سیاسیشرۆڤه‌

بۆ هەڵبژاردن ناکەن؟

چەندین ساڵە حزبەکان ئەو گلەییانە لە پارتی دەکەن، کە ئەمڕۆ خۆی دەیکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن کراوە و لایەنەکانیش هەر بەشداریان کردووە، کەچی ئێستا پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت دەکات!

 

بەشداری کردن و نەکردن مافی هەر حزب و تاکێکە، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و یەکێتیش جیاوازە، چونکە ئەو دوو هێزە ئەگەر بیانەوێ (بەداخەوە) دەتوانن  ڕێگری لە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری بکەن. ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن کارێکی نایاساییە، بەڵام دامودەزگا نیشتمانییەکانی هەرێم ئەو توانایەیان نییە، کە نەهێڵن ڕێگری بکرێت یان ئەو لایەنە سزا بدەن کە ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات.

بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و بە دەستوورەکەشیەوە پابەندە، کەواتە بە گەڕانەوە بۆ ئەو دەستوورە دامودەزگا فیدڕاڵییەکان بۆیان هەیە بە هەژموونی خۆیان ئەو ڕێگرییە نەهێڵن.

ئایا ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان باشە، کە دامەزراوەکانی فیدڕاڵی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن؟

بێگومان ئەوە بۆ ئاییندە و سەروەریی هەرێم باش نییە، بەڵام ئایا کێیە دەبێتە هۆکاری گرتنەبەری ڕێگایەکی لەو جۆرە؟

نامەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دیارە هەندێک لایەن فێربوونە دەستی چەوری خۆیان بە سمێڵی خەڵکی تر دەسڕنەوە، هەر وێستگەیەک یان هەر سیاسەتێکیان بەدڵ نەبێت لەژێر دروشمی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرەنگاری دەبنەوە و بابەتە سەرەکییەکەش هەر لەبیر دەبەنەوە!

دەزانین بڕیارەکانی ئەو دواییەی دادگای فیدڕاڵی لەبەرژەوەندیی پارتی نەبوون، بەڵام ئایا هەر یاسا و بڕیارێک ئەگەر لە بەرژەوەندیی پارتی نەبێت لە بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی کوردستانیش نییە؟

بێگومان نا، چونکە لەمەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمدا جگە لە پارتی لایەنەکانی تریش هەن، بۆیە دەبێت پارتی ئەو ڕاستییە بزانێت کە مەرج نییە هەموو کات بەرژەوەندیی ئەو بریتی بێت لە بەرژەوەندیی گشتی گەل، هەمان ئەو قسەیەم بۆ یەکێتی و لایەنەکانی تریش ڕاستە.

پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هێزی یەکەم بوو، دامودەزگاکانی هەرێمی لەبەردەستدا بوون و کاک مەسعوودیش وەک دێرینترین سەرکردە و هەشت ساڵیش سەرۆکی هەرێم کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو، واتە ئەو هێزەیان بەزیادەوە هەبوو کە پێش ئەوەی ماوەی پەرلەمان بەسەربچێت بە گفتوگۆیەکی نیشتمانیی لەگەڵ هێزەکانی تر لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕێکبکەون، کەچی بەداخەوە ئەو دەرفەتەیان لەدەستخۆدا و دواتریش دێن گلەیی ئەوە دەکەن کە لایەنەکانی تر پەنایا بۆ دادگای فیدڕاڵی بردووە!

هیچ نیشتمانپەروەرێک نییە خەفەت بۆ ئەو بارودۆخە نەخوات، کە بەنەزانی و خۆپەرستی دروستبووە. پارتی دەیتوانی ڕیشی هەرێم نەخرێتە دەست هیچ لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی لێیچاوەڕوان دەکرا نەیکرد! ئەمڕۆ پارتی دووپاتی کردەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات. خۆزگە ئەو هەواڵەمان نەدەبیست، چونکە بەدواخستنی هەڵبژاردن پڕۆسێسی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان نەک دەوەستێت، بەڵکو بۆ دواوەش دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەش بۆ دواوە ئەگەر و پێشهاتی مەترسیداری لێ دەخوێندرێنەوە.

ئاشکرایە ئێمە لەناو قەیرانێکی سیاسی گەورەداین، ئەگەر زوو ڕێگاچارەسەرەکانی ئەو قەیرانە دەستنیشان نەکەین و نیشتمانییانە بیرنەکەینەوە ئەوا بە ئاقارێکی خراپدا هەنگاو دەنێین. بەرپرسیاریەتییە مێژووییە گەورەکەش لە گەورەوە دەست پێدەکات، کەواتە ئەو لایەنەی خۆی پێ گەورەیە، پێویستە لەم قەیرانەدا پشوودرێژتربێت و بۆ چارەسەرکردنیش بەرپرسانە و باشتر بێتە پێشەوە. دەنا بێگومان بزووتنەوەی مێژوو لەسەر هیچ کەس و لایەنێک ناوەستێت.

ئارێز عەبدوڵا

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...