سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی چییە؟

دەستپێک

ئۆپۆزیسیۆن بە مانای مودێرن بەرهەمی سیستەمی پارتایەتی ڕكابەرێتی لیبڕاڵ و پەرلەمانییە (النظم الحزبیة التنافسیة اللیبرالی- البرلمانی). ئەم سیستەمە لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگای ئەوروپی و سەرهەڵدانی بۆرژوازی هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە و ئەم فاكتەرانە ڕێگە خۆشكەربوونە بۆ فەراهەمبوونی دوخێكی بەرهەڵستكارانە لە ناو سیستەمی پەرلەمانیدا. سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی بەرانبەر بە سیاسەت و زیادەڕۆییەكانی حكوومەت دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی دەستوری لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەژدەیەم لە بەریتانیا، بەڵام توێژینەوە لە سەر ئۆپۆزیسیۆن دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە تایبەتیش لە لایەن زانای ئەمریكی ڕوبرت داڵ كە لە ساڵی 1966دا پەرتوكێكی بە ناوی (political oppositions in western democracies) بڵاو کردەوە.
وشەی opposition لە وشەی لاتینی (oppositio) هاتووە و بە مانای ڕووبەروو وەستان و لە بەرانبەر یەك وەستان دێت و بە مانای دوو شتی تەواو پێچەوانە و یان یەك دوو بلۆك یان لایەنی جیاواز و دژ بە یەكیش دێت. ئۆپۆزیسیۆن بریتییە لە 1. كۆمەڵە تاك و ڕێكخراوی سیاسی بەرهەڵستكاری حكوومەتی بەرقەرار 2. هەڵوێست وەرگرتن لە بەرانبەر بیر و بۆچوون و هەڵسوكەوتی یەكتر.

 

ئەركەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی:
١.پێشكەشكردنی بەرنامەی نوێ‌ لەبری بەرنامەكانی دەسەڵات.
٢. پەرلەمان ببێتە سەكۆیەكی داینامیكی لە پێناو گەیاندنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان، واتە پەرلەمان بكرێتە ناوبژیوان لەسەر ڕاستی و دروستی تێڕوانین و ڕا و بۆچوونی گشت لایەنە سیاسییەكان.
٣. گواستنەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئامرازێكی ڕێگر لەبەردەم تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتییان بە تایبەتیش چینی هەژار.
٤. كاركردن بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەكی تەوافوقی تا لەگەڵ پارتەكانی دەسەڵاتدار بەشداریی بكەن، بۆ بەشەرعیكردنی ئەو یاسایانەی كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.
٥. هەماهەنگی لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان بۆ فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان.
٦. كاركردن بۆ گواستنەوەی پەرلەمان بەرەو دەزگایەكی چاودێری بەهێز و یەكلاكەرەوە بۆ چاو خشاندن بە كارەكانی حكوومەت و دۆزینەوەی سەرپێچییەكان و كاركردن لەسەر كەمكردنەوەی دیاردەی گەندەڵی.
هەموو ئەمانە دەمانگەیێننە دوو شتی پڕ بایەخ:

یەكەم: زیادبوونی سەقامگیریی لە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
دووەم: زیادبوونی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە پڕۆسەی سیاسیدا بە شێوەیەك كە ئەگەر حكوومەت بەپێی پێویست نەتوانێت ڕۆڵی پۆزەتیڤی خۆی بگێڕێت ڕاوێژ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەكات تا لە بابەتە جەوهەری و چارەنووسسازەكان و كاری سیاسیدا هاریكاریی یەكتر بن.

ئەگەر سەیری ئەم چەند دێرەی سەرەوە بكەین دەبینین كە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا تا ڕادەیەك ئەركەكانی جێبەجێ كردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی ئوپۆزیسیۆنی دامەزراوەیی، كە ئەمەش بۆ چەند هوكارێك دەگەڕێتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا لە بەر چەند هۆكارێگ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی ڕەت دەكاتەوە:

یەكەم: تازەبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستاندا. واتە ئۆپۆزیسیۆن تا هەنووکەش بەو قەناعەتە نەگەیشتووە كە تەواوکەری دەسەڵاتی سیاسییە و تەنیا ئەركی بریتی نییە لە ڕەخنەگرتن و ڕەتكردنەوەی بڕیار و كارەكانی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵكو بەپێی ئەركەكانی ئۆپۆزیسیۆن (خاڵی پێنجەم) هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵات بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ چینی هەژار یەكێكیە لە ئەركەكانی ئۆپۆزیسیۆن، كەچی لە هەرێمی كوردستاندا تا هەنووكەش ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە جەخت لەسەر خاڵە جەوهەرییەكانی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بكاتەوە، بەڵكو هەوڵدەدات سەرلەبەری سیستەمی سیاسی سەر لەنوێ‌ بونیات بنێتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی باشە، بەڵام پڕۆسەیەكی درێژخایەنە و ناكرێت لە ماوەیەكی كورتدا ئەنجام بدرێت، چونكە ئەمە زیان بە سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت. لە هزری سیاسیدا هاتووە كە بوونی خراپترین حكوومەت لە نەبوونی باشترە.

دووەم: نەبوونی متمانەی سیاسی لە لایەن هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا، كە ئەم خاڵەش چەندین جار لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دووبارە كراوەتەوە لەگەڵ ئەمەشدا ئەمە نابێتە هۆكارێك بۆ ڕەتكردنەوەی گفتوگۆ. چونكە بۆ دۆزینەوەی متمانەی سیاسی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا میكانیزم و ڕێگەچارە هەن، وەك مكانیزمەكانی یاساکانی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتەكانی هەر دامەزراوە و كەسێكی دیار كردووە، یاخود بوونی دادگای ناوخۆیی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان. ئەمەو سەرەڕای بوونی چەندین ئامرازی تر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان و پەیدابوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا. چونكە ناكرێت بە بیانووی نەبوونی متمانە، سیستەمی سیاسی ئیفلیج بكرێت.

سێیەم: ئەم هۆكارە بۆ سایكولۆژیای ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی (بە تایبەتیش بزووتنەوەی گۆڕان) لە هەرێمی كوردستاندا دەگەڕێتەوە. ئۆپۆزیسیۆن (گۆڕان) پێشبینی ئەوەی نەكردبووە كە بتوانێت لە یەكەم هەڵبژاردندا 25 كورسی لە هەرێمی كوردستاندا بە دەست بهێنێت. ئەمەش ڕێژەیەكی چاوەڕوانكراو نەبوو بۆ هیچ كەس و لایەن و تەنانەت خودی ئۆپۆزیسیۆنیش. زۆربەی ئەم دەنگانە لە كەسە توڕەبووەكان لە دەسەڵات(angry votes) بوون و ئەمەو سەرەڕای سیحری ناوی (گۆڕان) كە خەڵك چاوەروانی ئەوەی دەكرێت گۆڕان ڕووبدات. ئەم ڕێژەیە وای لە ئۆپۆزیسیۆن كرد كە بە تین و گۆڕێكی بێ‌وێنە بێتە ناو كایەی سیاسی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ خوێندنەوەیەکی ورد و عەقڵانیانە بۆ بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان و داڕشتنی بەرنامە بە كارەكانیان. دواتر ئەم میراتە بۆ نەوەی نوێ گوازرایەوە و هەوڵدەدات هەمان ڕێچکەی یەکەم خولی ئۆپۆزیسیۆن بوون (٢٠٠٩-٢٠١٤) بگێڕێت.

چوارەم: سایكۆلۆژیای توندڕەوانەی بەشێك لە سەركردەكانی ئۆپۆزیسیۆن كە وەها هزر بکەن، ئەو پلە و پایەیەی كە بە شایانی خۆیان دەزانی پێنەگەیشتبن. ئەمەش وایكردووە كە ڕەتی هەر جۆرە دانوستاندنێك لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسییدا بكەن. چونكە پێیان وایە دەسەڵات مافی ئەوانی زەوتكردووە.

پێنجەم: بیركردنەوە بە عەقڵییەتی توندڕەوانە، واتە پێیوایە هەر شتێك كە لە لایەن دەسەڵاتەوە بێت خراپە یان شتێكی لە پشتەوەیە.

شەشەم: پشتبەستن بە شەقام: ئەگەرچی ڕەوایە و پێویستە كە هێزە سیاسییەكان پشت بە هێزی شەقام ببەستن، بەڵام پێویستە بزانین كە شەقام هەموو دەنگێكی تێدایە و و كۆكردنەوەی ئەم هەموو دەنگانە لەسەر شەقام كارێكی سەختە، بەڵكو بەپێی خاڵی دووەمی ئەركەكانی ئۆپۆزیسیۆن پێویستە پەرلەمان ببێتە ناوبژیوان لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەكاندا، ئەمەش لە پێناو سەقامگیركردنی سیستەمی سیاسی، چونكە فەلسەفەی دامەزراندنی پەرلەمان بریتی بووە لە گواستنەوەی ناكۆكییەكان لە ناو شەقام بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و چارەسەركردنیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە. لە ناو شەقامدا ئەگەری هەڵچوونی لایەنگرانی پارتە سیاسییەكان لە ئارادایە كە دەكرێت بەرەو توندوتیژی هەنگاو بنێت و بە ئاسانی چارەسەر نەكرێت و ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی كۆمەڵایەتی لە ناو كۆمەڵگادا و بۆشایی(فراغ) لە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگای لێبكەوێتەوە. بۆیە دەبینین كە ئۆپۆزیسیۆن بە هەموو شێوەیەك هەوڵیدەدا خەڵك لەسەر شەقامەكاندا بهێڵێتەوە.

حەفتەم: خێرابوونی ئۆپۆزیسیۆن بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بەهۆی ئەو ڕێژەی كە ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی كوردستاندا بەدەستی هێنا توانی ئامرازیكی گوشار بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی دروست بكات و لە ڕێگەی هاندانی لایەنگرەكانیەوە و خستنەڕووی كەموكوڕییەكانی حكوومەت هەوڵیدا مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزی خەڵك بكات و لە دژی دەسەڵات بیانجوڵێنێت و تا ڕادەیەكی باشیش لەم كارەدا سەركەوتوو بووە و لەم ڕێگەیەشەوە بتوانێت كۆنتڕۆڵی دەسەڵات بكات. بەڵام دەتوانین شرۆڤەی ئەم گوتارەی ئۆپۆزیسیۆن بكەینەوە بەوەی كە لە هیچ سیستەمێكی سیاسیدا حكوومەت بێكەموكوڕی نابێت بەتایبەتیش لەو سیستەمانەی كە ئۆپۆزیسیۆنیان نییە (كە لە حكوومەتەكانی ڕابردوودا ئۆپۆزیسیۆن بەشێك بووە لە حكوومەت واتە بەشدارە لە كەموكوڕییەكان)، بەڵام قسە لەسەر ڕادەی كەموكوڕییەكان و میكانیزمەكانی چارەسەركردنی دەكرێت.

هەشتەم: كێشەیەكی تری پارتی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان لەوەدایە كە دەسەڵاتی سیاسی و ڕێكخستن و شەرعیەت و عەقڵیەتەكەی بە هیی سەردەمی شاخ و شۆڕش دەزانێت، كەچی خۆی بە هەمان شێوە مامەڵە دەكات، بو نموونە سەركردە سەرەكییەكانی ئەم پارتە هەمان هاوڕێیەكانی سەردەمی شاخ و تەنانەت سەردەمی حكوومەتی پارتە دەسەڵاتدارەكانن. لە ڕووی ڕێكخستنەوە، ئەگەر سەیری پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە جاران و ئێستادا بكەین بە هەمان شێوەی پارتەكانی تری هەرێمی كوردستان ڕێكخستنی ئەندامان ئەنجام دەدرێت و تەنیا ناوی یەكەكانی ڕێكخستن، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە هەمان شێوەی پارتەكانی تری هەرێمی كوردستان ئەندامگیری دەكەن واتە بڕوایان بە زۆری و بۆری ئەندام هەیە كە گشت ئەم ئەندامانە پێویستیان بە ڕێكخستن و شوێنی كۆبوونەوە و ئەنجامدانی كاری حزبایەتی هەیە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە چەمكێكی نوێ بۆ پارتە سیاسییەكان سەری هەڵداوە كە بە پارتە هەمەگیرەکان (CATCH ALL- PARTY) ناودەبردرێن، واتە ئەو پارتانە كە كەمتر پشت بە ئەندامگیری بەرفرەوان دەبەستن و هەوڵدەدەن بەرنامەیەكی وەها دابڕێژن لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن بەبێ‌ بوونی زۆرترین ئەندام، كە كاریگەریی لەسەر دارایی پارتی سیاسی دادەنێت.

پوختە:
١. بوونی ئوپۆزیسیۆن بۆ سیستەمی دیموكراسی پێویستە و لە بنەماكانی بوونی دیموكراسیەت هەژما دەكرێت.
٢. بوونی ئۆپۆزیسیۆن واتە بوونی سیستەمی فرە پارتی و كاری پەرلەمانی و ئەنجامدانی كاری بەرهەڵستكارانە لە چوارچێوەی شەرعیەتی پەرلەماندا.
٣. نابێت ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو كاتێكدا دژایەتی كار و بەرنامەكانی حكوومەت و لیستی زۆرینەی پەرلەمان بكات، چونكە مسداقیەت و شەرعییەتی خۆی لە دەست دەدات.

 

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...