنیشانکردنی ئاستی جێبەجێکردنی یاساکان و پێشێکردنیان. ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک زانیاری و داتای گرنگی لەخۆگرتووە و لەڕێگەی خشتەی جیاجیاوە ڕوونکراونەتەوە، وەک لە خوارەوە خراوەتەڕوو:

 

پرۆسەى یاسادانان لە پەرلەمانى كوردستان

پەرلەمانى كوردستان كە لە رۆژى 19/5/1992 یەكەم هەڵبژاردنى ئەنجامدرا، لە (4/6/1992) یەكەم دانیشتنى دەستپێكى خۆى گرێداو ئەندامەكانى سوێندى یاساییان خوارد، لە ماوەی سى ساڵدا (1992-2022)، پێنج خولى هەڵبژاردنى بەڕێكردووە، ئەگەر بەراوردێكى ئەركەكانى پەرلەمان بكەین لەنێوان پەیڕەو و پراكتیكدا، پەرلەمانى كوردستان لەو ماوەى تەمەنیدا وەك پێویست نەیتوانیوە بەجێیان بگەیەنێ‌، بۆ نمونە:

 

یەكەم: ئەركى یاسادانان:
1- ژمارەى دانیشتنەكان:

پەرلەمانى كوردستان بەبەراوردى تەمەنى خۆى و پێداویستییەكانى كۆمەڵگە و ئەو بۆشاییە یاساییانەى هەبوون، لەماوەى (30) ساڵى تەمەنیدا، كە (10957) رۆژ دەكات تەنها (1228) دانیشتنى ئەنجامداوە، لە رووى دانیشتنەكانەوە خولى سێیەم (2009-2013) چالاكترین خول بووە، لەماوەى (4) ساڵ و (2) مانگ و (11) رۆژا (273) دانیشتنى ئەنجامداوە، ناچالاكترین خولیش خولى چوارەم بووە (2013-2018) بووە، كە لەماوەى پێنج ساڵدا (104) دانیشتنى ئەنجام داوە، بەڵام ئەگەر ئەو بارودۆخە لەبەرچاو بگرین كە خولى چوارەم دواى ئەوەى رێگرى لە سەرۆكەكەى كرا ماوەى دوو ساڵ پەكى خراوە، ئەو كاتە خولى پێنجەم لە ریزبەندییەكەدا دەبێت بە ناچاكترین خول كە لەماوەى چوار ساڵدا تەنها (108) دانیشتنى ئەنجامداوە. هەروەك لە خشتەى (1) دا هاتووە.

 

– ژمارەى یاساكان:
پەرلەمانى كوردستان بەبەراوردى تەمەنى خۆى و پێداویستییەكانى كۆمەڵگە و ئەو بۆشاییە یاساییانەى هەبوون، لە ئەركى یاساداناندا سەركەوتوو نەبووە، لەماوەى (30) ساڵى تەمەنیدا، تەنها (406) یاساى دەركردووە. بەبەراوردى تەمەنى لەكاردابوونى خولەكان لە رووى یاسادانانەوە خولى دووەم (2005-2009) چالاكترین خول بووە، كە لەماوەى (4) ساڵ و (6) مانگ و (20) رۆژ توانیویەتى (89) یاسا دەربكات، ناچالاكترین خولیش خولى چوارەم بووە، كە لەماوەى چوار ساڵدا تەنها (31) یاساى دەركردووە. بەلآم ئەگەر ئەو بارودۆخە لەبەرچاو بگرین كە خولى چوارەم دواى ئەوەى رێگرى لە سەرۆكەكەى كرا ماوەى دوو ساڵ پەكى خراوە، ئەو كاتە خولى پێنجەم لە ریزبەندییەكەدا دەبێت بە ناچاكترین خول كە لەماوەى چوار ساڵدا تەنها (39) یاساى پەسەندكردووە. هەروەك لە خشتەى (2)دا هاتووە.

 

3- بەراوردى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پەرلەمانى كوردستان:
ئەگەر بەراوردێكى پەرلەمانى كوردستان بكەین لەگەڵ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا، پەرلەمانى كوردستان لەماوەى (30) ساڵدا تەنها (5) خولى بەرِێكردووە، لەهەمان كاتدا ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەماوەى (18) ساڵدا بەهەمان شێوە لە خولى پێنجەمدایە، لەماوەى تەمەنیاندا پەرلەمانى كوردستان (8) جار تەمەنى خۆى درێژكردۆتەوەو هەڵبژاردنەكانى دواخستووە، بەڵام ئەنجوومەنى نوێنەران هیچ كاتێك تەمەنى خۆى درێژ نەكردۆتەوە، هەروەها لەرووى یاسادانانەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پەرلەمانى كوردستان زۆر لەدواوەیە و سستە، چونكە پەرلەمانى كوردستان لەماوەى ئەو (30) ساڵەدا تەنها (406) یاساى دەركردووە، كە رِێژەكەى دەگاتە (36,97%)، لەبەرامبەردا ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق (692) یاساى دەركردووە، كە رِێژەكەى زۆر بەرزترە و گەیشتۆتە (63,03%)، هەروەك لە خشتەى (3)دا هاتووە، بەمەش دەردەكەوێت، كە وێراى ئەوەى تەمەنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق (12) ساڵ كەمترە لە تەمەنى پەرلەمانى كوردستان، كەچى (286) یاساى لە پەرلەمانى كوردستان زیاتر دەركردووە.

 

4- دەركردنى یاساكان بەپێى كاتى ئەو كەسانەى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان بوون
كاتێك بەراوردێكى سەردەمى سەرۆكەكانى پەرلەمانیش دەكەین بۆمان دەردەكەوێت كە سەركەوتووترین سەرۆكى پەرلەمان لەرووى یاسادانانەوە (عەدنان موفتى) بووە كە لەسەردەمى ئەودا بەبەراوردى تەمەنى خولەكەى زۆرترین یاساى دەركردووە، لە ماوەى چوار ساڵ و (2) مانگ و (16) رۆژ دا (89) یاساى دەكردووە، هەروەك لە خشتەى (4)دا هاتووە، لە بەرامبەریشدا (ڤالا فەرید) كەمترین یاساى دەكردووە، كە لەماوەى چوار مانگ و بیست و چوار رۆژى تەمەنى سەرۆكایەتیدا تەنها (2) یاسایەى دەكردووە.

تێبینى:
1-یاساكانى ژمارە (1) و (2)ى ساڵى 1992 لەلایەن لیژنەیەك لە بەرەى كوردستانیەوە ئامادەكران بەمەبەستى ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دواتر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكران.
2-ماوەى نێوان (4/10/2002 تا 6/4/2005) كە دوو ساڵ و نیو دەكات بە خولى گواستنەوە ناوزەد كراوە، لەو ماوەیەدا (3) مانگ رۆژ شاوەیس و (2) مانگ كەمال فوئاد بە نۆرە سەرۆكایەتى پەرلەمانیان دەكرد.
3- لە 12/10/2015 لەلایەن (پدك)ەوە رێگرى لە د.یوسف محمد كراو رێگەى پێنەدرا بچێتەوە پەرلەمان، لەو مێژووە بەدواوە لەلایەن (جەعفەر ئیمنیكى، بێگەرد دڵشاد) وەك جێگر و سكرتێر پەرلەمان بەرِێوەدەبرا.

 

دووەم: ئەركى چاودێریكردن:
پەرلەمانى كوردستان لە هیچكام لە خولەكانیدا نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركى چاودێریكردن هەڵسێت، سەربارى ئەوەى دەیان و سەدان كێشە و گرفت و كەمتەرخەمى و یاساشكێنى هەبووە، كەچى لە تەمەنى خۆیدا لێپێچینەوە لە هیچ سەرۆكێكى ئەنجومەنى وەزیران ، یا جێگرەكەى، یا وەزیرێك، یا سەرۆكى دەستەیەك نەكردووەو متمانەى لێ وەرنەگرتۆتەوە، (جگە لە خولى سێیەم كە لێپێچینەوەى لە سەرۆكى ئەنجومەن لە كابینەى شەشەم و هەردوو وەزیرى پێشمەرگەو ناوخۆ كرد، ئەنجامەكەى چی بوو بابەتێكى ترە!). لەكاتێكدا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا چەندان وەزیر و بەرپرسی باڵا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كراوەو متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە.

سێیەم: ئەركى پەسەندكردنى بودجە:
پەرلەمانى كوردستان لە تەمەنى سی ساڵەى خۆیدا دەبوایە (30) یاساى تایبەت بە بودجەى هەرێمى كوردستان پەسەند بكات، بەڵام تەنها (13) یاساى دەركردووە، بەپێى ئەمەش ماوەى (17) ساڵ هەرێمى كوردستان بەبێ یاساى بودجە بەرێوە چووە. لە كاتێكدا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تەنها پێنج ساڵى (2014، 2017، 2020، 2021، 2022) یاساى بودجەى پەسەند نەكردووە، بۆ زانیارى زیاتر برِوانە خشتەى (5).

 

دەركردنى یاساكان بەپێى ئەو واژۆیانەى لەسەریان كراوە
بە شێوەیەكى گشتى ئەو یاسایانەى لە پەرلەمانى كوردستاندا دەرچوێنراون، بەشێوەى خشتەى ژمارە (6) واژۆى سەرۆكى پەرلەمانیان بەسەرەوە كراوە، كە (عەدنان موفتى) لە خولى دووەمى پەرلەماندا واژۆى بەسەر زۆرترین یاساوە هەیە (86) یاسایە و (ڤالا فەرید) لە خولى پێنجەمدا كەمترین واژۆى بەسەر یاساكانەوە هەیە كە تەنها (2) یاسایە. جگە لەمانە (5) یاسا لە خولى چوارەمدا واژۆى هیچ كەسێكى بەسەرەوە نییە بەهۆى رێگریكردن لە (یوسف محەمەد) سەرۆكى ئەوكاتەى پەرلەمانەوە.

 

دۆخى یاساكانى پەرلەمانى كوردستان
كاتێك هەڵسەنگاندن و پۆڵین بۆ یاساكانى پەرلەمانى كوردستان دەكەین، لە رووى شێوازى دەركردنیان و جۆرى هەریەك لە یاساكان و دۆخى جێبەجێكردنیاندا، دەكرێ بەسەر چەند تەوەرەیەكدا دابەشیان بكەین:

1- پۆڵینى یاساكان بەپێى جۆری دەركردنیان
ئەو یاسایانەى لە پەرلەمانەوە دەرچوون، ئەگەر بەپێى (یاساى بنچینەیی) و (هەموارى یاسا) و (بەركارخستن) و پۆلینیان بكەین، دەردەكەوێت كە (270) یاسای بنچینەیی دەرچووە، كە بەرزترین رِێژەیە و رێژەكەى دەگاتە (66,50%)، بە پلەى دووەم (98) یاساى هەموار دەرچووە، كە رِێژەكەى دەگاتە (24.12%)، بە پلەى سێیەم (26) یاساى هەموار و بەركاركردن دەرچووە، كە ئەمیشیان رِیژەكەى دەگاتە (24,12%) و كەمترین یاساى بەركار دەرچووە، كە (12) یاسا بووە بەرِێژەى (2,95%)، بۆ زانیارى زیاتر برِوانە خشتەى (7).

 

پۆلێنى یاساكان بەپێى جۆرى كارپێكردنیان
ئەگەر یاساكانى پەرلەمانى كوردستان وردتر پۆلێنیان بۆ بكەین، وەك: یاساى بەركار، یاساى هەڵوەشاوە، یاساى كاتى و …هتد، لە خشتەى (10)دا بەرچاو روونى زیاترمان بۆ دەردەكەوێت كە (96) یاسا هەڵوەشاونەتەوە و كاریان پێناكرێت، هەروەها (25) یاسا كاتى بوونە و ئێستا لەكاركەوتوون.

 

ئاستى جێبەجێكردنى سەرجەم یاساكان لە هەرێمى كوردستان
پەرلەمانى كوردستان لە (30) ساڵ تەمەنیدا (406) یاساى دەركردووە، ئەگەر پۆڵینیان بكەین لە رووى جێبەجێكردنەوە لە چوار جۆردا خۆیان دەبیننەوە:
1-ئەو یاسایانەى هەڵوەشاونەتەوە یا كاتى بوون و لە ئێستادا كاریان پێناكرێت كە (136) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (33.50%).
2-ئەو یاسایانەى تا ئێستا لە بوارى پراكتیكدا جێبەجێ نەكراون كە (20) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (4.92%).
3-ئەو یاسایانەى پێشێلكراون و وەك پێویست جێبەجێنەكراون كە (227) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (55.92%).
4-ئەو یاسایانەى وەك خۆیان جێبەجێكراون كە (23) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (5.66%).

 

رێژەى جێبەجێكردنى یاسا بەركارەكانى پەرلەمانى كوردستان

ئەگەر رێژەى جێبەجێكردنى یاساكان دەربكەین لە ژمارەى ئەو یاسایانەى لە هەرێمى كوردستاندا بەركارن، (واتە جگە لەو یاسایانەى كاتى بوونە یا هەڵوەشاونەتەوە) بریتین لە (161) یاساى بنچینەیی پەرلەمانى كوردستان و (70) یاساى هەموارى پەرلەمان، هەروەها بەركاركردنى (19) یاساى عێراقى و (20) هەموارى ترى یاسا عێراقیەكان كە سەرجەمیان دەكاتە (270) یاسا كە بەركارن لە هەرێمى كوردستاندا، لەچوار پۆلدا خۆیان دەبیننەوە:
1-ئەو یاسایانەى تا ئێستا لە بوارى پراكتیكدا جێبەجێ نەكراون كە (20) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (7.41%).
2-ئەو یاسایانەى پێشێلكراون و وەك پێویست جێبەجێنەكراون كە (227) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (84.07%).
3-ئەو یاسایانەى وەك خۆیان جێبەجێكراون كە (23) یاسا لەخۆ دەگرێت بە رێژەى (8.52%).

 

یەكەم: (یاسا نوستووەكان) یا ئەو یاسایانەى جێبەجێ نەكراون لە بوارى پراكتیكدا:

كۆمەڵێك یاسا هەن، تەنها نووسراوەتەوەو لە لە وەقائیعی كوردستاندا بلآوكراونەتەوەو شوێنیان پێ پركراوەتەوە، لە راستیدا دەبێت لەرۆژی دەرچوونیەوە لە پاش بلآو كردنەوەی و تەواوبونی ماوە یاساییەكەی پێویستە بچێتە بواری جێ بەجێكردنەوە.
ئەم یاسایانە وەكو دەق لەرووی ناوەرِۆك و شێوە یاساییەكەیەوە هیچ كێشەیەكیان تیا نیە، چونكە لەلایەن كۆمەڵێك لە یاساناسانەوە دانراوە، دواتر لە پەرلەمانی كوردستاندا گفتووگۆی لەسەر كراوە پاشان خراوەتە دەنگدانەوە و بە دەنگی زۆرینە پەسەند كراوە.
بەلآم لە رووی پراكتیكیەوە هەندێ لەو یاساییانە تائێستاشی لەگەڵدابێت نەچونەتە بواری جێ بەجێكردنەوە، بێ ئەوەی هیچ لێژنەیەك هەبێت بەدوادا چونیان بۆبكات، بێگومان ئەوەكاری پەرلەمانی كوردستانە، چونكە پەرلەمان نوێنەرانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و هێزی یاسادانەری حكومەتی هەرێمە.
كەواتە ئەركى پەرلەمانی كوردستانە لێژنەیەك بۆ بە دواداچوونی ئەو یاسایانە دروستبكات كە نووستوی سەر رەفەكانن و لە بەكار نەهێنانیاندا زەرد هەڵگەراوون .
لە ئەنجامى بەدواداچوونماندا دەركەوت كە (20) یاساى پەرلەمانى كوردستان لە ریزبەندى یاسا نوستووەكانن، كە لە (19) یاساى بنچینەیی و (1) یاساى هەموار پێكهاتوون، بە هیچ شێوەیەك لە بوارى پراكتیكدا نەچوونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە. كە دەكاتە رێژەى (7.41%) ى سەرجەم یاسا بەركارەكان.
ئەم یاسایانە هەر نەچوونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە، یا پەیرەو و رێنماییان بۆ دەرنەكراوە، یا دامودەزگەكانیان بۆ دروستنەكراوە، یا پێداویستیە لۆجستیكیەكانیان بۆ دابین نەكراوە.
ئەمە چەند نموونەیەكن لەو یاسا نووستوانە، كە تەنها وەك ناو بوونیان هەیە كەچی لە واقعدا كاریان پێ ناكرێت، بێگوومان ئەمەش بۆ كەم تەرخەمی پەرلەمانی كوردستان دەگەرِێتەوە كە هیچ كام لە لێژنەكانى بە ئەركى چاودێریى خۆیان هەڵناستن و بەدوادا چوونیان لەسەر ناكەن و لێپێچینەوەی جدی لە بەكار نەهێنانیان و وەیاخود خراپ بەكار هێنانی ئەومادەیاسایییانە ناكەن كە خۆیان لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسەندیان كردوە، بێگومان هێزی هەر یاسایەك لە جێبەجێكردنی دایە بەقەد ئەوەی كە بە تەنها نووسراوی سەر پەرەیەكی كاعەز بێت و هیچی تر.

 

دووەم: ئەو یاسایانەى پێشێلكراون و وەك پێویست جێبەجێنەكراون:

(128) یاساى بنچینەیی كە پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون لەگەڵ (71) هەموارى یاساكانى خودى پەرلەمان، هەروەها بەركاركردنى (13) یاساى عێراقى بەركار و (14) هەموارى ترى یاسا عێراقیەكان كە سەرجەمیان دەكاتە (227) یاسا كە بەركارن لە هەرێمى كوردستاندا. كە دەكاتە رێژەى (84.07%) ى سەرجەم یاسا بەركارەكان.
ئەو یاسایانەى پێشێلكراون یا وەك پێویست جێبەجێ نەكراون دەكرێ پۆلینیان بكەین:

1-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە پرسی هەڵبژاردن وەك: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێشێلكراون، ‏بەشێكی پێشێلكارییەكان خۆیان دەبیننەوە لە ساختەكاری، دەستتێخستنی حزبی و دەرەكی، دواخستنی هەڵبژاردنەكان و چەندانی ‏تر.

‏2-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگاكان: وەك یاسای ئەنجوومەنی دادوەری، یاسای داواكاری گشتی، یاسای ‏ئەنجوومەنی شورا، ئیمتیازاتی لێكۆلەرەوانی دادی و وەزارەتی داد، پێشێلكاریان تیادا كراوە، وەك: دەستتێخستنی حزبی و ‏بەرپرسان لە دادگاكان، دانانی دادوەرەكان لەسەر پشكی حزبی و چەندانی تر.‏

‏3-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە وەزارەت و دامەزراوەكان: وەك یاسای ئەنجوومەنی وەزیران، یاسای سەرجەم وەزارەتەكان، یاسای ‏ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، هەریەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان پێشلكارییان تیادا كراوە.‏

‏4-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە بواری ڕۆشنبیری و چاپەمەنی و رۆژنامەگەری و ئازادییەكان، وەك: یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری، ‏یاسای چاپەمەنی، یاسای ڕۆژنامەگەری، یاسای خاوەندارێتی هزری پێشێلكراون.‏

‏5-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە نەوت و كانزا و سامانە سروشتییەكان وەك یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، یاسای نەوت و ‏گاز، یاسای هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان.‏

‏6-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە بواری ئابووری و و دارایی وەك: یاسای وەزارەتی دارایی، یاسای وەبەرهێنان و مووچە و ئیمتیازەكانی ‏فەرمانبەران سەرجەمی پێشێلكراون.‏

‏7-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە سەندیكاكان هەر هەموویان پێشێلكراون، هیچ كام لە سەندیكا و كۆمەڵە و یەكێتییەكان لەكاتی خۆیاندا ‏كۆنگرەیان نەكردووە و زۆرینەیان بۆ دوو بەشی یەكێتی و پارتی كەرت و دابەشبوونە و یاساكانیان پێشێلكردووە.‏

‏8-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە ماف و ئیمتیازاتی چین و توێژە جیاجیاكانی وەك: فەرمانبەران، پارێزەران، پێشمەرگە، هێزەكانی ‏ناوخۆ و ئاسایش، خانەنشینان و …هتد، سەرجەمیان پێشێلكراون.‏

‏9-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە باج و ڕسوماتەوە وەك باجی گومرگ، باجی خانوبەرە، باجی دەرامەت، ڕسوماتەكانی تر ‏سەرجەمیان پێشێلكراون، حكوومەت لەدەرەوەی یاسا باج و ڕسوماتەكانی بەسەر هاووڵاتییانەوە زیاد كردووە.‏

‏10-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە بواری تەندروستی وەك یاسای وەزارەتی تەندروستی، تەندروستی دەروونی، ماف و ئەركەكانی ‏نەخۆش، سندووقی پاڵپشتی تووشبووانی شێرپەنجە، سەرلەبەریان پێشێلكارییان تیادا كراوە.‏

‏11-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە ئاسایش و پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، وەك یاساكانی تایبەت بە پێشمەرگە، زێرەڤانی، ناوخۆ، ‏ئەنجوومەنی ئاسایش، كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان پێشێلكراون.‏

‏12-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە پەروەردە و خوێندنی باڵا، وەك یاساكانی هەردوو وەزارەت، یاسای زانكۆ تایبەتەكان، یاسای ‏قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان، یاسای ڕاژەی زانكۆیی، پێشێلكارییان تیادا كراوە.‏

‏13-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە دەستەكان، جا چ سەربەخۆكان بن یا ئەوانەی پەیوەستن بە حكوومەتەوە، وەك دەستەی ‏دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دەستەی پاراستن و چاك كردنی ژینگە، ئەنجوومەنی خانمان، دەزگای مین …هتد هەر هەموویان پێشێلكارییان تیادا كراوە.‏

‏14-ئەو یاسایانەی تایبەتن بە حزبە كوردستانییەكان وەك یاسای حزبەكان و یاسای بودجەی حزبەكان پێشێلكراون.‏

‏15-یاساكانی تری تایبەت بە خۆپیشاندان، توندوتیژی خێزانی، ماف و ئیمتیازاتەكانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و ‏‏…هتد سەرلەبەریان پێشێلكارییان تیادا كراوە.‏

ئەمانە و چەندین یاسای تری وەك: یاسای سزای لە سێدارەدان، واتە ماددەی ( ٤٠٦) بڕگەی ٣١ كە هەر لەسەرەتای درووستبوونی ‏پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمەوە كۆمەڵێك كەسی تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، كەچی نەسزاكە جێبەجێدەكرێت بە ‏سەر تاوانبارەكاندا و نە یاساكەش هەموار دەكرێتەوە. هەروەها یاسای قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی كە بێتاوان دەستگیر دەكرێن و ‏پاشان كە دەردەكەوێت بێتاوانن بەپێی یاسای قەرەبووكردنەوەی ڕاگیراوان و حوكمدراوان لە كاتی بێتاوانی و دەرچوونیان لە ‏هەرێمی كوردستان كە بە یاسای ژمارە ( ١٥ ) سالی ٢٠١٠ ناسراوە كە لە هەردوو ماددەی (٤ و ٥ )دا هاتووە ئەو كەسانەی كە بەبێ ‏تاوان دەستگیركراون و حوكمدراون كە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەچەند ڕێكارێكی یاسایی داوای قەرەبوو بكەن. جگە لەمانە ‏بابەتی قەدەغەكردنی فرەژنی كە بە مەرج سنورداركراوە، كە لە یاسای ژمارە (١٥) ساڵی ٢٠٠٨دا خۆی دەبینێتەوە، تائێستا وەك پێویست كاری پێنەكراوە، كەسانێك لە دانیشتوانی هەرێم لە دادگاكانی دەرەوەی ئیدارەی ‏هەرێم هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدەدەن و هیچ ڕێكارێكیش لەبەرانبەریاندا ناگیرێتەبەر، (هەرچەندە لەم دواییانەدا بە بڕیاری دادگەی ‏فیدڕاڵی ئەو ماددەیەش ڕاگیراوە و كاری پێ ناكرێت، بەبێ ئەوەی یاساكەش هەموار بكرێتەوە).‏

 

سێیەم: ئەو یاسایانەی وەك خۆیان جێبەجێكراون
‏(11) یاسای بنچینەیی كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردوون، هەروەها بەركاركردنی (6) یاسای عێراقی بەركار و (6) هەمواری ‏تری یاسا عێراقییەكان كە سەرجەمیان دەكاتە (23) یاسا كە بەركارن لە هەرێمی كوردستاندا. كە دەكاتە رێژەی (8,52%)ی سەرجەم ‏یاسا بەركارەكان.‏

لە گرنگترین ئەو یاسایانەی جێبەجێكراون بریتین لە چەند یاسایەكی باری كەسێتی تایبەت بە پرسی ژن و منداڵان و ئەو ‏یاسایانەی تریش زیاتر تایبەتن بە ئەركەكانی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ.‏

 

پەرلەمانى كوردستان دواى برِیارى درێژكردنەوەى تەمەنى
1-پەرلەمانى كوردستان دوابەدواى برِیارى درێژكردنەوەى تەمەنى كە لە (9/10/2022) یاسایەكى تایبەتى بۆ ئەم مەبەستە دەركرد، لە (30/5/2023) برِیارى دادگەى ئیتیحادى دەرچوو و برِیارى نادەستوریبوونى ئەم درێژكردنەوەى دا، بەمەش لە رۆژى (6/11/2022)ەوە خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان كۆتایی هات و بەمەش هەرێمى كوردستان كەوتە بۆشایی یاساییەوە.
2-لەدواى درێژكردنەوەى تەمەنى، بەرلەمانى كوردستان (7) یاسا و (1) برِیارى دەركردووە، بەپێى برِیارى دادگە پەرلەمان لەو رۆژەوە كە كۆتایی هاتووە ناتوانێت هیچ كارێك بكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارە ئەو یاسایانەى لە دواى ئەو مێژووەوە دەرچوێنراون پوچەڵن و ناكرێت كاریان پێ بكرێت. (برِوانە خشتەى ژمارە 24).
3-لە دواى تەواو بوونى تەمەنى پەرلەمان لە (6/11/2022 تا 30/5/2023) دەستەى سەرۆكایەتى و پەرلەمانتاران (6) مووچەیەیان بە نایاسایی وەرگرتبوو كە دەبوایە بیگێرِنەوە بۆ خەزێنەى گشتى.
4-لە دواى دەرچوونى برِیارى دادگەى فیدراڵى سەبارەت بە نادەستوری بوونى درێژكردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، دەستەى سەرۆكایەتى و پەرلەمانتاران (2) مووچەی تریان بە نایاسایی وەرگرت كە نەدەبوایە وەریبگرن.
5-تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە زیاد لە ساڵێكە بەپێى یاسا خولى پێنجەمى پەرلەمان كۆتایی هاتووە، كەچى زۆرینەى ئەندامانى ئەم خولەى پەرلەمان شوقە و خانووەكانى پەرلەمان بەكاردەهێنن و چۆلیان نەكردووە كە ئەمەش بەكارهێنانى مولكى گشتیە لە دەرەوەى یاسا.
6-دەستەى سەرۆكایەتى پەرلەمان كە زیاد لە ساڵێكە بەپێى یاسا لە ئەركەكانیاندا نەماون، كەچى تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەنایاسایی خانوەكانى پەرلەمان بەكاردەهێنن (كە هەریەكەیان لە دوو خانوودا نیشتەجێن)، ئۆتۆمبێلەكانى پەرلەمان بەكاردەهێنن، پاسەوانەكانى پەرلەمان هێشتا لەلایانن، هەریەك لە ئەندامانى دەستەى سەرۆكایەتى بەشێك لە فەرمانبەرانى ستافى نوسینگەكانی سەرۆكایەتى پەرلەمان لە بارەگا حزبیەكانى خۆیان بەكاردەهێنن.

 

بۆچی یاسا لە هەرێمی كوردستان سەروەر نابێت؟‌

سەروەریی یاسا فەلسەفەیەكی سیاسییە، تێیدا سەرجەم هاووڵاتیان و دامەزراوەكانی وڵات، وەك یەك بەیەكسان ملكەچ دەبن لەبەردەم یاسادا. بۆیە هەر لەسەرتاوە تا ئەمڕۆ لە جیهاندا پرسی (سەروەریی یاسا) یەكێك لە گەرمترین بابەتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان بووە، چونكە سەرجەم قەیرانەكانی: ناسەقامگیری سیاسی، ئابوری، بڵاوبونەوەی هەژاری، گەندەڵى، توندو تیژی و تیرۆریزم… هتد، لە هۆكاری سەروەری نەبوونى یاسا وە سەرچاوە دەگرن.

بەگوێرەی پێناسەی رێكخراوی (نەتەوە یەكگرتوەكان)، سەروەری یاسا بریتییە لە پرنسیپی فەرمانڕەوایەتی كە لە سایەیدا هەموو تاكەكەس و گروپ و دەزگاو دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و تایبەت، سەرجەم سەركردە دەسەڵاتدارەكانی حكومەت ،ملكەچی هەمان ئەو یاسایە دەبن كەبۆخەڵك ڕاگەیەندراوە، یاساكانیش لەگەڵ ستاندارد و پێوەری نێودەوڵەتی بۆمافەكانی مرۆڤ هەماهەنگن و بە دادپەروەری و یەكسانی و هاوشێوەییەوە لەلایەن دامەزراوەكانی دادگاو پۆلیسەوە جێبەجێدەكرێن. كەواتە سەروەریی یاسا دروستكردنی حاڵەتێكە كە هەموو دەسەڵاتەكان هێزی خۆیان لە یاساوە وەربگرن و ئەم یاسایانەش مافی گشت تاكەكانی كۆمەڵگا بە بێ جیاوازی بپارێزن، لە هەمان كاتیشدا هەموو كەسێك بە جیاوازی رەنگ و نەتەوە و ئایین و زمان و ئایدیا و پلە و پایەیانەوە لە بەردەم یاسادا یەكسان بن.

مافی یەكسانبوون لەبەرامبەر یاسادا، یان پارێزگاریكردنی یەكسان لەلایەن یاساوە وەك ئەوەی كە زۆرجار بەم شێوەیە دایدەڕێژن. بۆ هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی دادپەروەر، بابەتێكى بنچینەیی و سەرەكییە. جا دەوڵەمەند بیت یان هەژار، نەتەوەی زۆرینە بێت یان كەمینەیەكی ئایینی، هاوپەیمانێكی سیاسی دەوڵەت بێت یان ڕكابەر، هەموویان شایستەی پارێزگاریكردنی یەكسانن لەبەرامبەر یاسادا. هەرچۆنێك بێت، لە ژێر هیچ بارودۆخێكدا دەوڵەت نابێت هیچ نایەكسانییەك بسەپێنێت، پێویستە بە یەك چاو و بەیەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو خەڵكی خۆیدا بكات، هیچ كەسێك نابێت لەسەرەوەی یاساوە بێت.

گەشەكردنی كۆمەڵگا و بەرەوپێشچوون لە ڕەوتی مێژوویی هەر گەلێك، بەندە بەئاستی جێبەجێكردنی یاسا، ڕێكخستنی كۆمەڵگا دەرفەتی وەك یەك پێشمەرجی دابینكردن و چەسپاندنی دادپەروەرییە، گەشكردن و بەرزبوونەوەی توانستی تاك فاكتەری پابەندبوونی تاكە بەیاسا، هاوسەنگی ڕاگرتنی ( ئەرك و ماف) بنەمایە بۆ دروستكردنی ئیرادەی هاوبەش، كۆمەڵگا كاتێك لەڕەوتی گەشكردنی سروشتی خۆی لا نادا، ئەگەر سەقامگیری سیاسی پشتیوانی سەرەكی سەقامگیری كۆمەڵایەتی بێت، ئەگەر سەقامگیری سیاسی كۆنتڕۆڵی دۆخی یاسایی لەدەستدا، پاشاگەردانی و تێچوونی هەڵومەرجی كۆمەڵایەتی دەبێتە دیفاكتۆ.

ئەو وڵاتانەی نەیانتوانیوە لەڕووی سیستەمەوە دامەزراوەیی بن و دادپەروەری بنەمای حوكمڕانییان بێت، ئەوانەن كار بە یاسا ناكەن، بۆیە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتیان مەحكومە بە كودەتا، یا ڕاپەڕینی خەڵك، گەلی كوردستان و بەتایبەت سەركردایەتییەكەى، بەدرێژایی مێژووی 32 ساڵ حوكمڕانی، دەبووایە زۆر بەپەرۆش و پابەندبووایە بۆ جێبەجێكردنی یاسا و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی، لەبەرئەوەی كورد خۆی لە رابردوودا قوربانی نەبوونی یاسا و دادپەروەری بوو، كەچى بەم جۆرە نەكەوتەوە، مخابن تەونی تۆڕەكانی كۆمەڵگای كوردەواری بەرەو لێكترازانێكی ترسناك دەڕوات، چونكە ئێستا (یاسا) لەكۆمەڵگای كوردستان ڕۆڵێكی لاستیكی پێدراوە، دادگاكان بێكاریگەركراون و وەك پێویست بە ئەركى خۆیان هەڵناستن، دۆسیە هەیە چەندین ساڵە تۆزی لێ نیشتووە و ناجوڵێنرێت.

ئەگەرچى لە هەرێمى كوردستاندا (32) ساڵە پەرلەمان و حكومەت پێكهێنراوە، ئەنجومەنى دادوەرى كارەكانى رایی دەكات، وێراى ئەوەى بە سەدان یاسا لە پەرلەمانەكەى دەرچوێنراون، بەڵام كەمترینیان جێبەجێ دەكرێن (سەربارى ئەو یاسایانەى بەر لە راپەڕینى ساڵى 1991 لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە دەرچوێنراون كە لە هەرێمدا بەركارن و ئەوانیش بەدەر نین لە پێشێلكردن)، بەمەش سەروەریی یاسا دەكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، كە بێ متمانەیی لای هاووڵاتییان دروست دەكات. بێگومان ئەمەش زیان بەناوبانگی هەرێمەكە دەگەیەنێت. چونكە دۆخی ئێستاى هەرێم دژوارە و پرسی سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە دامەزراوەكان لە دۆخێكی مەترسیداردایە. دروستكردنی كەیسی سیاسی و دەستوەردان لە كاری دادگاكان پەیامی مەترسیداری تێدایە كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هاووڵاتییان دەبێتەوە.

لە ئەنجامى بەدواداچوون و تەتەڵەكردنى یاساكانى پەرلەمانى كوردستانەوە، پرسیار گەلێك هاتنە پێشەوە: ئایا یاساكان چەندیان چوونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە؟ ئەو یاسایانەى بەركارن لە چ ئاستێكى جێبەجێكردن و پێشێلكاریدان؟ شێوازی مامەڵەكردنی دادگاكان یاساییە؟ دەسەڵاتی دادوەری توانیوویەتی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان رەچاو بكات؟ دادگاكان سەربەخۆن یا بە سیاسیی كراون؟ سیستەمى دادوەرى پرۆفیشناڵانە كار دەكات یا لەژێر پرسیاردایە؟

بەدڵنیاییەوە سەروەری یاسا ئەگەر بخرێتە ژێر وردبینی یاسا نێودەوڵەتیەكان و بنەماكانی یاسادانان لەم هەرێمەدا، ئەوا سەروەری یاسا لە ژێر پرسیاردایە، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرجەم ئەو دەستوەردانە حیزبی و كەسیانەیە كە لە دادگاكاندا هەیە، كە سەرەنجا زیان بە ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەێنن.

ئەوەی جێی سەرنجە خودی ئەنجومەنی دادوەری و دادوەران لە هەرێمی كوردستان، بەشێكن لە دروستبونی ئەو پێشێلكاریانەی لە هەرێمی كوردستان ڕوودەدەن و هەڵوێستێكی جدیان نیە و قبوڵی ئەو پێشێلكاریانە دەكەن كە بەرامبەر دادگاكان دەكرێت. ئەگەر هەڵوێستی ڕاستەقینەیان هەبوایە، دوور لە دەستوەردانی حزب كارەكانیان بەڕێوەببردایە، لە كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكان لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی بەرچاویان دەبوو.

ئاخۆ ئەگەر یاسا سەروەر بووایە، پەرلەمان وەك دەسەڵاتى یاسادانان پەیوەست بووایە بەو یاسایانەى خۆى دەریكردوون، وەك ئێستا هەرێمەكەمان نەدەكەوتە بۆشایی یاساییەوەو بێ پەرلەمان نەدەبووین! ئەگەر پەرلەمان رێزى لەیاساكانى خۆى بگرتایە، هیچنا ئەو بەشەى پەیوەستە بەخۆیەوە كارى پێدەكرد، یاساى دەستورى كارا دەكردەوەو هەنگاوەكانى بۆ ئامادەكردنى دەستورێكى مەدەنى بۆ هەرێم دەست پێدەكرد، بەپێى خواستى خەڵك و لایەنە سیاسییەكان یاساى هەڵبژاردنى هەموار دەكردەوە، داهاتووى هەرێمى نەدەخستە بەر رەحمەتى بڕیارەكانى دادگەى ئیتیحادییەوە! یاساى دەستە سەربەخۆكانى جێبەجێدەكرد، نەك وەك ئێستا ئەم دەستە بەناو سەربەخۆیانە پەكبخرێن! ئەمانەو چەندان یاساى تر لەلایەن خودى پەرلەمانەوە پێشێلكراون. ئەگەر پەرلەمان بەپێی یاسا بە ئەركى چاودێریی خۆى هەڵبستایەو كەمتەرخەمى نەكردایە! دەسەڵاتى جێبەجێكردن نغرۆى پێشێلكاریی یاسایی نەدەبوویەوەو رێز بۆ یاساكان دەگەڕایەوە.

ئەگەر یاسای دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری كاری پێبكرابووایە، دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری كارا بوونایە، ئەوكاتە بە یاسا سنورێك بۆ گەندەلى دادەنرا و گەندەلكارانیش ئەسلەمێنەوە، ئەگەر یاسای ئەنجومەنی راژە جێبەجێبكرایە، هاوڵاتیان گلەییان لە پرۆسەی دامەزراندن نەدەبوو، ئەگەر یاسای دەستەى ژینگە كاری پێبكرایە، ژینگەی كوردستان ئاوا نەدەبوو بە زبڵدان، ئەگەر یاساكانی رۆژنامەنوسی و چاپەمەنی كاریان پێبكرایە، ئەم هەموو پێشێلكاریانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان و نوسەران رویان نەدەداو رۆژنامەنوسانیش زیاتر هەستیان بە لێپرسراویەتی دەكرد. ئەگەر یاسای نەوت و گازی هەرێم كاری پێبكرایە ئەوەندە مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی و گرێبەستەكانی بە ناشەفافى باسیان لێوە نەدەكراو گرفتى نەناردنى بودجەى هەرێم و موچەى فەرمانبەرانیش بەم ئاستە نەدەگەیشت. ئەگەر یاساى وەزارەتى دارایی و باج و دەرامەت و داهاتەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرابوونایە، نەدەكەوتینە ئەو قەیرانە داراییەى خەریكە سەرجەم كایەكانى هەرێمەكەمان لە گرێژەنە دەركات! ئەگەر یاسای سەرجەم وەزارەتەكان جێبەجێ‌ بكرانایە ئێستا ئەو هەڵایسانەی فەرمانبەران تیایاندا دروست نەدەبوو، بەتایبەت پلە باڵاكان. ئەگەر یاسای دەستەى مافی مرۆڤ جێبەجێ‌ بكرایە، ئەو پێشلكاریانە روویان نەدەداو لەلایەن رێكخراوە نێودەولەتیەكانیشەوە نەدەبووین بە بابەتى سەرەكییان، ئەگەر یاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرایە، ژنان ئەوەندە رەوشیان خراپ نەدەبوو وەك لە ئامارە فەرمییەكانی خودی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژیدا بەرچاو دەكەوێت، ئەگەر هەموارەكانی یاساكانی سزادان و باری كەسێتی عێراقی كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچوون وەك پێویست كاریان پێبكرایە، ئەو ناعەدالەتی و كێشەو گرفتانە بەم شێوە بەرچاوە نەدەبوون، ئەگەر یاسای بودجە هەبوایەو وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرایە، ئەو هەموو دەمەقاڵەو رەخنەو سەرنجانە رووبەڕووی حكومەت نەدەبوونەوە و هاوڵاتیانیش ئەوەندە گلەییان لە بەهەدەردانی نەدەبوو. ئەگەر دەستەی داواكاری گشتی بەیاسا كارى بكردایە و یاساكەى وەك خۆی جێبەجێبكردایە، ئەوكاتە پاسەوانێكی سەرسەخت و داكۆكیكەرێكی راستەقینەی بەرژەوەندییە گشتییەكان دەبوو و مافی هاوڵاتیان و حكومەتیشی دەپاراست. ئەگەر یاسای وەبەرهێنان وەك پێویست جێبەجێ‌ بكرایا ئەم هەموو زەوی و زارە بەناهەق تەخشان و پەخشان نەدەكران. ئەمانەو دەیان یاساى گرنگى تر، جێبەجێ نەكراون و جێبەجێ ناكرێن، پێشێلكراون و پێشێل دەكرێن.

ئەم نمونانە و چەندانی تر گەواهی ئەوەن كە سیستەمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان خاڵییە لە یاسا و دادپەروەری، ناكرێ تاوانباران و گەندەڵكاران لەشەقامەكان بەئازادی بسوڕێنەوە، بەڵام خەڵكی ڕووناكبیر و كارەكتەرە وشیارەكان لە بەر ترس و كوشتن سەری خۆیان هەڵبگرن.

ئەم دۆخەى دەگوزەرێت، لەڕووی نێودەوڵەتی كاریگەری نەرێنى دروست كردووە، بۆتە مایەى ئەوەى هەرێمى كوردستان متمانەی نێودەوڵەتی لەدەست بدات، ئاكامەكەی ئەوەیە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێكخراوە بیانییەكان كە دۆستى گەلى كوردستان بوون، ئەو سۆزەى هەیان بوو كاڵ بۆتەوەو لە پشتگیرى كردنى قەوارەكە ساردبوونەتەوە، ئەمەش دواجار زەرەرمەندى یەكەم تیایدا گەلى كوردستان دەبێت.

ئەوەتا گلەیی و گازاندەكان بە جۆرێكن، هەر بۆیە كاتێك ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانى مافی مرۆڤ بڵاودەكرێنەوە، هەمیشە دەستنیشانى ئەوە دەكەن كە بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندایە. ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەكان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەكی بوونەتەوە، بگرە هەندێكیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتباركراون، هەندێكیشیان لەم دوواییانەدا بەپێی یاساكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە سزادراون. تێبینی كراوە كەسانێك بەئامانج كراون بەهۆكاری پەیڕەوكرنی مافەكانیان لە رێپۆرتكردن، یان ڕەخنەگرتن لە هەڵس و كەوتەكانی دەسەڵاتە گشتییەكان.

راپۆرتەكان نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشەو تۆقاندن لە ڕەخنەگران، بگرە ئەم جۆرە ڕێكارانە كاریگەرییەكی ترسناكیشیان دەبێت بەسەر ئەوكەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حكومییەكان. ئەم ڕاپۆرتانە جێگای نیگەرانین، بەتایبەتیش هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنیەكان، دەستبژێركردن لە جێبەجێكردنی یاساكاندا، پابەندنەبوون بە رێكارە یاساییە پەیوەستەكان و پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی مافەكانی مرۆڤ.

كاتێك راپۆرتێكى لەم جۆرە بڵاودەكرێتەوە، حكومەتى هەرێم پێى قەڵس دەبێت، لە برى ئەوەى لە هەوڵى راستكردنەوەى كەموكوڕییەكانى و نەهێشتنى پێشێلكارییەكاندا بێت، بەپەلە وەڵامى راپۆرتەكان دەداتەوەو، گەلێ جار وەڵامەكان خاڵى نین لە تۆمەت بەخشینەوە، ئەوەتا بۆ ئەم مەبەستە حكومەت بەڕێوەبەرێتییەكى تایبەتى بە ناونیشانى (نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان) دروستكردووەو ئەم ئەركەى خستۆتە ئەستۆ!

دەتوانین لێرەدا هۆكارەكانى سەروەر نەبوونى یاسا لە هەرێمدا لە چەند خاڵێكدا كورت بكەینەوە، كە بریتین لە:

1-نەبونی دەستورێك كە دەسەڵاتەكانى تیادا جێگە بووبێتەوەو دەستنیشان كرابن.

2-جیانەكردنەوەى دەسەڵاتەكان لە یەكترى.

3-جیانەكردنەوەى دەسەڵاتى حزب لە حكومەت.

4-نەبوونى دادگای دەستوری كە چاودێری جێبەجێ كردنە.

5-سەربەخۆ نەبونی دادگاو دادوەرەكان.

6-سەربەخۆ نەبونی دەزگاى داواكاری گشتی.

7-سەربەخۆ نەبون و بێلایەن نەبونی هێزەكانى ناوخۆ (پۆلیس) كە ئەركى كۆنترۆڵى دادوەرى (چبگ القچائی) لە ئەستۆیە.

8-لاوازی دەسەلاتی یاسادانان كە پەرلەمانە، بەتایبەت لە رووی چاودێری دەسەڵاتى جێبەجێكردنەوە.

9-نەبونی شەفافیەت.

10-بوونی هێزی چەكداری حیزبی.

11-لاوازكردن و بێ رۆڵ كردن و تۆقاندن و سنورداركردنى دەسەڵاتى چوارەم.

هەموو ئەمانە كاریگەریی نەرێنیان بەسەر بارى دیموكراتی و رەوشی بەڕێوەچوونى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیانەوە هەیە، بەردەوامبوون لەسەریان ئەم قەوارەیە بەرەو هەڵدێری مێژوو دەبات. چونكە ئەم یاسایانە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوون و زەروورەتێك هەبووە بۆ دەركردنیان، لە هەریەكەیان هۆكارە پێویستیەكانی دەرچوونیان دەستنیشانكراون، تەنانەت هەندێكیان پرۆژەكانیان لەلایەن خودی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكراوەو ناردراونەتە پەرلەمان، ئاخۆ دەبێت هۆكاری جێبەجێ‌ نەكردنیان چی بێت و حكومەت چی بیانووێكی هەبێت بۆ جێبەجێنەكردنیان؟ جگە لەوەى یاساكانیش جێبەجێ ناكەن، كەچى حكومەت بە وەزارەتە جیاجیاكانیەوە هەركات و سەردەمێك رێنماییەك دەردەكات، گرنگیدانی بە رێنماییەكان زیاترە وەك لە یاساكان، لەكاتێكدا هەندێك لە رێنماییەكان پێچەوانەو هاودژن لەگەل یاساكاندا.

هەرێمى كوردستان ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر پێویستی بە چاكسازی ریشەییە، چەند گرنگە ئەو چاكسازییە لە كاروباری سیاسی، ئابوری، دارایی و كارگێڕیدا رەنگ بداتەوە، هیندەش چاكسازی لە كاروباری یاسایی و دادگاكاندا پێویستە.

بێگومان لە ئێستادا مەترسییە دەرەكییەكان بۆسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان كەم نین، هەڕەشەكانى وڵاتانى دەوروبەر (ئیران و توركیا) لەلایەك و گرژییەكان لەگەڵ ناوەند (عێراقی فیدراڵ!) لەلایەكى ترەوە، بەڵام مەترسییە ناوخۆییەكان كە لە بۆشایی سەروەرنەبونی یاسادا سەرچاوە دەگرێت، كاریگەرییان زۆر زیاترە، چونكە بێ متمانەیی هاوڵاتییان بە دامودەزگاكان دروست دەكات و ئومێد و ئیرادەى تاكى هاوڵاتى لەناوەوە هەرەس پێدەهێنێ‌، واى لێدەكات باوەڕى بەم دەسەڵاتە نەمێنێت، سەرەنجام واى لێدەكات لەكاتى پێویستدا خۆى بەخاوەنى نەزانێت و بەرگرى لێنەكات.

پێویستە لە هەرێم ژینگەیەك دروست بكرێت دەسەڵاتی یاسادانان شكۆى خۆى بۆ بگەڕێتەوە، حكومەت یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ بكات و یەكسانى بپارێزێت، دادوەرەكان كە بەناوی گەلەوە بڕیار دەدەن لە ژێر هیچ جۆرە فشارێكی سیاسی و سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتیدا نەبن. چونكە دیموكراسی ڕاستەقینە پەیوەستە بە سەروەریی یاساوە، چونكە ئەگەر هاوڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەست بە بەشداربوون نەكەن، داهاتووییەكى ناڕوون چاوەڕێى هەرێمى كوردستان دەكات.

هەر بۆیە بە هەرنرخێك بێت، پێویستیی هەنوكەیی و هەرەگرنگ بۆ هەرێمى كوردستان، هەنگاونانی جدییە بەرەو سەروەركردنی یاسا، كەدواجار سودی بۆ هەموولایەك دەبێت، هاوڵاتیان هەست بە بوونى خۆیان دەكەن و هەرێمەكەش لە مەترسی دەپارێزێت.

 

ئەنجام

1- پەرلەمانى كوردستان لە ماوەى (30) ساڵ تەمەنیدا دەبوایە (8) جار هەڵبژاردن بكات، بەڵام تەنها (5) هەڵبژاردنى كردووەو بەبەراورد لەگەڵ تەمەنى خۆیدا (3) خول لە دواوەیە.

2- پەرلەمانى كوردستان لەماوەى (5) خولدا (8) جار تەمەنى خۆى درێژ كردۆتەوە.

3- پەرلەمانى كوردستان لەماوەى (30) ساڵدا تەنها (406) یاساى دەركردووە، ئەمەش بەبەراورد لەگەل تەمەنى ژمارەیەكى كەمە. لەكاتێكدا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە ماوەى (17) ساڵدا (692) یاساى دەركردووە.

4- پەرلەمانى كوردستان لەماوەى (30) ساڵدا تەنها (13) یاساى بودجەى پەسەند كردووە، واتە (17) ساڵ حكومەتى هەرێم یاساى بودجەى نەبووە. خولى یەكەم (6) یاسا، خولى دووەم (3) یاسا، خولى سێیەم (4) یاسا، خولەكانى چوارەم و پێنجەم هیچ یاسایەكى بودجەیان دەرنەكردووە.

5- چالاكترین خولى پەرلەمان لە رووى یاسادانانەوە خولى (دووەم) بووە، و لاوازترین خول (پێنجەم)ە كە بەبەراوردى تەمەنى كەمترین یاساى دەركردووە.

6- سروشتى ئەو یاسایانەى پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون زۆرینەیان تایبەتن بە وەزارەت و دامەزراوەكانەوە.

7- لە كۆى ئەو یاسایانەى پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون كە (406) یاسایە، (136) یاسا هەڵوەشاونەتەوە یا كاتى بوون و لە ئێستادا كاریان پێناكرێت كە رێژەى (33.50%) لەخۆ دەگرێت.

8- لە كۆى ئەو یاسایانەى پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون، (20) یاسا بەهیچ شێویەك نەچوونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە و كاریان پێناكرێت كە رێژەى (4.92%) لەخۆ دەگرێت.

9- لە كۆى ئەو یاسایانەى پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون، (227) یاسایان ماددەیەك، یا چەند ماددەیەكیان پێشێلكراون، یا وەك پێویست جێبەجێنەكراون، كە رێژەى (55.92%) لەخۆ دەگرێت.

10- لە كۆى ئەو یاسایانەى پەرلەمانى كوردستان دەریكردوون تەنها (23) یاسا وەك خۆیان جێبەجێ كراون، كە رێژەى (5.66%) دەگرێت. سروشتى یاساكانیش تایبەتن بە بابەتى درێژكردنەوەى پەرلەمان و زیادكردنى ئەرك لەسەر هاوڵاتیان و فەرمانبەران و بابەتى ترى سادەو ساكار.

11- لە كۆى ئەو یاسایانەى بەركارن كە (270) یاسایە، تا ئێستا (227) یاسا پێشێلكراون.

12- كوالیتى یاساكانى پەرلەمان نزمەو وەك پێویست نین، هەر بۆیە پڕن لە كەلێنى یاسایی، لەبەر ئەوەشە زوو پرۆژەى هەمواریان پێشكەش دەكرێت.

13- لەبوارى جێبەجێكردندا، حكومەت ئەو یاسانەى لەبەرژەوەندى خۆی بووبێت جێبەجێى كردوون، یاساكانى تریش پێشێلكراون.

14- بەشێك لە یاساكانى پەرلەمانى كوردستان هەڵەى یاسادانەر (مشرع)یان تێدایە.

15- بەشێك لە یاساكانى پەرلەمانى كوردستان هەڵەى زمانەوانى و هەڵەى چاپیان تێدایە.

16- بەشێك لە یاساكانى پەرلەمانى كوردستان بە بڕیار و هەندێكیشیان بە رێنمایی پێشێلكراون.

17- پێشێلكاری زۆرینەى یاساكان دەكەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتى جێبەجێكردنەوە كە جێبەجێیان ناكات.

18- پێشێلكاریی بەشێك لە یاساكان لە ئەستۆى دەسەڵاتى دادوەریدایە كە وەك پێویست جێبەجێیان ناكات.

19- پەرلەمان كە دەسەڵاتى یاسادانانە، لەبرى ئەوەى لەپاڵ دەركردنى یاسادا چاودێر و پارێزەرى یاساكان بێت لەبوارى جێبەجێكردندا، كەچى خۆى بەشێكە لە هۆكارى جێبەجێنەكردنى یاساكان و خۆى پێشێلى كردوون.

20-پێشێلى سەروەریی یاسا لەهەرێمدا بۆتە مایەى لەكەدار بوون و زڕاندنى ناوبانگى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا.

21-پێشێلى سەروەریی یاسا بۆتە مایەى لەدەستدانى متمانەى دەسەڵاتى هەرێم لاى دۆست و هاوپەیمانەكانى و كەمبوونەوەى ئەو پاڵپشتییەى هەبوو.

22-جێبەجێنەكردن و پێَشێلى یاسا كاریگەریی نەرێنى دەبێت لەسەر سەرجەم لایەنەكانى هەرێمى كوردستان و بە مەترسییەكى گەورەش دادەنرێت لەسەر داهاتوو و چارەنوسی ئەزموونەكە.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...