سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

کۆشکی سپی: ترەمپ پێنج داواکاری لە ئەحمەد شەرع کرد

گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێنج داواکاری ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا کردووە، لەناویاندا واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسڕائیل و شەرعیش بانگێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کردووە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی سووریا.

 

ڕاگەیەندراوەکەی کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەم ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥ لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و محمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بەسترا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیایش لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی:

 

ئەمڕۆ، سەرۆک ترەمپ، لەسەر بانگێشتی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان، چاوی کەوت بە سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع. سەرۆکی تورکیا، ئەردۆغان، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری کرد. سەرۆک ئەردۆغان ستایشی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ کارکردنی شانبەشانی عەرەبستانی سعودیە بۆ هاندانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سووریا. شازادەی جێنشینیش ستایشی بڕیارەکەی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان و بە بڕیارێکی ئازایانەی وەسف کرد. سەرۆک ترەمپ سوپاسی سەرۆک ئەردۆغان و شازادەی جێنشینی کرد بۆ هاوڕێیەتییان، و بە سەرۆک شەرعی گوت کە دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی کارێکی مێژوویی لە وڵاتەکەیدا. سەرۆک ترەمپ هانی سەرۆک شەرعی دا کە کارێکی باش بۆ گەلی سووریا بکات، و داوای لێکرد کە:

  1. واژۆ لەسەر ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
  2. بە هەموو تیرۆریستە بیانییەکان ڕابگەیەنێت کە سووریا بەجێبهێڵن.
  3. تیرۆریستە فەڵەستینییەکان دیپۆرت بکاتەوە.
  4. یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدات بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
  5. بەرپرسیارێتی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆ بگرێت.

سەرۆک شەرع سوپاسی سەرۆک ترەمپ، شازادەی جێنشین و سەرۆک ئەردۆغانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیەدا، و دانی نا بەو دەرفەتە گرنگەی کە بەهۆی دەرچوونی ئێرانییەکان لە سووریاوە هاتووەتە ئاراوە، هەروەها ئاماژەی بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سووریا کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی چەکی کیمیاییدا.

سەرۆک شەرع پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٤ کە تایبەتە بە بەریەکنەکەوتنی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل دووپاتکردەوە. سەرۆک شەرع لە کۆتاییدا هیوای خواست کە سووریا وەک ئەلقەیەکی پێوەندیی سەرەکی خزمەت بکات لە ئاسانکاری بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، و داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی سووریادا بکەن.

 

هەروەها باسی جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیا و جەنگی غەززە کرا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button