شرۆڤه‌كه‌لتوور

بەندەر فەیلی و کۆماری دیکتاتۆر

زیندان تیمایەکی دابڕاو نییە لە نێو بەرهەمەکانی «بەختیار عەلی»دا. لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا، جوگرافیای کارکردنی لە زیندانەوە دەگوازێتەوە بۆ پانتاییەکی فرەوانتر. دەکرێت «دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان» لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا، بەمانای «دنیای سیستەم و دەرەوەی سیستەم» شرۆڤە بکەین. بەو مانایەی، زۆرجار دەسەڵات جوگرافیای خۆی لە ڕێگەی سیستماتیککردنی دەرەوەی زیندانەوە درێژ دەکاتەوە.

 

ئەگەر بڕوانینە بەشێک لە بەرهەمەکانی نووسەر، دەتوانین وێنای ئەو هێڵە تەریبە بکەین کە لە نێوان زیندان و دەرەوەی زینداندا هەیە. بۆ نموونە: «جەمشید خان» لە زیندانەوە با لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ جوگرافیاییەکی فرەوانتر. شاری دێلاوار لە ڕۆمانی «هەورەکانی دانیال»دا ژیارێکە لەسەر زیندانییەک بونیاد دەنرێت. وەلێ نووسەر لە «ڕۆمانی بەندەر فەیلی»دا، ڕاستەوخۆ لە زیندانەوە دەست پێدەکات. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە، پانتایی ئەو زیندانەیە کۆی کۆمەڵگەی تێ دەخزێندرێت. بەو مانایەی دەسەڵات جوگرافیای خۆی دەگوازێتەوە بۆ سیستماتیککردنی کۆی ژیان. لێرەوە «دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان، دیلێتی و ئازادبوون» ئەو هێڵە تەریبەیە، کە بەندەر فەیلی ناتوانێت لە یەکدییان جودا بکاتەوە. ئەمەش هۆکارێکە بەدرێژایی تکێستەکە خوێنەر بەدوای ئەو پرسەدا پەلکێش بکات، کە  ئازادی مانای چییە؟

 

«دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان، دیلێتی و ئازادبوون» ئەو هێڵە تەریبەیە، کە بەندەر فەیلی ناتوانێت لە یەکدییان جودا بکاتەوە

 

ئەگەر قوڵترین پنتی ئەم ڕۆمانە دەستنیشان بکەین، دەبێت گوزارشت لەو پنتە ئۆنتۆلۆژییە بکەین؛ کە ژیانێک لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.

لێرەوە، خوێنەر بەر دووالیزمەی مەرگ و ژیان دەکەوێت. بەندەر فەیلی لە ژووری سێدارەدا و، لە دامێنێ تەرمی هەڵواسراوی «ئیسرا مەلەکشاهی»دا، وەک دواهەمین کوردی فەیلی دێتە بوون.

لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەندەر کۆتا خاڵی پنتی ژیان و مەرگە، ئەو لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.

«شۆپنهاوەر» ئەمەی “بە ویستی ژیان” ناوزەند کردووە.

پرسی ئۆنتۆلۆژیا لە ڕۆمانەکەدا،  پێچەوانەی پرسی ئۆنتۆلۆژیایە لە فەلسەفەی «سارتەر و هایدگەر»دا. چەمکی «کات و شوێن» ئەو دوو گوزارەیەیە، کە هیچ کات لە زەینی «بەندەر فەیلی»دا مانای نییە.

بەندەر فەیلی لە ژووری مەرگدا، مەحکوم دەکرێت بە ژیان، ژیانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر بەهاکانی داڕشتووەتەوە؛ وەلێ بەندەر بە فیترەت ناچێتە ناو هیچ سیستمێکەوە و ماشێنەکانی سیستەم ناتوانن لە پێکهاتەکەی جگە لە «بەندەر فەیلی» فۆڕمێکی دیکەی لێ دروست بکەن.

 

بەندەر فەیلی لە ژووری مەرگدا، مەحکوم دەکرێت بە ژیان، ژیانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر بەهاکانی داڕشتووەتەوە

 

نیتچە وتەیەکی هەیە دەڵێت: «لەناوەوەی هەموو پیاوێکدا منداڵێک هەیە، کە دەیەوێت یاری بکات.»

سیستەمی فاشیزم، دەیەوێت ئەو منداڵە پاکەی ناوەوەی بکوژن، کەچی بەندەر فەیلی بۆ هەمیشە؛ پارێزگاری لە منداڵە پاکەکەی ناوەوەی دەکات. ئەو تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی، بەدەم وەنەوزدانەوە وەک منداڵ دار و درەخت دەژمێرێت.

 

ئوستوورەی هەموو سیستەمێکی دیکتاتۆر لەسەر بنەمای دووانەیەک دامەزراوە؛ دووانەیەک مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەدا. باش و خراپ، تاوانبار و بێتاوان. لێرەوە؛ دنیا دابەش دەکات بەسەر ئەوانەی لەگەڵمانن و ئەوانەی دوژمنمانن.

بەندەر فەیلی « نە زیندانییە و نە ئازاد، نە تاوانبار و نە بێتاوان، نە لەبەرەی یاخیبووانە و نە لەبەرەی حکوومەت، نە لەبەرەی شەڕە و نە لەبەرەی خێر.»

لەبەر ئەوەی ئیسرا مەلەکشاهی پێی باشتربوو بمرێت وەک لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلادێکدا بکات، جەلادەکان دەیانەوێت بەندەر فەیلی  وەکو جەلادێک پەروەردە بکەن، تاوەکو ئەوەی ڕۆحی ئیسرا ئازار بچێژێت.

نووسەر، لەڕێگەی زیندانەوە، وێنای دنیای فاشیزم و منداڵ دەکێشێتەوە. زیندان بریتییە لە ستراکتۆری «سوبژێکتیڤاسیۆن» وەکوو دەزگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی مرۆڤ. لە ڕێگەی پڕۆسەی وەک یەک لێکردنەوەوە، پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە و مافی خۆنمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پڕۆسەی بەئەویدیکەکردنی سوژە لە ڕێگەی سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.

 

زیندان بریتییە لە ستراکتۆری «سوبژێکتیڤاسیۆن» وەکوو دەزگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی مرۆڤ

 

بە دەبڕینە فۆکۆییەکە: مرۆڤ لەم كاتەدا دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكی دەشكێنێ‌‌ و سەرلەنوێ بونیادی دەنێتەوە. دیسپلینی جەستەیی، ملكەچی و گوێڕایەڵی و ئامادەی قبوڵكردنی دیسپلینی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات. بەر لە سەردەمی مۆدێرن، سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتووانە.

واتە: دەسەڵاتی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكوو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنتڕۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتووان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچكردن و لارەملێی تاكەكان و فرەوانبوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستە گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەن، جوڵە و ڕێسا و یاسایان بۆ دروست بكرێت‌ و، کۆی کۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات. لێرەوە پانتایی زیندان بە درێژایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک نەک تەنیا بەندەر فەیلی، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگە هەست بە ئازادنەبوونیان و هەست بە خنکانیان دەکەن.

 

دەسەڵاتی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكوو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنتڕۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتووان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە

 

بەندەر فەیلی لەو ساتەوەی چاوی بە دنیا هەڵهێنانەوە، جگە لە ژووری  مەرگ شوێنێکی دیکەی نەبینیوە. بە دەستی جەلادێک گۆش دەکرێت، کە هەموو تەمەنی لە خنکاندنی دیلەکاندا بەسەربردووە. هەرچەندە سەید شەهابی خوزاعی بە دەستی خۆی پەروەدەی کردووە، وەلێ پێی دەڵێت: «تۆ تاکەکەسی لەم دنیایە، نە خێزانت هەیە، نە ماڵ، نە شارت هەیە، نە وڵات. بۆیە لەم زیندانە زیاتر شوێنێکی دیکەت نییە.» ناشوێن بۆ بەندەر فەیلی، ئەو گرفتە گەورەیە بوو، کە دەبووە هۆی ئەوەی لە دنیای دەرەوەی زیندانیشدا، هەست بەخنکان و دیلێتی بکات.

 

ڕەنگە دوای کتێبی  « کۆماری ترس»ی « کەنعان مەکییە»،  ڕۆمانی «بەندەر فەیلی» باشترین کتێب بێت، لەبارەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و فاشیزمی عەرەبییەوە بدوێت.

نووسەر لەڕێگەی سەربوردەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، مێژووی چارەگە سەدەیەک لە ترس و فەلاقەخانە و داپڵۆسینی کۆمەڵگەی عێراقی دەگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە پڕە لە تراژیدیا، شیکاری وردی مێژووە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی بۆ ترس و دڵەڕاوکێ و شپرزەبوونیان بە بەردەوامی، کە یارمەتیمان دەدات بە قووڵی لە مێژووی چارەگە سەدەیەک، لە ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆماری دیکتاتۆرییەتی عێراقی تێبگەین.

 

نووسەر لەڕێگەی سەربوردەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، مێژووی چارەگە سەدەیەک لە ترس و فەلاقەخانە و داپڵۆسینی کۆمەڵگەی عێراقی دەگێڕێتەوە

 

هەروەها ئارگۆمێنێتکی گرنگە، لەسەر دۆزی کوردە فەیلییەکانی عێراق، کە چۆن هەوڵی سڕینەوەی شوناس و ناسنامەیان دەدرێت، لە ڕێگەی داپڵۆسین و  قڕکردن و کوشتن و دوورخستنەوەیانەوە.

ئاراس سەعید

نووسه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...